ههرێم نیوز
پرۆفیسۆر دكتۆر عهلی قهرهداغی، ئهمینداری گشتی یهكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان نامهیهكی پپرۆزبایی ئاراستهی جۆ بایدن، سهرۆكی تازه ههڵبژێردراوی ئهمهریكا كردوهو تێیدا به چهند ئایهتێكی ئینجیل و قورئان ئامۆژگاری دهكات چوارساڵی سهرۆكایهتی بكاته وێستگهی ئاشتی و پێكهوهژیانی مرۆڤایهتی
دهقی نامهكه
بەڕێز جەنابی سەرۆك Joe Biden سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا
سڵاوێكی گەرم،
پاشان خۆشحاڵم پیرۆزباییتان لێبكەم كە متمانەی گەلی ئەمەریكاتان بەدەستهێنا، هەروەها لەسەر ئەو گوتارەت كە كۆمەڵێ پرەنسیپی گرنگی لەخۆگرتبوو، وەك رەتكردنەوەی رەگەزپەرستیی و جیاكاری نەژادیی، ئومێدەوارم سەركەوتوو بیت لە گێڕانەوەی بەها رەوشتیی و مرۆییەكان بۆ پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتان و گەلان.
جەنابی سەرۆك: باوەڕم وایە -وەك زانایەك لە زانایانی موسڵمان- بە ئەركی سەرشانی خۆمی دەزانم ئەو فەرموودە پیرۆزە كە بەڕێزتان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنتدا دەربارەی میكانیزمی گۆڕینی خراپەكاریی وەك بەڵگەیەك هێناتانەوە، بیری بەڕێزتانی بخەمەوە، لەبەرئەوە داوا لە جەنابتان دەكەم ئەمانەی خوارەوە بە هەند بگیرێن:
1- هەموو هەوڵ و توانایەك بخرێتەگەڕ و پشك و بەشداری گەورەتان هەبێت لە نەهێشتنی ستەم لەسەر مرۆڤایەتی، بۆ دەستەبەركردنی دادگەریی و ئازادیی و رێز و كەرامەت و مافەكانی مرۆڤ.
چونكە ئەركی سەرشانی سیاسییەكان و زانایانی ئاینی ئەوەیە كۆشش بكەن بۆ نەهێشتنی ستەم، بۆ بەدەستەبەركردنی ئازادیی و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو نەداران و چەوساوەكان، ئەوەش وەك ئەركێك بۆ گۆڕینی خراپە كە هەموو پەیامە ئاسمانییەكان لەو پێناوەدا هاتوون، چونكە ئێمەی مرۆڤ لە ئەمڕۆدا زۆر پێویستمان بە هاوپەیمانییەكی مرۆیی هاوشێوەی (پەیمانی فوزوڵ) هەیە كە پێغەمبەر موحەممەد (صلی الله علیە وسلم) بەشداریكردووە تیایدا.
2- بە هاناوە چوونی نەخۆشە هەژارەكان -بەهۆی بەڵای كۆرۆنا و هیتریشەوە-، فەرامۆش نەكردن و پشتگوێ نەخستنیان لەوەی بڕۆن بەرەو چارەنووسی سەختیان، بەڵكو ئەركی سەرشانی هەمووانە پێكوتەو دەرمانی پێویست بەبێ جیاوازی بۆ هەمووان فەراهەم بكرێ، چونكە لە ئینجیلی متی 25: (35: 40) دا هاتووە دەڵێ: ئەوانەی بەزەییان بە هەژاران و نەخۆشان و نەداراندا دێتەوە، لە واقیعدا خزمەت بەو دەكەن -واتە بە پەروەردگار-، (لە سیفری أمپال 21: 13) هاتووە دەڵێ: هەركەس گوێكانی لە ئاست قیژەو ئاهوناڵەی هەژاران دابخات ئەوا ئەویش دەكەوێتە ئاهوناڵەوەو كەس نایەت بەدەمیەوە) -واتە لەلایەن خوای گەورەوە وەڵامی نادرێتەوە-.
ئیسلامیش جەختدەكات لەسەر هاوكاریی و دەستەبەركردنی بژێوی یەكتری، لەسەر رەچاوكردنی مافی هەژاران و نەداران، ئەوەش لە دەیان ئایەت و فەرموودەدا هاتووە، ئەمەش بە ئاستێكە كە هەمووان بەرپرس دەبن ئەگەر بێتو هەژارێك بەهۆی برسێتی لە وڵاتێكدا بمرێ، لە سورەتی (اڵانسان ئایەتەكانی: 8-12) دەفەرموون: (وَيطۡعمونَ ٱلطَّعامَ علىٰ حبهِۦ مسكينا ويتيما وَأَسيرًا إِنما نطۡعمكم لوجه ٱللهِ لا نرِيدُ منكمۡ جزَآء وَلا شكورًا ، إِنّا نخافُ من رَّبنا يوۡما عبوسا قمطرِيرا ، فوَقاهمُ ٱللهُ شرَّ ذَٰلكَ اليوم وَلقاهمۡ نضرة وَسرُورا ، وَجزَهم بما صبرُواْ جنة وَحرِيرا) .. ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو ئەوانەی چاكە دەكەن لەگەڵ هەژاران و بێباوكان و لانەوازان ئەوا خوای گەورە دەیانپارێزێت، بەرەكەت دەخاتە كاریان و دەیانخاتە بەهەشت.
3- لەلایەن هەموولایەكەوە هەوڵی جیددی بدرێ بۆ نەهێشتنی تۆقاندنی خەڵكانی بێزیان و ئاشتیخواز، ئیتر لە رژێمە ستەماكارەكان یان داگیركاران یان گروپە توندڕەوەكانەوە بێت لە ناوەوەو دەرەوە، ئەوەش بە قەلاچۆكردنی هەموو هۆكارەكانی، بەرەنگاربوونەوەی بە هزری میانڕەو لە رێگای بەها ئاینییەكان و ئەو پرەنسیپە هاوبەشانەوە كە جەخت لەوە دەكەن هەمووان یەك نەژادیان هەیە.
4- رێزگرتن لە هەموو ئاینە ئاسمانییەكان، بەكەم سەیرنەكردنی هیچ ئاینێك، نەهێشتنی ترس لە ئیسلام كە درێژكراوەی راستەقینەی هەموو ئاینە ئاسمانییەكانە، ئاینی بەزەیی و چاكەكارییە، بەجۆرێ كە قورئانی پیرۆز بە (بسم الله الرحمن الرحیم) دەستپێدەكات، خوای گەورەش پەیامی موحەممەدی (صلی الله علیە وسلم) كورتكردووەتەوە لە ئایەتی (وَمآ أَرۡسلناٰكَ إِلا رَحمة للعاٰلمينَ) سورة الأنبياء: 107 107 ، یەكەمین ئایەتی قورئانیش فەرماندەكات بە خوێندنەوەیەكی هێمنی ئامانجداری گشتگیر بۆ مرۆڤ و بونەوەر و پەڕاوەكان، ئەوەش دەبێت لەسایەی پەروەردگارێتی و بەزەییدا بێت تا زانست غەڕرا نەبێت و ستەم نەكات، خوای گەورە دەفەرموێ: (إقرَأۡ باسمِۡ رَبّكَ ٱلذِي خلق) سورة العلق: 1 ، هەروەها فەرمانیداوە بە خوێندنەوەو لێكۆڵینەوە لەسایەی كەرامەتی مرۆڤدا، خوای باڵادەست دەفەرموێ: (ٱقرَأۡ وَرَبكَ ٱلأَكرَمُ) سورة العلق: 3 واتە بۆ مرۆڤ.
لەبەرئەوە ئومێدەوارین هەوڵ بەخەرجبدرێ بۆ خوێندنەوەو لێكۆڵینەوە لەم ئاینە، ئەوەش بەپێی راستییەكانی و بەپێی فیقهی میزان، تا ئاشتەوایی جیهانیی و پێكەوەژیان و ئەمینی و ئارامیی بەرقەرار ببێ.
من پێم سەیرەو جێگای سەرسوڕمانە كە ئیسلام وەسفبكرێ بە تیرۆریست، لە كاتێكدا ناوەكەی لە وشەی ئاشتی –السلم-)وە هەڵگۆزراوە، داوا لە هموو خەڵكی دەكات بچنەناوی، پەروەردگار دەفەرموێ: (يآٰأَيها ٱلذِينَ ءَامنواْ ٱدخلواْ في ٱلسلمِ كآفة وَلا تتبعواْ خطُوَٰتِ ٱلشيطَنِۚ إِنهُۥ لكمۡ عدُوّ مبين) سورة البقرة: 208 .
ناوەكەی تریشی بریتییە لە (ئیمان -الإیمان-) كە لە ئەمینیی و ئەمانەوە وەرگیراوە، موسڵمانیش كاتێك نوێژەكەی كۆتایی پێدێنێ سڵاو لەو كەسانە دەكات كە لەلای راست و چەپیەوەن تا ئاشتی و سەلامەتیان بەدوور لە هەر ئازاردانێ پێببەخشێ.
جەنابی سەرۆك:
من و زۆرێكی زۆر لە خەڵكی ئومێدمان هەیە و لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە دادگەریی و ئەمن و ئاسایش و ئارامیی سەراپای جیهان بگرێتەوە، سەركەوتووتان بكات بۆ دەستەبەركردنی دادپەوروەریی و هاوكاریی بونیاتنەر لەگەڵ ئەوانەدا كە چاكەیان بۆ مرۆڤایەتی دەوێ، بۆئەوەی ئاشتی و ئاشتەوایی دادپەروەرانە و خۆشگوزەرانیی سەراپای جیهان بگرێتەوە.
والسلام علیكم ورحمە الله وبركاته
پێشكەشكاری نامە
پ. د. عەلی محیەدین قەرەداغی
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان