هه‌رێم نیوز
بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشوی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت" ئێران چەند سندوقە فیشەکێکی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی داعش ناردووە"
زێباری له نوسینێكدا له په‌یجی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك سه‌باره‌ت به‌و فیلمه‌ی كه له رۆژانی ڕابوردو له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئێرانه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه "ئەو بابەتانەی بە فیلم و بەیاننامە لەسەر ئەو بابەتە لێرەو لەوێ بڵاودەبنەوە تەنیا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیە و لە حەقیقەتدا هیچ شوێنێکیان نابێت"
له‌و فیلمه‌ی كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئێران قاسمی سوله‌یمانی به فریادڕه‌سی حكومه‌تی هه‌رێم له به‌رامبه‌ر په‌لاماری داعش بۆسه‌ر ناوچه نزیكه‌كانی هه‌ولێر له قه‌ڵه‌مداوه‌و ڕۆڵی هاوپه‌یمانان و سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ی هاوكاری پێشمه‌رگه بون ڕه‌تده‌كاته‌وه.
زێباریش ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو، كه "هاوپەیمانان ملیۆنان ئەوەندەی ئێران هاوکاری پێشمەرگەیان کردوە و هیچ رۆژێک باسی ناکەن"
ده‌قی نوسینه‌كه‌ی بابه‌كر زێباری
ئێران چەند سندوقە فیشەکێکی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی داعش ناردووە، ماڵیان ئاوابێت ، بەڵام ناکرێ ئەو چەند سندوقە فیشەکە هەموو رۆژ بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی باس بکەنەوە ، بەرامبەر بەوە هاوپەیمانان ملیۆنان ئەوەندە هاوکاری پێشمەرگەیان کردووە و هیچ رۆژێک باسی ناکەن.
هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەراورد بە چەند سندوقە فیشەکێک ناکرێ ، لەگەڵ ئەوەش یەکجاریش هاوپەیمانان ئەوەی بە منەت بەسەر پێشمەرگە و خەڵکی کوردستاندا نەفرۆشتووەتەوە ، لەبەرئەوە ناکرێ بەو هاوکاریکردنێکی وەها بە چەند سندوقە فیشەکێک مێژوو بشێوێنرێت و چەواشەی ڕای گشتی بکرێت ، چونکە ئەوە روونە کە بەبێ شەڕی مەیدانی پێشمەرگە هیچ هێزێک نەیدەتوانی بەر لە فراوانخوازی داعش بگرێت لە ناوچەکە کە ئەگەر ڕێگری لێنەکرایە بەشێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەکو عێراق و سووریا دەکەوتە مەترسیەوە.
ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە لە شەڕی داعش بە فیلم و قسەی بێ بنەما ناشرین نابێت، چونکە جیهان شایەدی ئەو مێژویە یە کە هێزی پێشمەرگە بە نەخشە و ڕابەرایەتیکردنی مەیدانی سەرۆک بارزانی ئەفسانەی داعشی تێکشکاند ، ئەو بابەتانەی بە فیلم و بەیاننامە لەسەر ئەو بابەتە لێرەو لەوێ بڵاودەبنەوە تەنیا بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیە و لە حەقیقەدا هیچ شوێنێکیان نابێت.