دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22/01/2021

ئارام جەمال ئەم سیستمە تازەیە دەرگا لەبەردەم كاندیدانی سەربەخۆدا دەكاتەوە

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و یاسای نوێی هەڵبژارد كەئێستا لەنیوناوەندەسیاسی و میدیاییەكاندا گقتوگۆی زۆری لەبارەوەدەكرێت 
هەرێم نیوز ئەم دیدارەتایبەتەی سازداوە لەگەڵ ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن KIE
هەرێم نیوز: سیستمی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەگەڵ سیستمی هەڵبژاردنی رابوردودا جیاوازی چییە؟
ئارام جەمال: من لێرەدا چەند جیاوازییەکی نێوان ئەو دوو سیستمی هەڵبژاردنەی کۆن و تازە دەخەمەڕوو:
یەكەم: جیاوازی گەورە رویدابێت ئەوەیە لیست نەماو پاڵێوراوی تاکەکەس جێگەی گرتۆتەوە، واتە ئەوە نەما حزیەكان بە ئەندازەی ژمارەی كورسییەكانی بازنەی پارێزگاكه پاڵێوراوو كاندیدیان هەبێت‌و دەنگیان پێكۆبكەنەوەو تەنها پشت بە سەرۆكی لیستەكە ببەستن‌و دواتریش دەنگەكانی سەرۆكی لیست‌و هەندێك لەوانی تر بگوێزرێنەوە بۆ كاندیدەكانی ترو لە ئاكامدا هەندێك لە پاڵێوراوو كاندیدەكانی ناو لیست بە دەنگێكی كەم كورسی پەرلەمان ببەنەوە، بەڵكو

لەم سیستمە تازەیەدا پاڵێوراو لە سەنتەری گەمەكەدایە

و هەر پاڵێوراوێكیش چەندێك دەنگی زۆریشی بەدەستهێنابێت ئەگەر كشایەوەو نەچووە پەرلەمان ئەوا مەرج نییە كورسییەكەی بەر كاندیدێكی هەمان لایەن بکەوێت بەڵكو كورسییەكەی بەر كاندیدی بەهێزترین دۆڕاوی ئەو بازنەیە دەکەوێت، كە رەنگە لە دەرەوەی ئەو لایەنە نەبێت كە كاندیدە براوەكەی كشاوەتەوە.
دووەم: جیاوازییەكی تر ئەوەیە سیستمی هەڵبژاردنی تازە ژمارەی بازنەكان زیاد دەكات‌و قەبارەی بازنەكان (ژمارەی کورسی/ نوێنەر) بچووكدەكاتەوە، واتە ئەگەر لە رابوردودا سنوری كارگێڕی پارێزگایەك بازنەیەك بووبێت، ئەوا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو پارێزگایە دابەش دەبێت بەسەر چەند بازنەیەكی بچووكدا.
سێهەم: جیاوازییەكی تر ئەوەیە

لە دیزاینی كارتی دەنگدانی سیستمی هەڵبژاردنی تازەدا كاندیدو پاڵێوراو بە ئەساس وەردەگیرێت نەک ناوو لۆگۆی حزب
، واتە مەرجە دەنگدەر لەسەر كارتی دەنگدانەكە هێما بۆ پاڵێوراوێک بكات نەك بۆ حزبی سیاسی،

بە پێچەوانەی سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی/ لیستی نیمچەكراوە، كە دەبوو دەنگدەر دەنگ بە حزب‌و قەوارە سیاسییەكە بدات ئەوسا ئازادە بە كاندیدی بدات، ئەگەرنا دەنگەكەی پووچەڵ دەبۆوە.
چوارەم: سیستمی هەڵبژاردنی تازە رێگە لەبەردەم كاندیدی سەربەخۆدا خۆشدەكات بەوەی بەشداری لە كێبڕكێی هەڵبژاردندا بكات‌و ئەگەری دەرچوونیش گەورە دەكات، بە پێچەوانەی سیستمی هەڵبژاردنی رابوردو، كە رێگەی دەدا بەوەی كاندیدی تاكەكەسی هەبێت لە ژێر ناوی (لیستی تاكەكەس) بەڵام رێگەخۆشكەر نەبوو بەوەی كاندیدی سەربەخۆ دەربچێت، چونكە تاكەكەس ناتوانێت كێبڕكێ لەگەڵ لیستدا بكات.
پێنجەم: لەم سیستمە تازەیەدا حزب لە رێگەی پاڵێوراوەوە بەشداری لە كێبڕكێی هەڵبژاردنەكەدا دەكات بە پێچەوانەی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی كە پاڵێوراو لە رێگەی حزبەوە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا دەكرد.

هەرێم نیوز: لەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیەدا بە زۆری لایەنی براوە كێ دەبێت، بە واتایەكی تر مەرجی بردنەوەی كورسی چۆن دەبێت؟
ئارام جەمال: وەك ئاماژەم پێدا، لەم سیستمەدا كاندید لە سەنتەردایە نەك حزب، هەربۆیە ئەو پاڵێوراوەو دواتر ئەو لایەنە كورسی زۆری براوەی دەبێت كە بە پلەی سەرەكی كاندیدی بەهێزو دڵخوازی دەنگدەرانی بازنەی هەڵبژاردنەكەی هەیە، جگەلەوەی ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە رێگە لەوە دەگرێت لایەنێكی بەشدار بە ئەندازەی ژمارەی كورسییەكانی بازنەیەكی هەڵبژاردن كاندیدی هەبێت چونكە لەو كاتەدا دەنگەكان بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەبێت‌و ئەگەری بردنەوەی كورسییەكانی لەو بازنەیەدا زۆر كەمدەبێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بازنەیەكی هەڵبژاردن لە پێنج كورسی پێكبێت لەو كاتەدا لایەنێك زۆر بەهێزیش بێت ناتوانێت لەوپەڕی حاڵەتدا لە سێ كاندید زیاتری لەو بازنەیەدا هەبێت ئەگەرنا زەرەر دەكات. دیارە دەستخستنی كاندیدی بەهێزیش حزبەكان ناچاردەكات بەوەی لە دەرەوەی خۆیان كاندیدیان هەبێت بۆ ئەوەی كورسی ببەنەوە چونكە حزبەكان بە گشتی لە دۆخێكی وەها خراپدان ئەو كاندیدەی لەلایەن سەركردایەتی حزبەوە دیاری بكرێت دەنگی كەمدەهێنێت‌و ناتوانێت ببێتە جێگەی متمانەی ئەندامان‌و لایەنگرانی حزبەكە خۆی چ جای دەنگدەرانی دەرەوەی حزب، ئەمەش سەردەكێشێت بۆ ئەوەی كە حزبە تەقلیدییەكان پێداچوونەوەو نەشتەرگەریی لە جەستەی نەخۆشی خۆیاندا بكەن‌و ژینكەی دیموكراسی لەناو حزبدا پێشبخەن بۆ ئەوەی بمێننەوە. بە واتایەكی تر ئەم سیستمی هەڵبژاردنە لە مەودای مامناوەندو دوردا كۆتایی بەو كەلتورە دەهێنێت كە هەرمەكتەبێكی سیاسی دوو سێ كەسی خۆی لەسەر بنەمای وەلائی كوێرانەو مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت كانید بكات‌و ئێشیان بۆ بدۆزێتەوە تا لەو رێیەوە پێگەی خۆی لەناو دامەزراوە هەڵبژێردراوەكان‌و ناوخۆی حزبیشدا بە بەهێزی بهێڵێتەوە.
هەرێم نیوز: ترسێك هەیە ئەم سیستمی فرە بازنەییە زیان بەپێگەی كورد دەگەیەنێت لە ناوچە جێناكۆكەكان؟
ئارام جەمال: یەكێك لەو ئالنگارییانەی لەبەردەم پیادەكردنی ئەم سیستمی هەڵبژاردنەدایە پرسی ساختەكارییە لە كێشانی سنوری بازنەكانی هەڵبژاردندا، كە لە ئەدەبیاتی هەڵبژاردندا بە دیاردەی (جێریماندەر Gerrymander) ناسراوەو ئەمەش زیاتر لەلایەن حزبە دەسترۆیشتووە دەسەڵاتدارەكانەوە ئەنجامدەدرێت بۆئەوەی كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دابنێن. دیارە ئەم پرسە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هەستیارترەو پێویستە لەوێدا كێشانی سنوری بازنەكانی هەڵبژاردن‌و دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكانی هەر بازنەیەك بە شێوەیەكی زۆر بێلایەنانەو دادپەروەرانەو دوور لە لایەنگری بۆ هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی‌و ئایینی‌و ئایینزا ئەنجامبدرێت بەجۆرێك كە هەموو پێكهاتەكان رەزامەندییان لەسەری هەبێت‌و هەست بە غەدرو پەراوێزخستن‌و پەرشوبڵاوەپێكردنی دەنگەكانیان نەكەن لەپێناو بەرژەوەندی پێكهاتەیەكی دیاریكراو.
بەو پێیەی ئەم سیستمی هەڵبژاردنە كاندید بە بنەما وەردەگرێت‌و

دەنگەكانی كاندیدەكان لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا ناگوێزرێنەوە، لەبەرئەوە بردنەوەی كورسی ئەوە لە لایەنەكانی هەر پێكهاتەیەك دەخوازێت رێككەوتن بكەن لەسەر دیاریكردنی چەند كاندیدێكی بەهێز لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردنی ناوچە جێناكۆكەكاندا بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان لێیدەرچن

، ئەمە بۆ كوردیش راستەو بۆ عەرەب‌و توركمانیش راستە. بەڵام ئەم رێككەوتنەش هەموو شتێك مسۆگەرناكات ئەگەرهێزو لایەنە سیاسییەكانی پێكهاتەیەك نەتوانن دەنگدەرانیان ئاڕاستەی ئەو كاندیدانە بكەن كە لەسەری رێكەوتوون، ئەوە بوونی كاندیدە سەربەخۆكانیش لەولاوە بوەستێت كە ناچنە ژێر كۆدەنگی هێزە سیاسییەكانەوە.لە دیاریکردنی کاندیدەکان.
هەرێم نیوز: كاریگەری ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە چی دەبێت لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و دۆخی سیاسی هەرێم؟ 
ئارام جەمال:
یەكێك لە كاریگەرییە باش‌و ئەرێنییەكانی پیادەكردنی ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە لەسەر ئاستی عێراق ئەوە دەبێت كە بتوانرێت لە داهاتوودا ئاسانتر هەرێمی كوردستانیش بەرەو سیستمی فرە بازنەیی‌و بەجێهێشتنی سیستمی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی ببرێت
، بە بەڵگەی ئەوەی هەر كاتێك گۆڕانكارییەك لەناو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی دنوێنەرانی عێراقدا كرابێت بە چەند ساڵێك هەرێمیش لاساییكردۆتەوەو لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جێی كردۆتەوە، لە نموونەی گۆڕینی لیستی داخراو بۆ لیستی نیمچەكراوە یان چەسپاندنی رێژەیەك بۆ كۆتای ژنان یان تەرخانكردنی ژمارەیەك كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەییەكان... هتد.
هەرێم نیوز: كاریگەری ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە چی دەبێت لەسەر پێگەو قورسایی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان؟
ئارام جەمال: دەتوانم بڵێم پیادەكردنی

ئەم سیستمە سەرئێشەیەكی زۆر بۆ هەموو حزبە سیاسییەكان، بە گەورەو مامناوەندو بچووكیانەوە، دروستدەكات‌و سەرتاپایان رادەوەشێنێت‌و ئەركی سەرشانیان قورس‌و گران دەكات‌

و چیتر ناتوانن وەك جاران خەمساردبن لە ئاست بەدەستهێنانی متمانەی لایەنگرو ئەندام‌و دەنگدەرانیان‌و تەنها بۆ دەنگدان بە بیریان بێتەوە، هاوكات لەبری ئەوەی حزب وەك جاران مامەڵەی بە جوملەی کانید بكات‌و لە یەك بازنەدا هەڵبژاردن بەڕێوە بەرێت، دەبێت بۆ ئەم سیستمە تازەیە حزب بازنە بە بازنە كاندیدی بەهێزی هەبێت‌و سایكۆلۆژیای دەنگدەری هەر بازنەیەك بە باشی بناسێت بۆ ئەوەی دەنگ بە كاندیدەكانیان بدرێت، كە دیارە ئەمەش بۆ ئەم مۆدێلە لە حزبایەتی تەمەڵ كارێكی زەحمەتە، هەر لەبەرئەوەشە كە زۆربەی زۆری حیزبە خاوەن كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حەزی پێناكەن‌و ئەوەندەی بۆیان بكرێت دژایەتی دەكەن‌و قەبارەی بازنەكان گەورەتر دەكەن. 
هەرێم نیوز: پەیڕەوكردنی ئەم سیستمە لەم كاتەدا بۆ دۆخی عێراق گونجاوەو مەترسیدار نییە؟
ئارام جەمال: ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە زادەو دەرهاویشتەی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانەكانی تەحریری ساڵی پارەو تەنانەت ئەوان خوازیاری بازنەی تاك كورسیش بوون نەك بازنەی فرە كورسی، بۆیە ئەمەی ئێستا هەیەو ناویانناوە "بازنەی مامناوەد" هێشتا بەلای خۆپیشاندەرانەوە جۆرێكە لە پاشەكشە، بەڵام ئەوەی بەلای ئەوانەوە دەسكەوتە گواستنەوەیە لە خێزانی نوێنەرایەتی رێژەییەوە بۆ خێزانی زۆرینەی فرەیی، واتە گواستنەوەی خۆكاندیدكردنە لە لیستەوە بۆ تاكەكەس‌و نەگواستنەوەی دەنگی كاندیدێكە بۆ یەكێكی تر، كە ئەمەش تا رادەیەك گۆڕانكاری بەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا دەهێنێت.
پیادەكردنی هەر سیستمێكی هەڵبژاردنی تازە جۆرێك لە ریسكی تێدایە‌و پێویستی بە خۆئامادەكردنی باش هەیە
لەلایەن شەریكەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە (دەنگدەران، كاندیدەكان، حزبەكان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان).
ئەوەی لە عێراقدا مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی هەڵبژاردن ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە نییە بەڵكو ئەو هێزە پارەدارو میلیشیایانەن كە بڕوایان بە گەمەی دیموكراسی نییەو دۆڕاندن قبوڵ ناكەن‌و ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن و دەوڵەتانی دراوسێش لە هەڵبژاردنەكاندا تەزویرو ساختەی رێكخراویان بۆ دەكەن‌و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە بەرژەوەندی ئەوان دەگۆڕن بە ئامانجی هێشتنەوەی دەسەڵاتی دوولایەنەی خۆیان‌و ئەو هێزە نادیموكراسیانەی لەناو ئەنجومەنە هەڵبژێراوەكاندا نوێنەرایەتی ئەجێندای ئەو دەوڵەتانە دەکەن.
هەرێم نیوز: لە هەرێمی كوردستاندا تاچەند كاندیدی سەربەخۆ ئەگەری سەركەوتنی هەیە؟
ئارام جەمال:

ئەم سیستمە دەرگا لەبەردەم كاندیدانی سەربەخۆدا دەكاتەوە بەوەی لە دەرەوەی حزبەكان خۆیان كاندید بكەن‌و ئەگەری سەركەوتنیان زیاتر دەبێت

ئەگەر پەرش‌و بڵاوو بێ پلان نەبن‌و دەنگەكانیان بەسەرژمارەیەكی زۆر كاندیدی سەربەخۆدا دابەش نەبێت كە نەتوانێت هیچكام لە كورسییەكانی بازنەكە ببەنەوە. هاوكات لەبەرئەوەی روبەری بازنەكانی هەڵبژاردن بچوكە ئەوەش ئاسانكاری دەكات لەبەردەم بانگەشەی كاندیدە سەربەخۆكاندا كە فریابکەون روبەڕوو گفتوگۆو چالاكی جەماوەری لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە دەنگدەرانی بازنەكەیاندا ئەنجامبدەن.
لەم سیستمە تازەیەدا پاڵێوراو لە سەنتەری گەمەكەدایەو هەر پاڵێوراوێكیش چەندێك دەنگی زۆریشی بەدەستهێنابێت ئەگەر كشایەوەو نەچووە پەرلەمان ئەوا مەرج نییە كورسییەكەی بەر كاندیدێكی هەمان لایەن بکەوێت
یەكێك لە كاریگەرییە باش‌و ئەرێنییەكانی پیادەكردنی ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە لەسەر ئاستی عێراق ئەوە دەبێت كە بتوانرێت لە داهاتوودا ئاسانتر هەرێمی كوردستانیش بەرەو سیستمی فرە بازنەیی‌و بەجێهێشتنی سیستمی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی ببرێت

ئەوەی لە عێراقدا مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی هەڵبژاردن ئەو هێزە پارەدارو میلیشیایانەن كە بڕوایان بە گەمەی دیموكراسی نییەو دۆڕاندن قبوڵ ناكەن‌

و ناتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆن و دەوڵەتانی دراوسێش لە هەڵبژاردنەكاندا تەزویرو ساختەی رێكخراویان بۆ دەكەن‌
لە دیزاینی كارتی دەنگداندا كاندیدو پاڵێوراو بە ئەساس وەردەگیرێت، واتە مەرجە دەنگدەر لەسەر كارتی دەنگدانەكە هێما بۆ پاڵێوراو بكات نەك حزبی سیاسی
ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە زادەو دەرهاویشتەی خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانەكانی تەحریری ساڵی پارەو تەنانەت ئەوان خوازیاری بازنەی تاك كورسیش بوون نەك بازنەی فرە كورسی
ئەم سیستمە تازەیە دەرگا لەبەردەم كاندیدانی سەربەخۆدا دەكاتەوە بەوەی لە دەرەوەی حزبەكان خۆیان كاندید بكەن‌و ئەگەری سەركەوتنیان زیاتر دەبێت ئەگەر پەرش‌و بڵاوو بێ پلان نەبن‌و دەنگەكانیان بەسەرژمارەیەكی زۆر كاندیدی سەربەخۆدا دابەش نەبێت
پیادەكردنی ئەم سیستمی هەڵبژاردنە تازەیە سەرئێشەیەكی زۆر بۆ هەموو حزبە سیاسییەكان دروستدەكات‌و چیتر ناتوانن وەك جاران خەمساردبن لە ئاست بەدەستهێنانی متمانەی لایەنگرو ئەندام‌و دەنگدەرانیان‌و تەنها بۆ دەنگدان ئەوانیان بە بیربێتەوە،



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP