دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 21/01/2021

سکۆتلەندا: بەرەو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی


بڕیارە ٦ی مایسی ئەمساڵ ( 06-05-2021 ) ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سکۆتلەندا بەڕێوە بچێت.
هەرێم نیوز
بەپێی سەرچاوەکان، نیکۆلا ستورجن وەزیری یەکەمی سکۆتلەندا و سەرۆکی پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندا، بەنیازە جارێکی دیکە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی وڵاتەکەی ئەنجام بدات، ئەگەر بێتوو لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی مانگی ئەوساڵدا زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان بباتەوە.
پەرلەمانی سکۆتلەندا ١٢٩ کورسیە،بەلایەنی کەمەوە پارتەکەی نیکۆلا پێویستی بە ٦٥ کورسی پەرلەمانی ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەزۆرینەی دەنگ جارێکی دیکە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن.
بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو( بەریتانیا) لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو پرسە ڕایگەیاندووە، پرسی سەربەخۆیی سکۆتلەندا لەساڵی ٢٠١٤ دا لەلایەن دەنگدەرانی سکۆتلەندا ڕەتکراوەتەوە، بۆیە پێویست ناکات ھەوڵی ڕیفراندۆمێکی دیکە بدەن.
پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندا، پێشبینی دەکەن لەھەڵبژاردنی ئەمساڵدا، ٧١ کورسی پەرلەمانی بەدەست بھێنن، بە بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو، واتە ٨ کورسی زیاتر بەدەست دەھێنن، چونکە لەھەڵبژاردنی ڕابردوودا تەنھا ٦٣ کورسیان بەدەستھێناوە، ئەوەش بەپێی ڕاپرسیەک کە لە ڕۆژنامەی سکۆتسمان دا بڵاوکراوەتەوە.
تەنھا جارێک پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندا، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستھێناوە لەساڵی ٢٠١١ دا، بە بردنەوەی ٦٩ کورسی لەکۆی ١٢٩ کورسی پەرلەمانی، بە ڕابەرایەتی ئەلێکس سامۆند، کە دواتریش توانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەساڵی ٢٠١٤ دا ئەنجام بدات.
ئەگەر بێتوو سکۆتلەندا سەربەخۆیی بەدەست بھێنێت، ئەوا شانشینی یەکگرتوو( بەریتانیا ) یەک لەسەر سێی خاکەکەی لەدەست دەدات، ھەروەھا لەسەدا دەی ژمارەی دانیشتوانی لەدەست دەدات، جگە لەوەش لەئێستادا بەریتانیا بەھۆی ھاتنە دەرەوەی لە یەکێتی ئەوروپا ئابوریەکەی بەرەو دابەزینە، بە جیابوونەوەی سکۆتلەندا جارێکی دیکە ئابوری بەریتانیا زەرەرمەند دەبێت و لەوانەیە لە ڕیزبەندە ئابوریە جیھانیەکەی بێتە خوارەوە، بەپێی ڕیزبەندی وڵاتە مەزنەکانی ئابوری لە جیھاندا، بەریتانیا بە شەشەم وڵات دادەنرێت.
بەپێی ڕاپرسی و پێشبینیەکان، بۆ ھەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی سکۆتلەندا، پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار ١٤ کورسی لە دەست دەدات و پارتی کرێکارانیش ٣ کورسی.
ئەگەر بێتوو پارتی نیشتیمانی سکۆتلەندا لە مانگی ٥ی ئەمساڵدا زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست بھێنن، دەتوانن جارێکی دیکە داوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بکەنەوە، لەژێر پاساوی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، چونکە لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٦ دا بۆ چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا، سکۆتلەندا وەک ھەرێمێکی سەر بە بەریتانیا، زۆرینەی دانیشتوانەکەی دەنگیان بۆ مانەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا داوە، بۆیە ئەوان خوازیاری ئەوەن دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لە بەریتانیا، بگەڕێنەوە باوەشی یەکێتی ئەوروپا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز
https://www.reuters.com/.../uk-britain-scotland-poll...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP