دواین هەواڵ

کلتور‌

 07/02/2024

قەیرانی ڕۆمانی کوردی چەند سەرنجێکی زۆر کورت

ئارام سدیق

هەمیشە لەبەکارهینانی وشەی قەیران سڵ دەکەمەوە، بەتایبەت کاتێک بمەوێت باسی کایەیەکی ئەدەبی بکەم، چونکە هەرگیز پێموا نییە، کە ئەدەبی کوردی سەردەمی زێڕینی هەبووبێت تا ئێستا لە قەیراندا بێت. بەڵام لێرەدا ناچارم وشەی "قەیران" بەکار بهێنم، بەو پێیەی ڕۆمانی کوردی ڕاستە سەردەمی زێرینی نەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەنێو پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا دەگوزەرێت و بەناوی ڕۆمانی کوردییەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە دەکرێت بە قەیران ناوی ببەین. قەیرانی نووسەرانێک کە ئاگادارنین لە ڕۆمان و هەوڵی نووسین و بڵاوکردنەوەی دەدەن.

زەمینەی بڵاوبوونەوەی یەکەم رۆمانی کوردی سەدەیەک تێناپەڕێت، بۆیە ئاساییە دان بەوە بنێین، کە مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ ئەم ژانرە گرنگەی ئەدەبیاتدا تازەیە و لەسەر مێژوویەکی درێژی ڕۆماننووسی کوردی نەوەستاوین، بەڵام لێرەدا پرسیاری ئەوە سەرهەڵدەدات، کە ئێستا ڕۆماننووسانمان ئاگاداری ئەزموونی رۆماننووسانی دیکەن و دەتوانن ئاشنای ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ڕۆماننووسین بن، بەڵام بۆچی ڕۆمانی کوردی هەر لە قەیراندایە؟ چی وایکردووە کە قەیرانی رۆماننووسی سەرهەڵبدات، یان بگونێجت وشەی قەیرانی بۆ بەکاربهێنین؟

بەپێی ئەو وردبوونەوەیەی ساڵانێکی زۆرە لە ڕۆمانی کوردی ورد دەبمەوە و ئاگاداری بەشێکی زۆری ئەو ڕۆمانە کوردیانە کە بڵاو دەبنەوە دەتوانم سێ کێشە، یان قەیرانی ڕۆمانی کوردی دەستنیشان بکەم.

یەکەم: نەبوونی "ئیدیتۆر"ی تایبەت کە بە ڕۆمانە کوردییەکاندا بچێتەوە و لە هەڵەی گێڕانەوەیی و ز لۆژیکی و ڕێنووس و زمانەوانی ئاگاداری نووسەر بکەنەوە، چونکە بەشێک لەو رۆمانە کوردیانە هەڵەی گێڕانەوەیی و لۆژیکی زەقیان تێدایە لە چەشنی ئەوەی کاراکتەرێکی 21 ساڵە دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە زیندانبوونی هەر هەمان تەمەنی هەبێت. یان کاراکتەرێکی دیکە دەچێتە بینایەکی 4 نهۆمی، بەڵام دواتر لە نهۆی شەشەم بخەوێت، لە کاتێکدا نووسەر پێشتر پێمان دەڵێت بیناکە لە چوار نهۆم زیاتر نییە.

دووەم: ناشارەزایی لە هونەری ڕۆماننووسین، ئەمە یەکێکە لە کێشەکانی بەشی هەرە زۆری ئەم جیلە نوێیەی ڕۆمان دەنووسێت، بەبێ ئەوەی ئاگادارییەکی سەرەتایی لە هونەرەکە هەبێت دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکات. ڕۆماننووسین هونەریی ئاگاداربوونە لە زۆر بابەتی قورس و تایبەت بەو سەرزەمینە کاراکتەر و ڕووداوەکانی تێدا ڕوو دەدەن. ڕۆمان هونەری گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی ڕۆژانە نییە بەو شێوە ساکارەی هەموان تێیدا دەژین. ڕۆمان هونەری خستنەڕووی چیرۆکێکی ئاوارتەیە، کە هەڵگری توخمی سەرسامی و تایبەتمەندێتییە، بۆیە شایانی گێڕانەوەیە.

سێیەم: ئاڵۆزکاندن، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ڕۆمانی کوردی (بەتایبەت بەشێکی زۆر لە نووسەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) گیرۆدەی ئاڵۆزکاندنن. چیرۆکێکی دێنن و بۆ ئەوەی هەیبەت و پێگەیەکی پێ بدەن دەیئاڵۆسکێنن. ڕۆمان هونەری ئاڵۆزکاندنی ڕووداوەکان و ژیانی کاراکتەرەکان نییە، بەڵکو هونەری بینینی قووڵی ژیانی ئەوانە. ئاڵۆزکاندن بە مانای قووڵبینی نییە، بەڵکو بەمانای سەرلێشێوان و بەهەڵەدابردنی خوێنەر دێت. بۆیە بەشێکی ڕۆمانی کوردی تووشی ئەم پەتای ئاڵۆزکاندنە بووە.

تا هەنووکە بەشێکی زۆری لە خوێنەرانی کورد، بەتایبەت خوێنەران ڕۆمان خوێنەری ڕۆمانی نووسەرانی کورد نین، جگە لە یەک دوو نووسەری ناودار نەبێت. ئیدی ئاگاداری بەرهەمی هیچ نووسەرێکی دیکە نین، ئەمەش هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە، کە دیارترینیان ئەو سێ خاڵەی پێشووە کە باسم کرد لەگەڵ کرچوکاڵی بەشی هەرە زۆری ئەو ڕۆمانانەی، کە ساڵانە بڵاو دەبنەوە.

رۆمان، هونەرێکە پێویستە هونەرمەندانی ڕاستەقینە (ڕۆماننووسان) بینووسن، نەک هەر کەسێک حەزی نووسین و گێڕانەوەی هەبێت دەست بە نووسینی ڕۆمان بکات. ڕۆمان بە هونەرکارییەکی زۆر و وردبوونەوە لە ڕووداو و کارەساتەکان و بە مەعریفەیەکی قووڵەوە بەرهەم دێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP