دواین هەواڵ

کلتور‌

 04/02/2024

کتێب دزەکــــە

شادمان محەمەد

لە ماوەی دەستپێکـی جەنگی دووەمی جیهانیدا، واتا لەنێوان ساڵانی(۱۹۳۹ ـ ۱۹٤۳)دا. لە وڵاتی ئەڵمانیادا کیژۆڵەیەکی زیرەک و ژیر پاش لە دەستدانی برا بچووکەکەی لە کەشێکی بەفراوی زۆر سەختدا و دوورخستنەوەی خانەوادەکەی بە بیانووی سیاسی و هەڵگری ئایدۆلۆژیای کۆمەنیستی، دوچاری ئایندەیەکی نادیار دەبێتەوە.

ئەم کیژۆڵەیە لە ساتی ناشتنی برا بچووکەکەیدا، سەرنج دەدات کتێبێک لە گیرفانی گۆڕهەڵەکەنە دەکەوێتە زەوییەکە، ئەمیش نائیرادیانە کتێبەکە دەدزێت و ئیدی لەو ساتەوە عاشقی کتێب دەبێت و تەنانەت نازناوی (کتێبدزەکە)وەردەگرێت.

پاش دوورخستنەوەی لە دایک و باوکی ڕادەستی ژن و پیاوێکی بە تەمەنی ئەڵمانی دەکرێت تاوەکو وەک مناڵی خۆیان ئەرکی بەخێوکردنی بگرنە ئەستۆ(التبني).

دواتر بە هۆکاری تۆخبوونەوە و هەڵکشانی سێبەری جەنگ بەسەر جیهاندا ئیدی قورساییەکان بەرۆکی ئەڵمانەکانیش دەگرێت و بەوەش تووندوتیژی و ترس و تۆقاندن و تاوانکاری و برسێتی تەنگ بە ئەڵمانەکانیش هەڵدەچنێت.

یەکێک لە جوانییەکانی ئەم فیلمە درامییە گواستنەوەی وێنەکانە بە جوانترین شێواز بۆ چاوی بینەرەکان، بەجۆرێک بینەر هەرگیز هەست بە بێزاری و جاڕس بوون ناکات کە لە ناو گەرمەی جەنگدایە، بەتایبەت ڕۆڵی کیژۆڵەکە کە ئاشقی کتێب و خوێندنەوە و گێڕانەوەی چیرۆک و وەسفی جوانییەکانە بۆ دەوروبەری بە تایبەت لە کەشی جەنگدا کە مەرگ و برسێتی لە هەموو شت نزیکترە لێتەوە هەر ئەمەشە وادەکات ئاکتینگی کیژۆڵەکە ببێتە جێی سەرنجی تەواوی بینەران.

ئەم فیلمە لە ڕۆمانی ـ The Book Thief ـ ی، نوسەر ـ Markus Zusak، بە هەمان ناوونیشانەوە وەرگیراوە. تەنانەت نیشاندانی وەسف و جوانییەکان لە فیلمەکە بەجۆرێکە توانراوە لانی زۆر جوانی و سیحری وشە و ڕستەکانی نێو ڕۆمانەکە وێنا بکاتەوە.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP