هەرێم نیوز
عیماد ئەحمەد، ئەندامى مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هێشتا حیزبەکەی کەسی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەستنیشان نەکردووە، دەشڵێت: بەم نزیکانە کەسێک دەستنیشان دەکەن.
عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە،لە چاوپێکەوتنێکى میدیاییدا راگەیاند: "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هێشتا پاڵێوراوى خۆمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەستنیشان نەکردووە و بەم نزیکانە کەسێک هەڵدەبژێرین ". دەشلێت: "یەکێتی یەک بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت".
لەدوای ساڵی 2005ەوە پۆستی سەرۆککۆمار ئیستیحقاقی کوردە، دوو سەرۆکایەتییەکەی دیکەش، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بۆ سوننەیە، لەنێو کوردیشدا بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو لایەنە سەرەکییەکەی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان) پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بووە، بەڵام پارتی لە خولی رابردوو بەربژێری هەبوو، لەم خولەشدا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو پۆستە ئیستحقاقی گەلی کوردستانە.