دواین هەواڵ

عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و گیرۆدە بە سیاسیی گەندەڵ و خۆچەمێن

‌ئەسرین عاسی شوانی

14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو عێراقەی لەسەر دەریای نەوتە و یەکێکە لەو وڵاتانەی یەدەگێکی زۆری نەوت و غازی هەیە، ئەو عێراقەی رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەڵام لەسایەی دەسەڵاتدارە خۆشەمێن و گەندەڵەکانییدا، نوقمی بێدادی و وێرانكاری و پاشكەوتن و پاشكۆیی بووە.

دەسڵاتی ئەمڕۆی عێراق، هاووڵاتییانی خۆی خستووەتە ناو هەژارییەکەوە کە تەواو نائومێدن لە ژیانێکی شکۆمەندانە و ئاسوودە، ئەمە جگە لەوەی هەر ئەم عێراقە نزیکەی سەدەیەکە لەناو کودەتا و جەنگی ماڵوێرانکەردا ڕۆڵەکانی دەبن بە قوربانیی حەز و مەرامە نەخۆشەکانی دەسەڵاتدارانی، لەولاشەوە بە دزینی ملیاران دۆلار لە داهاتی سامان و باجی دەوڵەت سەدان ملیار دۆلاری بە ڕێگەی جۆراوجۆر دزراوە و بەتایبەت لەدوای ساڵی 2003 بە دەستی میلیشیاکان، سامانەكەی بەهەدەر دراوە.

ئەگەرچی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکان و دەسەڵاتدارانی دادوەری چەندین لێژنەی لێکۆڵینەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکانیان سەبارەت بە حاڵەتەکانی دزین و دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و موڵکی دەوڵەت پێکهێناوە، بەڵام تا ئێستا ئەو پارە زۆرە دزراوە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، هە بەڕاست كوان دزەكانی كە 600 ملیار دۆلاریان لە ٢٠٠٣ تا ٢٠١٥ دزی؟ گوان تاونبارانی (دزیی سەدە)؟ كوان قاچاخچییانی نەوت و دۆلار و هۆشبەر؟ لە زیندانەكانی عێراقدان، یان لە لوتكەی حوكمدان؟

شێوازەکانی گەندەڵی لە عێراق جۆراوجۆر و جیاوازن، بەتایبەتی لەو کاتەی کە ئەو میلشیشا و لایەنانەی لە ڕێگەی بەرپرسان و ئەندامانییانەوە کۆنترۆڵی حکوومەت و وەزارەتەکانیان کردووە، پرۆسەی گەندەڵی لە ڕێگەی ڕێککەوتنی هاوردەکردن و هەناردەکردنەوەجێبەجێ دەکەن، یان لە ڕێگەی دابینکردن و پەردەپۆشکردنی دارایی بۆ پڕۆژە خەیاڵییەکان و بەکارهێنانی ژمێریاریی ساختە و ئامرازە ساختەکان، جگە لە دزیی ئاشکرا کە لە ڕێگەی گواستنەوەی بڕێکی زۆر پارە لە بەشە فەرمییەکان و بانکەکانەوە بۆ هەژماری بانکی لە دەرەوەی عێراق ڕوو دەدات، یان دەگۆڕرێت بۆ بڕە پارەیەکی زۆر و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و دەرەوەی عێراق.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP