دواین هەواڵ

لەبارەی ئەنجامی پێشبینی شرۆڤەكارانەوە (ڕۆژی لێپرسینەوە لەوان و بەخۆداچونەوەی خۆمان)

‌ جیهانگیر گوڵپی

20 کاتژمێر پێش ئێستا

لەڕۆژانی ڕابوردو وەك زۆرجاری تر دنیای میدیاو ماڵ و مەجلیسمان سیخناخبون لە شرۆڤە و پێشبینی.. ئێستە وەك بڵێی ئیتر (یوم الحساب)ە و خەریكە ئاراستەكە دەگۆڕێ بەرەو لێپرسینەوەو گاڵتەكردن بەشرۆڤەكاران و پێشبینیكەران بەوەی پیشبینیەكانیان دەقاودەق دەرنەچوە.

لەڕاستیدا بەر لەو جۆرە لێپرسینەوەیەی شرۆڤەكاران ئەبێت بەخۆماندا بچینەوە و، نابێت كەس چاوەڕێ ئەوە بكات كە هەمو شیكاری و پێشبینیەكان سەدلەسەد ڕاست دەرچن.

بەڵێ لەم هەرێمەی ئێمەیش وەك شوێنانی تر چەندین كەسی شارەزا و ئاگادارمان هەیە كە شرۆڤەی بابەتی دەكەن و سودی باش دەگەینن و بەرچاومان ڕون دەكەن..

بەڵام لەپاڵ ئەوانەیشدا میدیای ئێمە پڕی بوە لەوانەی كە خۆیان بە بابەتەكاندا هەڵواسیوە، هەمو سەرچاوە و پاشخانی زانستی و مەعریفیان بۆ بابەتەكان لە گەڕانی گۆگڵ و خوێندنەوەی چەند پۆستێكی فەیسبوك و سەیركردنی چەند بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی و مەزندەو لێكدانەوەی ئاوەز و سۆزی خۆیان تێنەپەڕیوە.

ئەگەر دۆخەكە بۆ شیكار و پێشبینی سیاسی بەو جۆرە دولایەنە بێت، ئەوە بۆ بوارەكانی ئابوری مرۆڤ نازانێت چۆن وەسفی بكات بڵێت كارەساتە یان كۆمیدیا.
شرۆڤە و پێشبینی لای ناودارترین و شارەزاترین كەسەكانی دنیاش هەمیشە پرسێكی ئاڵۆزو ڕام نەكراو بوە.

ئەگەر ڕوداو و پێشهاتەكان بەتەواوی شیاوی پێشبینی كردن بونایە ئەوە بە بێگومان دەرەنجامی تریان لی دەكەوتەوە و، دنیای ئێستایش بەم جۆرە نەدەبو.

لێرەدا پێوەر لەسەر ئاستی زانیاری و ئاگاداربون لە فاكتەرو كارتێكەر و گۆڕاوەكانی هاوكێشەكان و خەسڵەتی پەیوەندیەكانیان لەدۆخ و هەلومەرجە جیاوازەكان و گریمانەدانانەكان و بەكارهێنانی مۆدل و میتۆدە گونجاوەكانە، پێوەر لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردنی بابەتیانەو زانستیانەیە لەگەڵ ئەو زانیاری و پێدراوانە ...نــەك تەنــها لەسەر ئەوەی ئاخۆ پێشبینیەكان هاتنەدی یان نا.. بۆ ئەمە ئاماژە بەچەند نمونەیەكی بواری ئابوری دەدەم:

- ئەگەر پێوەر تەنها هاتنەدیی پێشبینی بوایە ئەوا نەدەبو (Irving Fisher) بە ئابوریناسێكی گەورە دابنرێت چونكە جارێكیان بەهۆی ڕاست نەگەڕانی پێشبینیەكانی خۆیەوە لەبارەی بازاڕی پشكەكەكان تەواوی سەروەتەكەی لەدەست دا. بەڵام ئەو هەر یەكێكە لەگەورەترین ئابوریناسانی دنیا، دانەری تێۆری كەمیەی نقود و هاوكێشەی فیشەر هاوكێشەی سوڕی دراوە، بەشدرایی گەروەی لە تیۆری سوو هەیە، تێزەكانی بنچینەی چەند تیۆرێكی گەورەی ئابورین و بەردەوام دەخوێنرێن و سودیان لێ وەردەگیرێ.

- كەس نیە ئابوریناسی گەورەی دنیا(جۆن ماینەرد كینز) نەناسی، ئەگەر بەڕاست نەگەڕانی جارێك یان چەند جارێكی شرۆڤەو پێشبینی پێوەر بوایە دەبوایە ئەو كەسە گاڵتەی پێ بكرایە چونكە لەسەرەتاكانی سەدەی بیستەم لە موزارەبەو وەبەرهێنانی كورتخایەن لەبازاڕی دارایی 80%ی سامانەكەی لەدەستدا بەهۆی هەڵە خوێندنەوەی بازاڕ و پێشبینی نادروست.

بەڵام ئەو بەناوبانگترین و كاریگەرترینی زانا ئابوریەكانی سەدەی بیستە. ئەو كۆتایی بە هەژمونی تیۆری ئابوریی كلاسیكی ئادەم سمیس هێنا و بە تێڕوانین و تێۆرێكی نوێ ئابوری سەرمایەداریی لە هەرەسهێنان ڕزگار كرد، لە وانەكانی ئابوری و سیاسەت بەبەردەوامی و لەئاستە باڵاكان تێزو تیۆرەكانی دەخوێنرێن و نزیكە 90 ساڵە لەبواری پراكتیكی حكومەتەكان سود لەتێزەكانی وەردەگرن و تاكو ئێستایش ئەمە بەردەوامە.

- ئەگەر بەڕاست نەگەڕانی پێشبینی بۆ جارێك یان چەند جارێك پێوەر بوایە، ئەبوایە چەندین ساڵە گاڵتە و فشەمان بە (پۆل كرۆگمان-Paul Krugman) بكردایە چونكە خوێندنەوەو پێشبینیەكانی بۆ پاش قەیرانی 2008 و هەروەها لەبارەی دراوی دیجتاڵیەوە دروست دەر نەچون..بەڵام ئەو بەناوبانگترین و درەوشاوەترین ئابوریناسی هاوچەرخە، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئابوریە(2008). تێز و تێۆریەكانی لە ئاستی باڵای ئەكادیمی دەخوێنرێن لەبواری پراكتیكی سودیان لێ وەردەگیریت.

- ئەگەر گۆڕانی دۆخەكان و ناجێگیری دەرەنجامی شیكاری و پێشبینیەكان پێوەر بوایە، ئەبوایە روبرت ميرتون وميرون سكولز (Merton & Scholes) بە نەزان ناوزەد بكەین، چونكە بەهۆی گۆڕانی دۆخی ئابوری و قەیرانی ڕوسیای ساڵی 1998، ئەو سندوقی وەبەرهێنانەی لەگەڵ چەند هاوەڵێكیان دایان مەزراندبو هەرەسی هێنا و مایەپوچ بو، بەهۆی ئەوەی ئەنجامی ڕوداوەكان و ئاراستەی بازاڕ بەپێچەوانەی پیشبینیەكانیانەوە دەرچوو.

بەڵام ئەزانی ئەو دو كەسە كێن، لە بەتواناترین ئابوریناسانی سەردەم و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئابوورین لە 1997، و داهێنان و پێشخستنیان لە چەند مۆدلێكی ئابوری كردوە و پێشتریش بەبەكار هێنانی مۆدلەكانیان لە پێشبینی كردن قازانجی گەورەیان كردبوو.

- مایك سپێنس هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئابووری، لە یەكێك لە كتێبە ناوازەكایدا دەڵێ لەماوەی 50 ساڵی یەكلەدوایەكدا بەنزیكەیی هەمو ڕوداو و دەرەنجامەكان و سیاسەتی حكومەتەكان ناكۆك یان پێچەوانەبون لەگەڵ پێشبینی ئابوریناسان. لە چاوپێكەوتنێكیش ئەوە دوبارەدەكاتەوە و دەڵێت بابەتەكە بۆ چەند دەیەیەكی ئەم دواییانە هەر بەو جۆرە بوە.

- كەواتە تۆیش ئەگەر ئەهلی ئەو كارەیت دڵ لەدڵ مەدەو خەریكی شرۆڤە و پێشبینیی خۆتبەو ئەمە بۆ پیشخستنی خۆت و بەرچاوڕونیی ئێمەیش باشە.

- بەڵام تكایە ئەگەر ئەهلی بابەتەكە نیت خۆتی پێوە هەڵمەواسە، ژاوەژاو مەخەرە ناو میدیا و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك، ژینگەكە ئەوەندەی تر پیس مەكە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP