چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، لە ڤیدیۆیەكدا باسم كرد، كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ بڕوانامەكەی هەڵدەوەشێتەوە و ئەگەر زۆرە دەستگیر بكرێت، ئەوەی ڤیدیۆیەكەی بینیبێت دەزانێت بۆچوونی وا بووە، دیارە ئەمڕۆ لەبەرەبەیاندا ئیمامئۆغڵو دەستگیر كراوە و بارودۆخی توركیا شڵەژاوە. لە چەند حاڵێكدا هەندێك راستی دەخەمەڕوو:
یەكەم: ئەو پڕۆسە ئاشتییەی دەستپێكراوە بۆ كورد، بەدەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو زەنگێكی گەورە بوو كە ئەوەی ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە بە عەبدوڵا ئۆجەلانیشەوە هەڵەن، چونكە ئەگەر دەستوور و یاسا بەرامبەر بە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پێشێل بكرێت، ئایە دەچێتە عەقڵی كێ دەستوور لەبەرژەوەندی كورد هەموار بكەنەوە؟
دووەم: ئیمامئۆغڵو، دوێنێ بڕوانامەكەی هەڵوەشایەوە، ئەمەش رێگەی لێدەگرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەڵام دەستگیركردنەكەی، بەتۆمەتی ئەوەیە، كە بەنهێنی كاری بۆ پەكەكە كردووە، رەشوەی وەرگرتووە و هەروەها چەند پرۆژەیەكی بەگەندەڵی تەندەر كردووە.
كەواتە روونە، دەوڵەت بەرامبەر بە پەكەكە خۆی پاك نەكردووەتەوە، ئەوان هەركەسێكی بیانەوێت دەستگیری بكەن، تۆمەتی پەكەكەبوونی دەدەنە پاڵ، ئایە ئەگەر پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گەرەنتی چییە ئەو گەریلایانەی دەگەڕێنەوە ژیانی مەدەنی دەستگیر نەكرێن؟
سێیەم: ئیمامئۆغڵو، دووجار لە ئاكەپەی بردەوە، لە ٢٠١٩ و ٢٠٢٤، لە هەردوكیاندا ئەردۆغان هاتە ناو بانگەشە و پارەیەكی زەبەڵاح خەرج كرا، بەڵام ئیمامئۆغڵو بردییەوە، ئەمە زەنگێكی گەورەبوو بۆ ئەردۆغان كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، ئەگەر زۆرە ئیمامئۆغڵو لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی دابنیشێت، بۆیە دەبوایە لەرێگەی دادگاوە رێگەی لێ بگرن.
چوارەم: ئەردۆغان، بەهۆی خوێدنەوەی شیعرێك لە سیرت، دەستگیر كرا و قەدەغەی سیاسەتی لەسەر جێبەجێ كرا، بەڵام دوای ئەوەی لە زیندان هاتە دەرەوە، وەكوو پاڵەوانێك هاتە دەرەوە، چووە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و داوای یاسایی تۆمار كرد تا قەدەغەی سیاسەتی لەسەر هەڵبگیرێت، دادگاش لەبەرژەوەندی ئەردۆغان بڕیاریدا، بۆیە ئەردۆغان، پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە عەبدوڵا گویل وەرگرتەوە و بووە ئەو پیاوەی ئێستا هەموو شتێكە لە توركیا.
رەنگە ئەو سیناریۆیە بۆ ئیمامئۆغڵوش راست بێت، كاتێك لە زیندان دێتە دەرەوە وەكوو پاڵەوانێك دێتە دەرەوە، هەر دوێنێش پارێزەرەكەی گوتی، لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای یاسایی تۆمار دەكەین و ئەگەر زۆرە دادگاش لەبەرژوەندی ئیمامئۆغڵو بڕیار بدات، واتە هەرچەندی هەوڵ بدرێت خۆری ئیمامئۆغڵو لە سیاسەت ئاوا بێت بێسوودە ئەو بە هێزەوە دەگەڕێتەوە.
پێنجەم: ئەوكاتەی دەمیرتاش خرایە زیندان، دەمیرتاش ئۆپۆزسیۆنی توركیای ئاگادار كردەوە، كە بێدەنگ نەبن بەرامبەر بەو ناحەقییە، چونكە رۆژێك دێت هەمان شت بەسەر ئەوانیشدا دەهێنن، رێك وا دەرچوو، لە بەرەبایانییەكدا دەمیرتاش لەناو ماڵەكەیدا پۆلیس هەڵیكوتایە سەری و دەستگیری كرد، ئیمامئۆغڵوش لە بەرەباندا پۆلیس هەڵیكوتایە سەری و دەستگیری كرد. بۆیە نابێت سیاسییەكان بەرامبەر بە ناحەقی بێدەنگ بن، چونكە بێدەنگی كارەساتی بەدوا دێت و رۆژێك هەمان ناحەقی بەرامبەر بە تۆش دەكرێتەوە.
لە داهاتوو بە شڕۆڤەی ورد بەرچاوتان زیاتر روون دەكەمەوە.