دواین هەواڵ

ڕاشکاوی و لۆژیک بینی لە دیدارەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ خەڵکی سلێمانی

‌فرسەت سەید شوكر

5 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پیادەی سەرکردایەتییەکی نزیک لە خەڵک و لەگەڵ هاوڵاتی دەکات. پاش چەندین دیدار لەگەڵ هاوڵاتیان لە شارەکانی کوردستان، ئەمجارە لەگەڵ خەڵکی سلێمانی دەوروبەریدا بەوپەڕی ڕاشکاوی و لۆژیک بینیەوە گوێی لە بۆچوون و سەرنج و پێشنیازی چین و توێژە جیاوازەکان گرت. ئەم خەسڵەتە لە مەسرور بارزانیدا کە نزیکایەتییەکی تەواوی لەگەڵ خەڵکدا هەیە سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە وەکو سەرۆکوەزیران بەو پەڕێ شەفافیەتەوە کارەکانی دەکات.

ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵک

مەسرور بارزانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ خەڵکی سلێمانی جەختی کردەوە کە هەمیشە خۆی بە خزمەتكار و بچووكی هەمووان دەزانێت، و ئەوەی بۆ ئەو گەورەترین سەروەت دەبێت ئەگەر خەڵك لێی رازی بێت.

گرنگیدان بە هەلی کار

لە دەرەنجامی پرسیاری هاونشتمانیانی سلێمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەرنامەیان هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ بزنسی نوێی خۆیان بكەن، واتا حکوومەتی هەرێم یارمەتی ئەو هاوڵاتیانە دەدات، ئەگەر بیانەوێ فکر و پرۆژەکەیان لە خزمەتی وڵاتەکەیاندا بێت، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە بۆ گەنجان و لاوان تا ئەوەی بتوانن پرۆژەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکار بخەن.

هەژماری من

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم باسی لە پرۆژەی (هەژماری من) کرد و گووتی ئەم پرۆژەیە نە پرۆژەیەكی شەخسییە و نە پرۆژەیەكی حزبییە، بەڵکو شتێکە کە توانای دارایی بۆ هاوڵاتیان فەراهەم دەکات. جگە لەوەش فەرمانبەر یان مووچەخۆر مووچەکەی لە حسابی بانکیی خۆی وەردەگرێت نەک بەرپرسێک، ئەم ڕوونکردنەوەیەکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گرنگیی خۆی هەبوو، چونکە هەموو ئەو هەڵمەتە میدیاییانەی دژی (هەژماری من) کران شکستیان هێنا چونکە لە ناوەڕۆک و گرنگیی پڕۆژەکە تێنەدەگەیشتن.

پرۆژەکانی تر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە میانەی دیدارەکەیدا، وەڵامی چەندین پرسیاری هاونشتمانیانی سلێمانی دایەوە بەشێوەیەکی گشتیی لە بوارەکانی (پەروەردە-کشتووکاڵ-مووچە-هەلی کار-بابەتی سیاسی و ئەمنی) هەموو ئەمانەی لە زاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە لۆژیکی بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەندێک پرسیار کە لەلای هاوڵاتی هێشتا وەڵامەکەی دەست نەکەوتبوو لە دیداری ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا دەست کەوت.

کۆبەند

نزیکایەتی و دیداری مەسرور بارزانی لەگەڵ هاوڵاتیان بووەتە مایەی خۆشحاڵی و کەمکردنەوەی نیگەرانی هاوڵاتیان، چونکە لە پێشوودا ئەگەر پرسیار و داخوازی هاوڵاتیان نەگەیشتبنە خودی سەرۆکوەزیران ئەوەتا بە ڕاستەوخۆ و لە نزیکەوە حاڵ و گوزەران و بارودۆخی شار و شارۆچکەکانی خۆیان دەخەنە ڕوو، ئەوەشی مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە دوای هەر دیدارێکی لەگەڵ هاوڵاتیان هەر بەڵێنێکی دابێت بردوویەتیە سەر بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان، ڕەنگە پرۆژە خزمەتگوازرییەکان لە گوند و شارۆچکە و ناحیە و قەزا و شارەکانی کوردستان تێکڕا باشترین دەلیل بێت لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جیاوازی لەنێوان شارەکانی کوردستان ناکات و خزمەتی هەموولایەک بەبێ جیاوازی دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP