ئەردۆغان پێویستی بە كوردە بۆ بوونەوە بە سەرۆك و كوردیش نابێت هەڵەی پێشووتر دووبارە بكاتەوە
پارتی چەپی سەوز، كە هەدەپە، لە ترسی داخستنی لەلایەن دادگای دەستووری توركیاوە، لەژێر ناوی ئەو پارتە چووە ناو هەڵبژاردنی 14ی ئایار و توانی 62 كورسی پەرلەمان بباتەوە، مانیفێستی خۆی بۆ چۆنییەتی سیاسەتكردنی لەناو پەرلەمان بڵاوكردەوە و دەڵێت، پێویست دەكات پرسی چارەسەری بهێنرێتەوە بەرباس.
پرسی چارەسەری، دروشمی رەجەب تەییب ئەردۆغان بوو، بەر لە هاتنی بۆ سەر كورسی دەسەڵات لە 2002، ئەو بەڵێنیدا كە پرسی كورد بەرێگایەكی دیموكراتییانە چارەسەر دەكات، بۆیە زۆرترین كورد لە دەوری پارتەكەی ئەودا كۆبوونەوە.
راستە پارتی چەپی سەوز، ئەو داوایە دەكات و رەنگە داكۆكی زۆری لێ بكات، بەڵام تا چەند سەركەوتوو دەبێت؟ ئەمە پرسیارە گرنگەكەیە.
ئەردۆغان، پلانی هەیە دەستووری وڵاتەكەی بگۆڕێت، دەڵێت توركیا باجی ئەو دەستوورە دەدات كە لە 1982 نووسراوە و بەسەر گەلدا سەپێنراوە، دەستوورێك كودەتاچییەكان نووسیویانە و سەپاندوویانە، هەر ئەوەشە وای لە پارتی چەپی سەوز كردووە پرسی چارەسەری بكاتە مانەفێستی خۆی و لە دەستووردا جێگەی بۆ بكاتەوە.
ئەردۆغان، كاتێك لە ئەمریكا گەڕایەوە، لەناو فڕۆكە تایبەتەكەی خۆی، وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی ”بۆ پرسی گۆڕینی دەستوور، لە دەرگای هەموو پارتە سیاسییەكان دەدەین“، ئاشكرایە ئەردۆغان، دەیەوێت دەستوور بەجۆرێك بنووسرێتەوە، لە بەرژەوەندی خۆی و پارتەكەی بێت، بۆ ئەمەشیان پێویستی بەدەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمان هەیە.
دەستوور چۆن لەناو پەرلەماندا تێپەڕ دەبێت؟
بۆ ئەوەی ئەو دەستوورەی لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە دەنووسرێتەوە لە پەرلەمان تێپەڕ بێت، پێویست دەكات، دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگی بۆ بدەن، واتە لە كۆی 600 كورسی 400 كورسی دەنگی بۆ بدەن، بۆ ئەمەشیان كورسییەكانی ئەو دوو پارتە لەناو پەرلەماندا بەس نییە و دەبێت پارتەكانی تریش دەنگی بۆ بدەن.
لێرەدا پارتی چەپی سەوز، رۆڵی گرنگی دەبێت، دیارە دەزانێت رۆڵی گرنگی دەبێت لەناو پەرلەمان و تێپەڕینی دەستوور، بۆیە لە ئێستاوە پرسی چارەسەری هێناوەتە بەرباس.
ئەگەر ئەردۆغان، لەگەڵ پارتی چەپی سەوز، نەگەیشتە رێككەوتن، ئەستەمە لەگەڵ جەهەپە و پارتی خاسیشدا رێكبكەوێت، چونكە وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، ئەردۆغان دەیەوێت لە دەستووردا جێگیری بكات، كە بۆی هەیە بۆ جاری سێیەم لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا ببێتەوە بەسەركۆماری توركیا. واتە ناچار دەبێت بە دەنگی 50+1 پەرلەمان، كە ئەو رێژە دەنگەیان هەیە، ئیدی دەستوور دەخەنە ریفڕاندۆمەوە.
وەكوو چۆن لە كاتی گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتیی، دەستوور خرایە بەردەم گەل و بڕیاری لەبارەوە درا، بۆ گۆڕینی دەستووری وڵاتیش، دەبێت بە هەمان رێگەدا بڕۆن.
پرسی چارەسەری بەلای ئەردۆغان
ئەردۆغان، بەفەرمی لە 2013دا، پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس، داكۆكی دەكرد كە دەبێت پرسی كورد لەسەر دەستی ئەودا چارەسەر بكرێت، بەڵام دوای ئەوەی بۆی دەركەوت، ئەو ئامانجەی ئەو هەیەتی و كاری بۆ دەكات لەگەڵ هەدەپەدا نایەتە دی، ئەویش گۆڕینی سیستەم بوو لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتیی، هەروەها دوای شەڕی خەندەق و كودەتای 15ی تەمووز، ئیدی پشتی لە پرسی چارەسەری كرد و رووی لە مەهەپە كرد، واتە لە بری كورد لەگەڵ نەژادپەرستەكاندا كەوتە گفتوگۆ و دانوستاندن، كە تاوەكوو ئێستاش هەر لەو بەرەیەدا ماوەتەوە.
ئەردۆغان، كاتێك زانی هەدەپە، ئەو پارتە نییە بتوانێت دەستی بخاتە ناو دەست و ركابەری لەگەڵ ئەردۆغان و ئاكەپە دەكات، هەروەها كاتێك زانی قەندیل، فشاری زۆری كردووەتە سەر هەدەپە تا پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتیی نەكات، بۆیە لە پرسی چارەسەری پەشیمان بووەوە و لە وتارێكدا گوتی: ”ئیدی لە توركیا شتێك نییە بەناوی پرسی كورد“.
بەڵام هەمان سیناریۆ دووبارە بووەتەوە، ئەمجارەیان گۆڕینی سیستەم نییە، بەڵكوو گۆڕینی دەستوورە، ئەگەر كورد دەنگی بۆ بدات، رەنگە ئەردۆغان، شانسی بوونەوەی بە سەركۆماری توركیا بەهێز بێت و دووریش نییە، پرسی كورد بهێنێتەوە بەرباس.
ئەگەر ئەردۆغان، بزانێت لەگەڵ پارتی چەپی سەوزدا، ئامانجەكەی دێتە دی و دەستوورێكی تازە لەناو پەرلەماندا دەنگ دەهێنێت و پێویست بە ریفڕاندۆم ناكات، هێنانەوە بەرباسی پرسی چارەسەری ئەگەرێكی بەهێزە، بەتایبەت توركیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان نزیك دەبێتەوە و لەوێشدا ئەردۆغان، بۆ بردنەوەی شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا، پێویستی بە دەنگی كورد هەیە و كوردیش مەرجی هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری بۆ ئەردۆغان داناوە و تاوەكوو ئێستاش ئەردۆغان، رەتی نەكردووەتەوە كە پرسی چارەسەری بووەتە مێژوو و ئیدی كۆتایی پێهاتووە.
لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵوێستی ئەردۆغان لەوڕووەوە ئاشكرا دەكرێت.