دواین هەواڵ

کۆتایی ھاوڕێیەتی.. !

‌عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

31/07/2021

ھاوڕێیەتی لەکولتوری کۆمەڵگەی کوردیدا، وەکو چەمکێکی میللی ماوەتەوە. لەفەرھەنگی ئێمەدا سنوری پەندو وتەزا کۆمەڵایەتییەکانی تێنەپەڕاندووە، نەچۆتە ئاستی زاراوەسازییەوەو تیۆریزە نەکراوە، تەنانەت ئەگەر مەبەستمان لەتیۆریزەکردن، لانیکەم، دەستنیشانکردنی کۆمەڵێک پێوەری ھاوبەش بێت لەنێوان گۆشەنیگاکاندا لەبارەی ھاوڕێیەتییەوە.

لەکولتوری ئێمەو گەلانی تریشدا، ھاوڕێیەتی، زۆرجار، وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سەیردەکرێت، وەکو پێویستییەک لەدەرەوەی چوارچێوە تەقلیدییەکانی پەیوەندیی خزمخواھی وەک خزمایەتی(Kinship)یان یەکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ(Tribe)، خێزان، بنەماڵە.

لەناو ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییانەدا پەیوەندیی خزمخواھی باڵادەستە نەک پەیوەندیی ھاوڕێیەتی. رێزلێکگرتن و بەریەککەوتن، یان لێکگەیشتن و رێککەوتن، یان ھاوسەرگیری و تەنانەت دووبەرەکیش، سەرلەبەر لەروانگەی پەیوەندیی خزمخواھیدا کەناڵیزە دەکرێن.

لەفەرھەنگی میللی کوردیشدا ستایشێکی زۆری ئەم پەیوەندییە دەکرێت. پەندی کوردەواری پڕە لە بەھابەخشین بەم پەیوەندییە سوونەتییە: (خزم گۆشتت بخوا ئێسقانت ناشکێنێت)، (تانەی دۆست لە ھی دوژمن بەدترە)، (ئاو ببڕێ لە رۆخانە خزم باشترە تا بێگانە)...ھتد.!

ئێمە دەتوانین، ھەر لەم پەندو فەرھەنگە میللییانەوە، ناڕاستەوخۆ، تێبگەین کە چەمکی ھاوڕێیەتی، ئەگەر پێویستییەکی کۆمەڵایەتیش بێت، ئەوا جێگایەکی بەھاداری لەناو چواچێوە کۆمەڵایەتییە سوونەتییەکانی کۆمەڵگاکانی ئێمەو ئەم ناوچەیەدا نییە، چونکە نە تیۆریزە کراوەو نە جێی تێڕامانی پێویستی فەیلەسوف و زاناکان بووە. تەنانەت لە کەلەپوری ئیسلامیشدا، ئەم چەمکە، پتر مانایەکی ئاینی و خێزانیی پێدراوە. تێرمی (الٲخوة في الدین) یان (الصحابة) دەلالەتی ھاوبەندیی ئاینیی بەسەریاندا زاڵە نەک پەیوەندییەکی ناخزمخواھی و نائایدیۆلۆژی و نا دینی.

لە ئەزموونی رۆژئاوادا، ئەرستۆ (٣٨٤پ.ز-٣٢٢پ.ز) لەو فەیلەسوفە دیارانەیە کە لەسەر ھاوڕێیەتی دوابێت و رایگەیاندبێت:" ھاوڕێیەتی نموونەیی ئەوەیە کە لەنێوان کەسە باش و جوامێرەکاندا پێکدێت کە لەرووی چاکەخوازییەوە لەیەکدەچن". وە لەبەر ئەوەی ئەم ھاوڕێیەتییە نموونەییە ئاسان نییە، دەبینی ھەمان فەیلەسوف دەڵێ:(شتێک نەماوەتەوە ناوی ھاوڕێیەتی بێت.

ھەرچی ئەمانوێل کانت-ە(١٧٢٤ز-١٨٠٤ز)، بەو جۆرە رەشبین نییەو ھاوڕێیەتی بە" یەکێتیی نێوان دوو کەس، کە ھەمان ھەستی رێزو خۆشەویستی ئاڵوگۆڕ دەکەن"دەزانێت، بەڵام ئاشکرایە ھەلومەرج و پاڵنەر و ئامانجەکانی ئەم یەکێتییە تەنھا بەمە پایەدار نابێت، ھەر لەبەر ئەوە، دەبینین ھاوڕێیەتی، زۆرجار، لەگرفتێکی تیۆری و مۆراڵیدایە لەگەڵ چەمکی ئەرکدا، ئەم گرفتە دەپرسێ: ئاخۆ لەپەیوەندیی ھاوڕێیەتیدا چی ئەرکەو چی نائەرک؟ سنوری ھاوڕێیەتی تا کوێ پێویستەو تا کوێ ئیست؟ دەشێت تاچەند بەردەوام بێ و تاچەند تەواو؟ ئەگەر دیاردەی بەرژەوەندیی یەکێک بێت لەو بنەمایانەی کە تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تەقلیدییەکانیش ئاراستە بکات کە زۆرجار بارکراون بەواجبی خزمایەتی، ئاخۆ دەبێ لەپەیوەندیی ھاوڕێیەتیدا چۆن بکەوێتەوە؟

لەرۆشنبیریی کوردیدا، زۆر بەکەمی لەسەر ئەم چەمکە راوەستاوین. رێبوار سیوەیلی لەکتێبی" کۆمەڵگای شڵەقاو"دا خوێندنەوەیەکی بۆ ئەم چەمکە کردووە کە تا سنوری وێناکردنی لە"قەیران"دا، دەڕوات. لەشوێنێکدا دەڵێ:" لەرۆژگاری ئەمڕۆدا مرۆڤ دەبێ ئاگای لەھاوڕێکانی خۆی بێت تاکو خەم و ئازاری بۆ دروست نەکەن- ل٥٢". 

ھەڵبەتە سیوەیلی بەشێک لەو ھۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوری و مۆراڵییانە بیردەخاتەوە کە ھاوڕێیەتییان بەم دۆخە گەیاندووە، نموونەی دڵخوازی خۆیشی بۆ ھاوڕێیەتی دەخاتەڕوو، بەڵام لەکۆتاییدا بەگشتی بیرمان دەچێت کە ھۆکارێکی تری ئەم قەیرانە لەکولتوری گەردوونیانەی ئەم سەردەمەشدایە کە سەردەمی کۆمەڵگای بەرخۆرییە(الإستھلاک/Consumption).لەم سەردەمەدا، زۆرجار، مرۆڤ لەپەیوەندیدا بەمرۆڤەوە، لەدۆخی کاڵادا دەژی، بۆتە پێویستییەکی کاتی و (تا ئێرە ئیشم پێتە!) بۆتە دروشمی پەنھانی ئەم پەیوەندییە.

کاتێک دەبینین ھاوڕێ سیاسییەکانی ناو یەک پارت، ھاوڕێ رۆشنبیرەکانی ناو یەک پرۆژە، ھاوڕێ رۆژنامەنووسەکانی ناو یەک کەناڵ و دەزگا ..ھتد، لێک جیادەبنەوە، یان لەدۆخی ناحەزییەکی شاراوەدا دەژین، کێشەکە سەیرکردنی یەکترە وەکو کاڵا، بۆشایی ھەر تێڕوانێکی مۆراڵی و جێگیرە بۆ ماناو کردەی ھاوڕێیەتی. ئەوەی ئەم مامەڵەیەشی تۆخکردۆتەوە، زۆرجار ترسی مرۆڤە لەبوون بە کاڵا لای ئەویدی! لەبنەڕەتیشدا کۆتایی باوەڕە بەبنەما نەگۆڕ و بەھا ھاوبەشەکانی ھاوڕێیەتی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP