دواین هەواڵ

پێویستمان به‌ كام میدیای نیشتمانییه‌؟

‌عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا

30/11/2023

ئه‌م تایپه‌ له‌ میدیا، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و فۆرمانه‌ی تری میدیادا ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌ربه‌ كه‌رتی تایبه‌تن و له‌ رووی خاوه‌ندارێتییه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كۆمپانیا بازرگانییه‌كان، یان ده‌زگاكانی بڵاوكردنه‌وه‌ یان رێكخراو و سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌كان، یان ته‌نانه‌ت میدیای پارت و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كانیش كه – هه‌روه‌ك كۆمه‌ڵناس، د.فالح عه‌بدولجه‌بار(1946-2018ز) ده‌ڵێت،‌ به‌شێكن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ مانای فراوانی وشه‌. 

ئاماژه‌ و واتایه‌كی دیكه‌ی میدیای نیشتمانی، په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌لاله‌ته‌ جوگرافییه‌كه‌یه‌وه‌، واته‌ وه‌ك تایپێكی میدیایی سه‌یرده‌كرێت له‌به‌رامبه‌ر میدیای نێوده‌وڵه‌تیدا، یان میدیای هه‌رێمایه‌تی، یان میدیای لۆكاڵی. 

به‌م ئاماژه‌یه‌، مه‌رج نییه‌ كه‌ میدیای نیشتمانی، ده‌وڵه‌ت سه‌رپه‌رشتی بكات، به‌ڵكو ئه‌م چه‌مكه‌، له‌م رووه‌وه‌، بریتییه‌ له‌ كۆی ئه‌و سه‌رمایه‌ میدیاییه‌ به‌رفراوانه‌ی كه‌ نیشتمانێكی دیاریكراو هه‌یه‌تی و هه‌موو داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ نیشتمانێكی دیاریكراودا، ده‌گرێته‌وه‌. 

لەو فرەییەدا دەوڵەت ناتوانێت میدیای تایبەتی هەبێت

  به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی-یش، ئەم مۆدێلە لە میدیا بە بەراورد بە میدیای پیشەیی Professional و ئه‌هلی، لەتەواوی وڵاتانی جیهاندا، پاشەكشەی كردووە، چونكە هه‌ر ئه‌زموونێكی هه‌بێت و چه‌ندیش خۆی بپارێزێت، له‌ كۆتاییدا، كه‌م و زۆر، دەبێتە ماشێنی بڵاوكردنەوەی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت، كە مەرج نییە رەنگدانەوەی ئیرادەی گشتیی كۆمەڵگە و بەتایبەتیش كۆمەڵگەی مەدەنی و دیموكرات بێت، به‌تایبه‌تی كه‌ لە كۆمەڵگە دیموكراتەكاندا فره‌ییPluralism حزبی و سیاسی و كەلتوری هەیە، دەوڵەت تیایاندا ناتوانێت و توانای ئەوەی نییە میدیایەكی هەبێت كە هەموو بەرژەوەندی و جیاوازی و چاوەڕوانییە جیاجیاكانی هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە تێربكات، چۆن ئیدیعای ئه‌وه‌ش بكات، ئه‌سته‌مە به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی بیسه‌لمێنێت و له‌وه‌ تێپه‌ڕێت كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌تداریدا پێی ده‌وترێت جێبیجێكردنی كارنامه ‌Agenda، بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ندێجار، ده‌شێت میدیای پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌ میدیای ده‌وڵه‌ت زیاتر خۆی به‌ نیشتمانی له ‌قه‌ڵه‌م بدات، به‌و جۆره‌ش ده‌بینین كۆنسێپتی میدیای نیشتمانی له‌ هزری گشتیی كۆمه‌ڵگه‌ و هاوكات له‌ ململانێ سیاسی و ئایدیۆلۆژییه‌كانی ناویدا پتر ئاڵۆز ده‌بێت، له‌وه‌ش زیاتر ده‌بێته‌ جێی ئاراسته ‌و ئیجتیهادی تایبه‌تی و هیچیتر.

بۆشایی سیاسەتی نیشتمانیمان هەیە

  بە باوەڕی ئێمە ئه‌م پرسه‌ له‌ واقعی ئێمه‌شدا هه‌مان هاو‌كێشه‌ی هه‌یه‌. كێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ ئه‌زموونی میدیای كوردیدا لە غیابی دامەزراوەی میدیایی نیشتمانیدا نییە، بەڵكو لە بۆشایی سیاسەتی نیشتمانیدایه.‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه‌ میدیای كوردی له‌ 32 ساڵی رابردوودا پێیدا تێپه‌ڕیوه‌، ئه‌زموونی بچووككردنه‌وه‌ی كۆنسێپتی نیشتمان و هۆشیاریی نیشتمانییه‌‌ له‌ گوتارێكی ئایدیۆلۆژییدا كه‌ میدیای لۆكاڵیی حزبی و ئه‌هلی دایانڕشتووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ مرۆڤی ئێمە، به‌ ئاشكرا و به‌ ئه‌زموونیش ده‌ركه‌وتووه‌، هێشتا بوونەوەرێك نییە كه‌ بە پراكتیك نیشتمانی بێت مه‌گه‌ر تەنها لە هه‌ندێ ئه‌ڵقه‌ی مێژوویی رووبەڕووبونەوەی داگیركەر و دوژمندا! 

  پاشان ده‌بێ بیرمان نه‌چێت كه‌ نیشتمانیبوون تەنها بریتی نییە لە دۆخی بەرگری سەربازی له‌پێناوی سه‌رزه‌مینێكی سیاسیدا، بەڵكو بریتییە لە فكر و ره‌وشت Morality، له‌ سایكۆلۆژیا و پەروەردە، له‌ نوێگه‌ری و تێپه‌ڕاندنی كۆمه‌ڵگه‌ی كلاسیكی. 

هه‌ر كاتێك كۆی ئه‌م توخمانه‌ هەبوون ئه‌وا دامەزراوەی نیشتمانی خۆی دروست دەبێت، نەشبێت كۆمەڵگە خۆی دروستی دەكات. 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP