دواین هەواڵ

چما خیانەت ئاسایبۆوە؟

‌ڕابوون مەعروف

19 خولەک پێش ئێستا

سەرۆك وەزیرانی حکومەتی عێراق، بەڕێز علی الزیدی، ئەمڕۆ، لە بەردەم سێ فراکسیۆنی ‘ئۆپۆزیسیۆن!’ ی کوردستان، رایگەیاندوە کە گوایە، ئەوان، لە تایبەتمەندیی کورد تێدەگەن و سوپای عێراقی، بەس سنورەکانی کوردستان کۆنترۆڵ دەکەن و ناچنە ناو شارەکان! 

ئەی ئەوان گوتویانە چی؟ پێدەچێت، خۆشحاڵ بوبن و داوایان کردبێت، حکومەتی عێراقی لە راپەڕاندنیی ئەو ئەرکە ‘پیرۆزە’ پەلە بکات!

یەکەم: جا کە سوپای عێراقی، سنورەکانی کۆنترۆڵ کرد، تۆی ‘کورد’، لە شارەکان وەك مەیمون، هەر هەڵپەڕە، چی دەڵێیت و چی دەکەیت؟ ئەو رۆژەی، خوا نەخواستە، سوپای عێراقی، سنورەکانی هەرێمی کوردستان، کۆنترۆڵ دەکات، بونی سیاسیی تۆ کۆنترۆڵ کراوە و تۆ جگە لە کۆیلەیەکی زنجیرکراو، هیچیتر نیت، بەڵام کۆیلەیەك، کە چێژ لە کۆیلایەتی خۆی دەبینێت.

دوەم: ئەگەر ناوەڕۆکی قەیران و ململانێکانی نێوان کورد و حکومەتی عێراقی، لەسەر دۆسێی گەندەڵی و تەهریبی نەوت و گومرگ بوایە، بێگومان دو کارمەند بۆ گومرگی سنورەکان و یەك کامێرای چاودێری بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت، بەسە و ئەو بابەت و دۆسێیە نە پێویستی بە سوپایە و نە پۆلیس. 

سێهەم: حکومەتی عێراقی، ئامرازی زۆرە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەندەڵیی و تەهریبی نەوت و تەنانەت لێپێچینەوەی قانونی لە ئاستی نێودەوڵەتی، لە دز و گەندەڵە گەورەکان، بەڵام حکومەتی عێراقی، ئەوە ناکا. حکومەت و دەسەڵات لە بەغداد، خۆی، لە سەری سەرەوە، تا خواری خوارەوە، دائیرە و رێکخستنی، چەتە و دز و گەندەڵی زەبەلاحە. راستی ئەوەیە، کە لە ناو کەلە سەری هەر یەکێکیان، سوپا و دەبابە و هێرشی سەربازی هەیە، بە خەون و خولیای داگیرکردنەوەی کوردستان!

چوارەم: لە راستیدا، ناوەڕۆکی قەیران و ململانێی، کوردستان و بەغداد، لەسەر سەروەری نەتەوەییە! ئەوان، هەرگیز کورد وەك نەتەوە ناناسن! بەڵکو، موسالیمترینیان، کورد، وەك کۆمەڵێك خەڵکی دەرەوەی شارستانێتی و رێکخستن و دەوڵەت، دەبینن. بۆیە، ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت، ئەبێ زۆر زۆر مەمنون بیت، کە لێگەڕێن، جلکی کوردی لەبەر بکەیت و بۆ ئاهەنگ و دۆڵمە خواردن بڕۆیتە دەرەوە و ئەگەر حەزیشت کرد، وەك مەیمون، هەڵپەڕیت! 

پێنجەم: دەیهێنمەوە بیرتان، پێش هێرشی حکومەتی داگیرکەریی سوریا، بۆ سەر رۆژاڤا، بنەمای شاڵاوی راگەیاندنیی داگیرکەر و ئەعرابی سوریی ئەوەبو، کە گوایە هەسەدە بیرە نەوتەکانی کۆنترۆڵ کردوە و داهاتەکەیشیی دەبات بۆ قەندیل. بەڵام ئێستا دەبینن، دۆخەکە گەییشت بەوەی کوردەکان لە رۆژاڤا لە زانکۆ و سەدان قوتابخانە و ناوەندیی پەروەردەی کوردییەوە، دەبێ خۆپیشاندان بکەن، بەڵکو هەفتەی چەند وانەیەك بە کوردی بخوێنن! ئامانجەکانی ئەعراب، لە رۆژاڤا و باشور هەر یەکە، راماڵینی سەروەریی نەتەوەیی کورد! بەڵام گەمژە کوا لە چەمکی سەروەری تێدەگات؟!

شەشەم: دەبێت، دان بەڕاستیدا بنێین، بێدادی فراوان و گەندەڵی زۆر نائاسایی و کەرامەت شکاندنی زۆرینەی لاوانی کورد، بە درێژایی سی و پێنج ساڵ حوکمڕانیی خۆیی، زەمینەی هەڵگەڕانەوە و پاشگەزبونەوەی لە شۆڕ و شەوق، بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەیی ساز کرد. بێگومان ئەوە، بە دەستوەردان و کارکردنی دەزگا و دامەزراوەی گەورەی موخابەراتی دراوسێ و داگیرکەران مەیسەر بو.

حەوتەم: بۆیە لە ئێستادا، شەپۆلێکی گەورەی حەشامات و جەماوەریی، لەگەڵ تەسلیمبون و کۆتاییهێنانە، بە هەمو دامەزراوەیەکی کوردیی و کوردستانیی و هەمو ئاماژەیەکی سەروەریی. ئەوە بە ئومێدی ئەوەی، لەشکری بەربەریی داگیرکەر، بێن و کوردستان باشتر بکەن و ژیان و خۆشگوزەرانیی بۆ زوڵملێکراوان دابین بکەن! کێ ئەوە بکا؟ ئەعرابی، دیوانیە و کوت؟! با پێشتر بۆ شار و شارۆچکەکانی خۆیانی بکەن.

هەشتەم: مام جلال، لە ململانێێ شەستەکانی نێو جوڵانەوە و یاخیبونی چەکداریی کوردستان، شەریفترین و وڵاتپەروەرترینیی، ناو بەرەی جەلالیی بو. لە ئێستادا، ماڵی مام جەلال، لە شوێنەکەی مام جەلال، دانیشتون. ئەو بەرە فراوانەی جەلالیزم، کە زۆر گەورەتر و فراوانترە، لە یەکێتی نیشتیمانی، ساز و ئامادەن بۆ جاشێتیی و خۆفرۆشیی و خیانەت. بۆ ئەوەی ئەوە رونەدات، دەبێت، پشتیوانی ماڵی مام جەلال بکرێت و پشتیان بگیرێت و گوێیان لێبگیرێت. دەست بە ماڵی مام جەلالەوە بگرن! 

نۆیەم: گەندەڵی بێسنور، خەریکە مەترسیی راستەقینە بۆ تاقانە حوکمڕانیی کوردیی، دروست دەکات و ئینتیمای لاوانی بۆ وڵات و نەتەوە لاواز کردوە و حەماس و شەوقی، بۆ بەرگریی نەهێشتوە. ئەگەر ویستێکی راستەقینە، بۆ پاراستن و پێشخستنی، کورد و حوکمڕانیی و سەروەریی نەتەوەیی هەیە، دەبێت، گەندەڵیی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، چارەسەر بکرێت و حوکمی قانون و دامەزراوەکان بەهێز بکرێن. 

دەیەم: دوا خاڵ، دەمەوێت، دان بەو راستییەدا بنێم، کە ئێمەمانان، شکستمانهێنا، لە ساز کردن و پێشخستنی، هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی تۆکمەی خاوەن گوتار و دیدەگای ئەوتۆ، کە بتوانێت، پارتی و یەکێتی تێپەڕێنێت و سوپای داگیرکەر وەك تروسکایی و روناکی رێگەی رزگاریی و بەدیلی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، نەبینێت. تا سەرهەڵدانی هێزێکی ئەوتۆ، گومڕایی دەبێت بە دیاریدە و خیانەت، وەك خەبات و تێکۆشان، دەبینرێت. 

*سەرنچ، بۆ ئەوانەی بیر دەکەنەوە: چما، سکۆتلاند و سکۆتیی، شەڕ بۆ سەروەریی دەکەن و بەرامبەر لەندەن (ئەڵێم لەندەن!) سازش لە سەروەریی ناکەن! کەتەلۆنیا، شەڕ بۆ سەروەری دەکات و سازش بۆ مەدرید ناکات (ئەڵێم مەدرید!) هەروەها، کیوبیك، شەڕ بۆ سەروەریی دەکات و سازش بۆ ئۆتاوا ناکات (ئەڵێم ئۆتاوا)! بەڵام حەشاماتی کورد و بەشێك لە نوسەر و ‘رۆشنبیر’ و ئۆپۆزیسیۆنە گومڕاکانی، خەون بەوەوە دەبینن، ئەو ماڵە لەرزۆکەی کورد بڕمێت و ئەعراب لە سەماوە و کوت و تکریتەوە بێن، حوکمی، هەولێر و سلێمانی و قەندیل، بکەن؟! ئەوە پرسیارە و با هەمیشە لەپێشمان بێت! 

#نەتەوە_نەك_خێڵ

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP