دواین هەواڵ

خوێندنەوەیەک بۆ تویتەکەی ترەمپ و پرسی کورد

‌نەوزاد هێتوتی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەک پێشتر باسم کردووە، زەیدی ئەو پیاوە نییە هەرەشە لە هەرێم بکات، ئەگەر دەستی تۆم باراک لەگەڵدا نەبێت. بۆیە، ئەمڕۆ بە ڕوونی لە تویتەکەی ترەمپەوە دیارە کە هەڵوێستەکەی ڕاستەوخۆ کوپی پیستی قسەکانی  تۆم باراکن.

 

واتە تۆم باراک و ترەمپ هاوڕا و هاودەنگن لەگەڵ ئەو سیاسەتەی ئێستا زەیدی  دژی هەرێم و لە عێراقدا پراکتیزەی دەکات. هەروەها دەیانەوێت هەمان سیناریۆی سووریا لە عێراقدا جێبەجێ بکەن.

گرنگترین خاڵەکانی تویتەکەی ترەمپ ئەمانەن:

یەکەم: ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پشتگیری هەوڵەکانی زەیدی دەکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەرتاسەری عێراقدا.

 

ئەمەش واتە ترەمپ بە ئاشکرا پشتگیری هەوڵەکانی زەیدان دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستانیشدا بسەپێنێت؛ بە تایبەتی لە ڕووی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانەوە.لەم ڕووەوە، ترەمپ عێراق وەک دەوڵەتێکی ناوەندگەرای تەماشای دەکات، نەک وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی.

دووەم: ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پشتگیری زەیدی دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت. لێرەدا زەیدی و تۆم باراک بە زیرەکی توانیویانە پرسی کورد لە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بگۆڕن بۆ پرس و مەسەلەیەکی گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت.

واتە، دیارە لە ژێر پەردەی دژایەتی‌کردنی گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوتدا، دەیانەوێت ڕاستەوخۆ لە پێگە و دەسەڵاتی هەرێم بدەن.

 

لەم ڕووەوە، ترەمپیش زۆر لەو شتانە ئاگادار نییە کە لە عێراقدا ڕوودەدەن. بۆیە، توانیویانە بەو شێوەیە ترەمپ قایل بکەن کە ئەوەی دەیکەن بۆ دژایەتی‌کردنی کورد نییە، بەڵکوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دژایەتی‌کردنی بەقاچاخبردنی نەوتە.

سێیەم: ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

بەڵام،پرسیار ئەوەیە  مەبەست لە کام دەوڵەت و کام هێزە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان؟ لێرەدا زۆرتر مەبەستی ترەمپ گرووپە میلیشیاکانە، بەڵام ئەمەش دەتوانرێت بەو شێوەیە لێک بدرێتەوە کە ترەمپ دەیەوێت دەسەڵاتی ناوەند بە تەواوەتی بەسەر هەرێمدا زاڵ بێت. ئەگەر نا، خۆی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ڕووی دەستوورییەوە بەشێکن لە پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق.

چوارەم: ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پشتگیری هەوڵەکانی زەیدی دەکات بۆ دروستکردنی عێراقێکی بەهێز، کەشەسەندوو  و  سەقامگیر و یەکگرتوو کە خاوەنی بڕیاری خۆی بێت. دیسان لێرەدا ترەمپ بە هیچ شێوەیەک باسی پرسی فیدراڵی ناکات.

 

ئەمەش بە پێچەوانەی هەموو ئەو سیاسەتانەی ئەمریکایە کە پێشتر بەردەوام جەختیان لەسەر دەوڵەتێکی یەکگرتووی دیموکرات و فیدراڵی دەکردەوە. بەڵام ئێستا ترەمپ نە باسی دیموکراسی دەکات و نە باسی فیدراڵیزم.

واتە، ترەمپ دەیەوێت بە کورتی عێراقێکی دیکتاتۆری، بەڵام بەهێز، دروست بکات کە هاوپەیمانی ئەمریکا بێت.

 

لێرەدا ترەمپ سەد لە سەد قسەکانی تۆم باراک دووبارە دەکاتەوە؛ ئەو قسانەی لە ماوەی ڕابردوودا باسم کردووە، کە بە پێی ئەو دیدگایە، فیدراڵیزم و دیموکراسی چارەسەری کێشەکانی عێراق نین، بەڵکوو دەیانەوێت پیاوێکی بەهێز لە عێراقدا دروست بکەن کە هاوپەیمانی ئەمریکا بێت و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا ڕۆڵ بگێڕێت.

بەڵام، هەرگیز ئەو عێراقە بەو شێوەیە دروست نابێت و گرووپە میلیشیاکانیش ڕێگە نادەن عێراقێک دروست بێت کە دووبارە بتوانێت هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئێران بکات.

 

ئەوەی ترەمپ ئاگای لێی نییە ئەوەیە کە زەیدی پشتگیری ئەمریکا بەکاردەهێنێت، نەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران و لەناوبردنی گرووپە چەکدارەکان، بەڵکوو بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە، تورکیا و تەنانەت ئێرانیش پشتگیری ئەم سیاسەتە دەکەن.

دوای ئەم هەڵوێستەی ترەمپ، بژاردەکانی بەردەم کورد زۆر بەرتەسک دەبنەوە. بە تایبەتی، هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە بەرژەوەندی کورددا نین.

بۆیە، کورد تا ئەو جێیەی دەکرێت دەبێت خۆی لەم شەڕە دوور بخاتەوە و چاوەڕێ بکات تا ترەمپ و تۆم باراک لە کۆشکی سپی نەمێنن. لە لایەکی ترەوە، دیارە ترەمپ هیچ کات سیاسەتێکی جێگیر نییە و بەردەوام لەگەڵ واقیع مامەڵە دەکات و سەیری ئەوە دەکات کە لەسەر زەوی چی ڕوودەدات.

 

بۆیە، نابێت کورد بێهیوای بێت. دەبێت لە دەرەوەی تۆم باراکیش، لە ڕێگەی کۆنگرێس و وەزارەتەکانی ئەمریکاوە، هەوڵ بدات بۆ ئەوەی گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی ترەمپدا بهێنێت؛ بە تایبەتی لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر کوردەوە.

 

هەرچەندە ئەمە لە ئێستادا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەبێت کورد بە دروستی مەترسییەکانی هەنگاوەکانی زەیدی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕوون بکاتەوە. بو مێژوش دەلیم ترەمپ کاتێک قسەکانی بەرامبەر هەرێم دەگوریت کە لە سەر ئەرز بەهێز و یەکگرتوو بن و بتوانن هەرەشەی گەورە لە سەر دەسەلاتی زیدی درووست بکەن.

بەلام پرسیار ئەوەیە ئایا کورد ئەو تواناییەی هەیە ئەمە جێگەی پرسیاری سەرەکییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP