دواین هەواڵ

مەسرور بارزانی.. ئەندازیارى کوردستان لە سەردەمی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا

‌عبدالقادر هەرکی

28 خولەک پێش ئێستا

كوردستان، ئەمڕۆ لە یەکێک لە خاڵە هەستیارەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە؛ لە ناوچەیەکدا کە هاوسەنگیی هێز بەردەوام لە گۆڕاندایە و پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان لەسەر ئایندەی گەلانى ناوچەکە و بگرە جیهان بەگشتی هەیە.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە بەڕێوەبردنی کابینەیەک و کۆمەڵێک دامەزراوەی حکوومی بەرپرسیار نیە، بەڵکوو لە پێگەیەکدایە کە بڕیارەکانی کاریگەرییان لەسەر ڕێبازی گەشەسەندن و سەقامگیری و پێگەی داهاتووی کوردستان دەبێت. 
گرنگیی ئەم بەرپرسیارێتییە کاتێک زیاتر دەردەکەوێ کە بزانین بۆ پاراستنی دەستکەوتە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگە ناوخۆییەکان و فشارە ئاڵۆزە ناوچەییەکان ببێتەوە، ئەمەش ئەرکێکە لە ئاستی توانای هەر کەسێکدا نیە.
مەسرور بارزانی و پڕۆژەی ئایندەسازی
یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەدای بەڕێز مەسرور بارزانی، ڕێبازی گەشەسەندنخوازانەیە بۆ ئیدارەی هەرێمی كوردستان. پڕۆژەی (ڕووناکی) کارەبای ٢٤ کاتژمێری، هەژماری من، پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو و وزە، دروستکردنی ڕێگاوبان، وەبەرهێنان، گەشەپێدانی شارەکان و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەشێکن لە هەوڵەکانی حکوومەتەکەی بۆ گۆڕینی پێکهاتەی ئابووری و خزمەتگوزاریی ناوچەکە.
گرنگیی ئەم پڕۆژانە تەنیا لە باڵەخانە و ڕێگاوبان و ئیمکاناتەکاندا نیە، بەڵکوو لەو گۆڕانکارییەکاندایە کە دەتوانن لە ژیانی خەڵکدا دروستی بکەن. گەشەسەندنی ڕاستەقینە کاتێک دەبێتە مانادار کە ببێتە هۆی هەلی کار و ئابوورییەکی بەرهەمدار و خۆشگوزەرانیی گشتی و هیوای نەوەی گەنج. 
گرنگ ئەوەیە مەسرور بارزانی هەوڵ دەدات ئەم ڕێگایە لە قۆناغی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە بەرەو قۆناغی دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئابووریی بەردەوام و کێبڕکێکار ئاراستە بکات.
بەغدا.. گۆڕەپانی سیاسەت و دانوستان و چەسپاندنی مافەکانی هەرێمی کوردستان
یەکێک لە بەرپرسیارێتییە ئاڵۆزەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەڕێوەبردنی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدایە. پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و نەوت و غاز و داهاتی ناوخۆ و دەسەڵاتە یاساییەکانی هەرێمی كوردستان تەنیا ناکۆکیی ئیداری نین، ئەم بابەتانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پێگەی سیاسی و ئابووریی کوردستانەوە هەیە لە پەیكەری فیدراڵیی عێراقدا.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا ئەزموونی سیاسی و ستراکچەرى دەسەڵات لە بەغدا و توانای بنیاتنانی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ڕەوتی جۆراوجۆری عێراقدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. 
مەسرور بارزانی بە پەیڕەوکردنی دانوستان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، لە دۆخێکدایە کە توانای دیپلۆماسی بۆ چەسپاندنی مافەکانی هەرێمی كوردستان و کەمکردنەوەی گرژییە پووکێنەرەکان کەڵک وەربگرێت.
بەغدا نابێت مەیدانی ناکۆکی بێت، بەڵکوو ببێتە گۆڕەپانێک بۆ چەسپاندنی هاوبەشیی ڕاستەقینە و ڕێزگرتنی یەکتر و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی کوردستان.
مەسرور بارزانی لە هاوکێشە ئەمنی و جیۆپۆلیتیکییەکانی هەرێمدا
کوردستان دەکەوێتە دڵی یەکێک لە هەستیارترین جوگرافیاکانی جیهان. پێشهاتەکانی ئێران، تورکیا، سووریا، عێراق، کێبڕکێی نێوان ئەمەریکا و زلهێزەکانی ناوچەکە و گۆڕانی هاوکێشە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموویان کاریگەرییان لەسەر ژینگەی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە هەیە.
لە جوگرافیایەکی ئاوادا پاراستنی ئاسایش بە تەنیا بە ئامرازی سەربازی ناکرێت. بەڵکوو دیپلۆماسیی هاوسەنگ، داننان بە بەرژەوەندیی ئەکتەرە ناوچەییەکان، پتەوکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی هەرێمی كوردسستان بۆ ناو ململانێکانی دیکە، پێویستیی ستراتیژیین.
مەسرور بارزانی لەم بوارەدا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتییەک دەبێتەوە کە لە بەڕێوەبردنی پرسە ڕۆژانەییەکان تێدەپەڕێت و بریتی دەبێت لە: پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆ، بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی كوردستان، گۆڕینی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی کوردستان بۆ دەرفەتێک بۆ گەشەپێدان و کاریگەریی سیاسی، نەک فاکتەرێک بۆ لاوازیی زیاتر.
وتەی کۆتایی.. بەرپرسیارێتیی ئەمڕۆ، میراتی سبەی
بەڕێز مەسرور بارزانی لەتوانایدایە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی گۆڕانکاری لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی رژدی و وردی بەڕێوە ببات. ئەم بەرپرسیارێتییە هەم دەرفەتێکی مێژووییە و هەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە، دەرفەتێک بۆ گۆڕینی دەستکەوتە سیاسییەکان بۆ دەسەڵاتی ئابووری، سەقامگیری بۆ گەشەپێدان و تواناکانی ئێستا بۆ دامەزراوەی بەردەوام و بەهێز.
کوردستان دەرەنجامی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدان و هیوای گەلێکە کە باجی قورسی داوە بۆ پاراستنی شوناس و گەیشتن بە ئایندەیەکی باشتر. ئەمڕۆ بەرپرسیارێتیی نەوەی بەڕێوەبەر و داڕێژەرانی سیاسەت تەنیا پاراستنی ئەم میراتە نیە، بەڵکوو گەیاندنی بۆ ئاستێکی نوێی پێشکەوتن و دەسەڵاتە.
مەسرور بارزانی، پشت بە ئەزموون و ئیرادەی سیاسی و تواناکانی ئێستای، دەتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لەم ڕێبازەدا بگێڕێت.
کوردستان پێویستی بە ئایندەیەک هەیە کە تێیدا گەشەسەندنی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی و ئاسایشی بەردەوام و یەکگرتوویی دامەزراوەیی پێکەوە بژین. بنیاتنانی داهاتوویەکی لەو شێوەیە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە؛ بەرپرسیارێتییەک کە ئەمڕۆ هیچ کەس جگە لە ڕێزدار مەسرور بارزانی بۆ ئەم ئەرکە گونجاوتر نابینرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP