بۆ ئەوانەی چاودێری پەیوەندییەکانی بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستانی عیراق و کۆماری ئیسلامی دەکەن. سەردار مسگەریان ناوێکی ئاشنایە. ئەو لە هەشتاکانەوە مامەڵە لەگەڵ حزبەکانی کوردستانی عیراق دەکات و ئیستاش فەرماندەی قەرارگای ڕەمەزانی سەر بە سوپای قودسە؛ لە هەمان کاتیشدا بەرپرسی فایلی کوردستانی عیراقە.
دوێنێ سەردار مسگەریان سەردانی هەولێری کرد و بڕیاریشە لەم رۆژانە سەردانی سلێمانیبکات.
پەیامی ئێران بۆ پارتی و یەکێتیی، بە ڕوونی ئەوەیە کە تاران لەگەڵ هەر هەوڵێک بۆ دوولەتبوون یان جیاکردنەوەی هەرێمێک لە هەرێمی کوردستاندا نییە. بۆ ئێران، مانەوەی هەرێمێکی ئارام، یەکگرتوو و ــ بە دەربڕینی خۆیان ــ «عاقڵ»، گرنگییەکی ستراتیژی هەیە؛ چونکە هەرێمێکی دابەشکراو و ناسەقامگیر، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی فشار و مەترسییەکی نوێ بۆ سنوور و بەرژەوەندییەکانی ئێران.
ئێرانییەکان نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر پرۆژەیەکی سیاسییان خستبووەڕوو؛ پرۆژەیەک کە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەنێوان پارتی و یەکێتی دامەزرابوو. لە هەمان چوارچێوەدا، پێشنیاری نووسینەوەی ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێ لەنێوان دوو هێزی سەرەکیی کوردستانیش کرابوو.
ئێستا، بە ئەگەری زۆرەوە، تاران هەوڵ دەدات ئەو پرۆژەیە لە نوێوە بخاتەگەڕ. ئەمەش لە قۆناغی یەکەمدا بە دانیشتن و گفتوگۆی سیاسی دەست پێدەکات؛ دانیشتنەکان ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی پەیامی ئێران، هێورکردنەوەی دۆخەکە و گوێگرتنە لە گۆشە نیگای هەردوو لایەن.
بەڵام قۆناغی دووەم، ئەگەر گفتوگۆکان بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگەن، دەتوانێت بچێتە ناو قۆناغی دانانی بنەمای ڕێککەوتنێکی سیاسیی نوێ؛ ڕێککەوتنێک کە لەوانەیە تەنها کێشەی پۆست و دەسەڵات چارەسەر نەکات، بەڵکوو پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای ستراتیژییەکی هاوبەش دووبارە ڕێکبخاتەوە.
بە کورتییەکەی، ئێران پەیامەکەی ئەوەیە: واز لە لوتبەرزی و عینادی بهێنن، تەنازول بۆیەکدی بکەن، چونکە دوو هەرێم قبوڵنەکراوە!