دواین هەواڵ

هەرێم.. ئەو ئەزموونەی کە کۆپیەکەی پەیست نەکرا!

‌شیروان تاڵیب

13 کاتژمێر پێش ئێستا

لە سووریا بە ڕوئیایەکی ناڕوون و ئایندەیەکی ناڕوونترەوە بەرەو دیمەشق ئەچین و لە تورکیا دەمێکە ڕوو لە ئەنقەرەین و لە ئێرانیش ڕاستە مەعلووم نیە چی هەیە و چیمان لێدێ، بەڵام بە دیققەتدان لەو دووانەی تر، پێئەچێ هەر ڕێی تاران ڕێمان بێ!

ئەم واقیعە تاڵەی کە نەتەوەیەکی ئەصیڵی خاوەن خاک لەناو دەوڵەتهایەکی مەصنووعیدا تێی کەوتووە، ئەگەر بەشێکی لەو گەمە خاڵیی لە ئەخلاق و ویژدانەوە هاتبێ کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بیزنس لە دنیا بەناوی سیاسەتەوە پێمان ئەکەن، ئەوا بەشەکەی تری، لە شکستی ئێمە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هاتووە!
هەرێمی کوردستانی عێراق ڕاستە بە خەباتی بێوچان و خوێنی ڕژاو بەدەستهات، بەڵام ئەگەر مەسڵحەتی ئەهلی قەراری دنیا لەم بوونەدا نەبووایە، ئەوا (وەک زۆر جێی تر کە ئێرە جێی باسکردنیان نیە)، خەباتەکە هەر لەناو کتێبە تۆزخواردووەکانی سەر ڕەفەی مەکتەبەکاندا ئەمایەوە و خوێنە ڕژاوەکەش لە ناخێکی پەنگخواردوودا ئەبووە ڕقێکی ئەستوور لە چاوەڕوانی پسانێکی گۆدۆ ئاسادا!

وەکچۆن بۆ کورد، هەرێمی کوردستانی عێراق جێی ئومێدی نەتەوەیەکی خاکلەتکراوی گەل پەرتکراوە و شەریفەکانیان لەپێناو مانیدا ئامادەی فیدان، بەلای دنیا و ئەهلی قەراری دنیاشەوە کە بۆ مەسڵەحەتی خۆیان تا سەر ئێسقان پشتیوانییان لە بوونی ئەم هەرێمە کرد و هێشتاش تیایاندایە کە ئەیکەن، موختەبەرێک بوو بۆ تاقیکردنەوەی کورد و ئەهلییەتی لە حوکمڕانیدا!

لێرەدا، دەستەواژەی (ئەزموونی گەلەکەمان) وەک وەسفێک بۆ ئەم هەرێمەی کە هەمانە، لە خۆڕا نیە کە لە خیتابی سیاسی و فەرهەنگی میدیاییماندا جێیەکی مێژوویی هەیە و ماویشە، ئاخر (ئەزموون) یەعنی چەندە بۆی هەیە تیایدا سەربکەوی، ئەوەندەش بۆی هەیە بکەوی!

ناچمەوە سەر ئەوەی کە لە سی و شتێک ساڵی ڕابردوودا لێرە ڕووی داوە، دێمە سەر تازەترینیان…

ئەمڕۆ لە مەجلیسێکی خۆییانەدا، پیاوێکی بە ئاگا، لە قسەکانیدا لەسەر وەزعی ناوخۆی ئەم هەرێمە شتێکی باس کرد، جگە لەوەی مووی قەترانی سەر سپی ئەکا، باشتریش تێئەگەی کە کۆپی ئێرە بۆ لە جێی تر پەیست نەکرا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP