بە گوێرەی دەستور کۆمەڵێ داودەزگای گرنگی دارایی و مافخواز و سیاسی سەربەخۆ هەن، هەر یەکە لە بانکی ناوەندی، کۆمیسۆنی هەڵبژاردن ، کۆمیسۆنی مافی مرۆڤ و دەستەی نەزاهە، و هتد، ئەم دەستەو دەزگا سەربەخۆیانە بەشێک نین لەدەسەڵاتی جێبەجێکردن، دابراون لە حکومەت. خۆیان خاوەنی بریاری سەربەخۆی خۆیانن، ئاشکرایە ئامانجی دەستوریی لە دامەزراندنی ئەم دەزگا سەربەخۆیانە بۆ پارێزگاریکردن بوە لە ژیانی دامەزراوەیی دەستوریی و چەسپاندنی لامەرکەزییەت ، چونکە سیستەمی حوکمرانی بە گوێرەی دەستور( کۆماریی، پەرلەمانی، فیدراڵی ، دیموکراسیە) بە پێی مادەی (١١٦) ی دەستور. سیستەمی بەڕێوەبەردن لامەرکەزییە، بە کورتی بوونی ئەو دەستە سەربەخۆیانە بۆ ئەوەیە کە حکومەت هەژموون نەکات بەسەر تەواوی دەزگاکانی دەوڵەتدا بەرەو تاککرەوی
نەچێت. لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەیەکە بریاری راست و دروستی خۆیان بەسەربەستی بدەن ، بەڵام قۆناغ بە قۆناغ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەکانی پێشوو لەرێگای بریاری شیکردنەوەی دادگای فیدراڵیەوە(قەراری تەفسیریی) جەوهەری ئەم داودەزگا سەربەخۆیانەیان دەستکاریکردوەو کردویانن بە شێک لەدەسەڵاتی خۆیان ،یان بەجۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر هەژموونی خۆیاندا بن ، بەو هۆیەوە هەر بە ناو بە سەربەخۆیی مانەتەوە، دواهەمینیان بریاری ڕاڤەکردنی ژمارە(٢٣٧/ فیدراڵی/٢٠٢٤) کە بە گوێرەی ئەم تەفسیرەی دادگای فیدراڵی ، بەشی زۆری دەستە سەربەخۆکانی لکاندوە بە حکومەتەوە ، بەم هۆیانەوە بەکردەوە بەشی زۆری دەستە سەربەخۆکان کەتونەتە ژێر دەستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە. لە راستیدا ئەمە پێشێلکردنی دەستورەو هەنگاوی کردارییە بەرەو تاکرەویی و مەرکەزییەت. سەبارەت بە بریاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ گۆرینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی ،لەرووی دەستورییەوە شێوەی بریاردەرکردنەکە گونجاو نیە. چونکە بە گوێرەی مادەی (١٠٣/ یەکەم) ی دەستور، بانکی ناوەندی سەربەخۆیەو لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، هەر بە گوێرەی قانونی بانکی ناوەندی ژمارە(٥٦) ساڵی ٢٠٠٤ ی هەموارکراو پاڵپشت بە دەقی مادەی(١٦) برگەی (ب)گۆرینی بەهای دراو لە دەسەڵات و پسپۆری بانکی ناوەندیە. ئەبێت ئەو زانیاریەش باس بکەین ،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوەخت لە بەرواری٢٠٢٦/٧/١٤ پرسیارێکی تەفسیری بۆ دادگای فیدراڵی ناردوە سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بە گوێرەی بریاری تەفسیری ژمارە (٢٠١/فیدراڵی /٢٠٢٦ )دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی وەزیران بە گوێرەی دەستور دەسەڵاتدارە بۆ رەسمکردنی سیاسەتی کارگێری و دارایی دەوڵەت، بێگومان باری دارایی عێراق قورسەو بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە بە ناچاری هەرئەبوو بریارێکی ئاوا دەربکەن و لەناو بژاردە خراپەکانی تر، ئەمەیان باشەکەیان بوو، بەڵام ئەبێت هەموو لایەک بە دەنگی بەرز داوای جێبەجێکردنی دەستورو قانون وەکو خۆی بکەین. ئەبێ دەستور لەسەروو هەموو لایەکەوە بێت. ناکرێ بە پاساوی جۆراوجۆر، هیچ کەسێک و داودەزگایەک خۆی بە شوێنگرەوەی رێرەوی دەستوریی بزانێ ، بەداخەوە ئەمە بوە بە داب و نەریتێکی زۆر مەترسیدار. ئەم پێشێلکارییە دەستورییانە دەوڵەتی دەستوریی گۆریوە بەرەو ئاراستەی تاکرەویی و جۆرێک لە حوکمی تاکە کەسی ، هەقی خۆیەتی بەرێگا دەستورییەکان ئەم پێشێلکارییانە بوەستێنرێت.