ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئامادەکراوە، پاشان نێردراوە بۆ لیژنەی وەزاریی ئابوری بۆ ئەوەی ڕاو سەرنجی لەسەر بدەن و بە شێوەی کۆتایی ئامادەی بکەن. بەڵام بەهۆی ڕاجیاییەوە ، سەبارەت بە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا هیچ مادەیەک بە شێوەی کۆتایی لەسەر هەرێم لە ناو قانونی بودجەدا نەنووسراوە و تەنها لە خشتەی پارە تەرخانکردن، ژمارەی پشکی هەرێم نوسراوە. بڕیارە دەقی مادە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان لە ناو ئەنجومەنی وەزیران یەکلایی بکرێنەوە ،ئەو وەختە بخرێتە ناو پرۆژە قانونەکەوەو هەواڵەی پەرلەمانی بکەن:
گرنگترین خاڵە ناکۆکەکان:
١. نەوت: حکومەتی عێراق دەیەوێت هەرێم پابەند بکات بە ڕادەستکردنی بڕی (٤٠٠) چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ کۆمپانیای سۆمۆی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بەڵام هەرێم بەم داوایە ڕازی نیە، بەڵکو دەڵێت توانای بەرهەمهێنانی لە ئێستایا تەنها (٢٦٠) دوو سەدو شەست هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە و لەو بڕەش (١٠٠) سەد هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆیی هەرێم بەکاردەهێنێت. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم.
٢. گومرگ و داهاتی نانەوتی: کێشەیەکی تازە سەری هەڵداوە، ئەویش پێناسەی گومرگ و داهاتی نانەوتی هەرێمە. عێراق پۆلێنی خۆی هەیە بۆ داهاتی نانەوتی، بەگوێرەی ئەو پۆلێنە هەرێم ،نەک ڕێژەی ٪٥٠ی نادات، بەڵکو لە ٪٢٠ تێپەڕ ناکات. ئەمەش دەتوانێت هەرێم تووشی قەیرانی قوڵ بکاتەوە و بودجەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکات.
٣. پشکی هەرێم لە کۆی بودجە: جاران ڕێژەی ٪١٢.٦٨ دەنوسرا. پاش ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی، پشکی هەرێم بووە ٪١٤.١٤ بەڵام بە بڕیاری حکومەتی پێشووی سودانی، ناوی ئاوارەکان و کۆچبەران لابراوە و جارێکی تر ڕێژەی هەرێم کراوەتەوە بە ٪١٢. هەرێم بەم دەستکارییە ڕازی نیە و ئەمەش بووەتە کێشەیەکی تازە و ئاڵۆز.
پێشنیار:
دەرمانی تەواوی ئەم کێشانە لە ئێستادا بەردەست نیە، بەڵام دەتوانرێت بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێن. لەبری لیژنە و لیژنەکاری، پێشنیار دەکرێت کاربەدەستێکی باڵا لەگەڵ خودی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ دابنیشێت و کاغەزێکی چارەسەر پێشکەش بکات. ئەگەر نا، موزایەدەی ناو ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان نەک تەنها چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریان دەکات. لەلایەکی تر هەموو وەختێک کێشەکان لە وردەکارییەکاندا بوون ،نەک لە بنەمای گشتی، بە گشتی لەرووی سیاسیەوە تارادەیەک ئاو وهەوایەکی سیاسی ئارامتر لە جاران لەبەغدا هەیە، ئەتوانرێ بە شێوەیەکی ژیرانەو ئارام، بە زمانێکی دبلۆماسی و هاوسەنگ تارادەیەک بەشێک لە داواکان جێبەجێ بکرێن.