دواین هەواڵ

بۆ ئەمریکا و جیهان لە ئاست ڕوداوەکانی یەمەندا بێدەنگن؟

‌محەمەد هەورامی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکانی یەمەن و کۆنتڕۆڵکردنی یەکێک لە گرنگترین شاڕێکانی ئابووریی جیهان، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی هەزاران پارچە چەک و کەرەستەی سەربازیی قورس، پرسیاری ئەوە دروست دەکات بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و جیهان لە ئاست ئەم مەترسیەدا بێدەنگن؟

بێدەنگی و بێهەڵوێستیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی، لە ڕووی سازشکردن یان نەبوونی توانای سەربازی و هێرشبردنەوە نییە ، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و سەرکەوتووانەی جێبەجێکردنی ستراتیژێکی سەربازییە کە لە زانستی جەنگدا پێی دەوترێت «بەرپەرچدانەوە لە ڕێگەی سەپاندنی تێچوو».

حوسیەکان بە پشتبەستن بە چەکی خۆماڵی، ئەم هاوکێشەیەی بەسەر بەرامبەرەکەیدا سەپاندووە کە پێیان دەڵێت: ڕەنگە ئێوە دەستپێکەری هێرش و بۆردومان بن، بەڵام کۆتاییهێنەری جەنگەکە گورزی وێرانکەری ئێمەیە بۆ سەر دەمارە ئابوورییەکان و ژێرخانە هەستیارەکانی ئێوە.

هێزی ئەوانەی هیچیان بۆ لەدەستدان نییە
یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی حوسی کە وایکردووە بەرامبەرەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ سڵ بکاتەوە.

ئەو فاکتەرەوایکردووە تەنانەت لە کاردانەوە و وەڵامدانەوەشدا، زۆر لە تاران توندتر و بێباکتر بن ؛ حوسیەکان لە 5 ساڵی ڕابردوو ئەوەیان بە جیهان سەلماندووە کە هێرشکردنە سەریان بە بێ تێچوو و بە بێ وەڵام نیە ، هیچ هێزێک بە ئەمریکا و ئیسرائیلیشەوە نیە کە هێرشی کردبێتە سەر حوسی و ئەوان بێ وەڵام بووبن!

بگرە وەڵامەکانیان زۆر بێ باکتر و چاونەترسانە بووە کە وایکردوە زۆر بە ئازایانە تێچووی هێرشکردنە سەریان زۆر بەرز بکەنەوە.

ئەگەر ئێران وەک دەوڵەتێک لە ترسی وێرانبوونی ژێرخانە ئابووری و پیشەسازییەکەی ناچار بێت لە هەندێک هێرش و کاردانەوە خۆی بپارێزێت، ئەوا حوسییەکان ئەو ترسەیان نییە.

هەڕەشەی لێدانی ژێرخان بۆ هێزێک کە لەناو وێرانەی چەندین ساڵەی جەنگدا بەرگری دەکات، کاریگەریی نابێت ؛ ئەمەش وایکردووە تێچووی هێرشکردنە سەریان هێندە بەرز بێت کە هەر هێزێک بەر لە پەلاماردانیان، دەیان جار بیر لە ئاکامەکانی بکاتەوە.

لە کۆتاییدا، هەر ئەم واقیعەیە کە وایکردووە ئەمریکا و ئەوروپا نەیانەوێت بپەڕنە ناو جەنگێکی کراوەوە کە بەرامبەرەکەیان هیچ شتێکی بەنرخی نییە تا لەدەستی بدات.
ئەوان باش دەزانن لە ململانێیەکی وا ناهاوسەنگدا، لە کۆتاییدا تەنها وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن؛ ڕێک هاوشێوەی ئەو ئەزموونەی سعودیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ئەم جەنگەوە چەندین ملیار دۆلار زیانی ئابووریی گەورەی بەرکەوت.

بەڵام لە کۆتاییدا دواجار ئەمریکا بڕیار دەدات ئایا ئامادەیە تێچووی هێرشکردنە سەر حوسی قبوڵ بکات و بێتە ناو شەڕەکەوە یا نە؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP