دواین هەواڵ

جیۆپۆلیتیکی بەریەککەوتن: هورمز، عێراق و یارییە جیهانییەکە

‌مەیسەم مورادی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئۆردن و هێرشی ئەمریکا و سعودیا بۆ سەر عێراق، پێوەندی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە. ئێران دەیەوێت مەیدانی بەریەککەوتنەکان لە ئاستی لۆکاڵ بگوازێتەوە بۆ ئاستی هەریمی:

 ئەگەر لە ئاراستەی شیکاری جیۆپۆلیتیکییەوە چاو لە بابەتەکە بکەین، هەڵسەنگاندنەکەمان زۆر سەرنجراکێش دەبێت. لەم نووسینەدا، من کەڵکم لە شێوازەکانی شیکاری جیۆپۆلیتیکی لە کتێبی Geopolitics and International Relations وەرگرتووە. لە شیکاری جیۆپۆلیتیکیدا، دەبێت دابەشکاریی لە نێوان بەریەککەوتنە لۆکاڵی، هەرێمی و جیهانیەکاندا بکەین، بەڵام دەبێت هێڵێی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا دروست بکەین و لە کۆتاییدا پێکەوەیان ببەستینەوە. 

لۆکاڵ: هورمز وەک ناوچەیەکی لۆکاڵ لەبەرچاو بگرن، کە ئێران هەموو هەوڵی خۆی دەدات کۆنترۆڵی بکات، بەڵام هاوکات ئەمریکاش نایەوێت ئێران توانای کۆنترۆڵکردنی هورمزی هەبێت، چونکە تەنگەی هورمز شوێنی گواستنەوەی زیاتر لە ٢٠% وزەی جیهانە. کاتێک باس لە ڕێڕەوێکی ئاوی و وزە دەکرێت، یەکسەر گوێچکەکانی ئەمریکا گوێقوڵاخ دەبێت و هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی بکات. لە راستیدا ئێرانیش چاک لەم هاوکێشەیە تێگەیشتووە، بۆیە قەت نایەوێت هورمز بداتە دەستەوە، چونکە دەزانێت کارتی هورمز، کارتی دەستکەوت، چەنەلێدان لەسەر مێزی دانوستاندن و لە کۆتاییدا کاتی زیندوومانەوەیە، بۆیە بەهەموو توانایەوە دەیەوێت هورمز کۆنترۆڵ بکات. ئێران ناچارە بۆ ئەوەی هەژموون و هێزی خۆی پیشانی جیۆپۆلیتیکی ناوخۆیی بدات، دەبێت توانایی سوپای پاسداران پیشانی یار و نەیاری خۆی لە هورمز بدات، بۆیە سەبارەت بە تەنگەی هورمز، ئێران هیچ پاشەکشەیەک ناکات و بەس بە زمانی هێز، مووشەک و درۆن قسە دەکات. ئەمە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە چۆن دەرکەوتنی وێنەی سوپای پاسدارانەوە هەیە، بۆیە ئێران دەڵێت یان هەمووی هورمزم دەوێت، یان یاریەکە لە هەمووان تێکدەدەم. جۆری هەڵسوکەوتی ئێران لە تەنگەی هورمز (لۆکاڵ)، لێکەوتەی بۆ ئاستی هەرێمی و جیهانی هەیە. 
 (لە نووسینەکانی پێشوومدا باسی گرنگی تەنگەی هورمزم کردووە بۆ ئێران، بەتایبەت پەیوەست بە مانەوەی حووسیەکانی یەمەن و حیزبۆڵای لوبنان.)

هەرێمی: کاتێک ئێران هێرش دەکاتە سەر ئۆردن، ئەمریکا و سعودیا هێرش دەکەنە سەر عێراق. لە شیکاری جیۆپۆلەتیکیدا، Buffer Zone دەورێکی زۆر گرنگ دەبینێت. ئێران هەست دەکات وڵاتی ئۆردن  Buffer Zoneی ئیسرائیلە. واتە ئۆردن دەتوانێت وەک قەڵغانێک بۆ ئیسرائیل ببینرێت، بۆیە کاتێک هێرش دەکاتە سەر ئۆردن، هەڵسەنگاندن بۆ توانایی خۆی و لایەنی بەرامبەری دەکات لە ئاراستەی هێرش بردن و بەرگریی کردن. هاوکات هەوڵ دەدات ڕێگەی گونجاو لە ئاسمانی ئۆردنەوە بۆ چوونە ناو ئاسمانی ئیسرائیل بدۆزێتەوە. 

کاتێکیش ئەمریکا و سعودیا و بێگومان ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر عێراق، هێرشەکەیان بۆ  Buffer Zoneی ئێران بووە. ئێران هەوڵدەدات عێراق بکاتە قەڵغان بۆخۆی و پێش ئەوەی دەستی نەیارەکانی بگاتە ئاسمانی ئێران، لە عێراقەوە مەترسیان بۆ دروست بکات. لەم دۆخەی ئێستادا، ئەمریکا، سعودیا، ئیسرائیل و ئێران هێرش دەکەنە سەر وڵاتانێک کە دەوری  Buffer Zone دەبینن. 
هاوکات کە ئێران لە تەنگەی هورمز (لۆکاڵ) خەریکی نمایشی هێزە، لە بەشی هەرێمیدا، بە ئەمریکا دەڵێت «لەسەر هورمز هیچ پاشەکشەیەک ناکەم و تەنانەت ئێستا کە دانوستاندن دەکەین، بە مووشەک و هێرش چەنە لێدەدەم». واتە لە دیدی تیۆرییەکانی دانوستاندنەوە، ئەم هەنگاوەی ئێران، جۆرێک لە تاکتیکی قامچی و گێزەر دەچێت. 

جیهانی: لە شیکاریی جیۆپۆلیتیکیدا، لێکەوتەی ڕووداوە لۆکاڵ و هەرێمیەکان دەتوانێت ئاراستەی جیهانی بگرێت و دەستی وڵاتی زۆرتر بباتە ناو بەریەککەوتنەکان. هەڵکشانی نرخی وزە، یارمەتیەکانی ئێران بۆ رووسیا و هاوکات دروستکردنی مەترسی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، نموونەگەلێکن کە بوونە هۆی ئەوەی کە وڵاتێک وەک ئۆکرانیا دەستی ئاوەڵا بکرێت و هێرش بکاتە سەر ئێران. هەر هەنگاوێک کە ئێران لە تەنگەی هورمز (لۆکاڵ) دەیگرێتە بەر، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کاریگەریی لەسەر بەشی هەرێمی و جیهانی هەبێت و بەمجۆرە جیۆپۆلیتیکی دەرەکی دەبێتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنەکانی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ ئەوەی جیۆپۆلیتیکی ناوخۆیی کۆنترۆڵ بکات. 

بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە کاتێک ئاستی بەریەککەوتنەکان دەچنە ئاستی جیهانی، ئێرانیش دەبێتە  Buffer Zoneی وڵاتێک وەک ڕووسیا، چونکە ئۆکرانیا بەوجۆرە چاو لە ئێران دەکات، واتە ئێران خۆی کردووە بە قەڵغان بۆ ڕووسیا، بۆ ئەوەی ڕووسیا بەسەر ئۆکرانیا سەرکەوێت. کاتێک ئێران لە چاوی ئۆکرانیا دەبێتە  Buffer Zone، ئەوکات ئێران لە چەند لایەنەوە دەکرێتە ئامانج: ئەمریکا لە تەنگەی هورمز دەیکاتە ئامانج بۆ ئەوەی تەنگەی هورمز بکاتەوە. ئیسرائیل دەیکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی لانیکەم توانای ئەتۆمی، مووشەکی و درۆنی نەمێنێت. سعودیا، کوێت، بەحرەین و ئیمارات دەیکەنە ئامانج، بۆ ئەوەی هەژموونی ئێران و پرۆکسیەکانی کەم بکەنەوە و مەترسیەکانیان لەناو ببەن. ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپایی دەیکەنە ئامانج، بۆ ئەوەی پشتی ڕووسیا بشکێنن. 
لێرەدایە کاتێک کە ئێران ئاستی بەریەککەوتنەکان لە لۆکاڵ دەگوازێتەوە بۆ هەرێمی، دەبێت چاوەروانی ئەوەشی هەبێت لە هەرێمییەوە بگوازرێتەوە بۆ جیهانی.
مەیسەم مورادی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP