دواین هەواڵ

ئەمریکا: دوو سەدە و نیو کۆتایی

‌د.سەردار عەزیز

9 کاتژمێر پێش ئێستا

تەمەنی ئەمریکا دەبێتە دوو سەدە و نیو. لە کاتێکدا ئەمریکای ئەم یادە دەکاتەوە، بە یەکەک لە سەختترین ساتەوەختەکانیدا تێدەپەڕێت. ئەم ساتەوەختە خوێندنەوەی زۆر گرنگە، نەک تەنها بۆ ئەمریکییەکان بەڵکو بۆ هەموان لە دونیادا.
بە گشتی دەتوانین بڵێین دوو خوێندنەوە هەیە: خوێندنەوەی یەکەم، ئەوەیە کە ئەمریکا بە ساتەوەختێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بەڵام نە بێوێنەو  نەک جیاوازە، بەڵکو بەشێکە لە مێژوی. جیوپۆلەتیکناسەکان هەندێکیان وەهای دادەنێن کە ئەمریکا هەمیشە دوو جۆر گۆڕانکاریی هەیە کە دەگمەن بە یەکەوەن، گۆڕنکاریی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریی سیاسی. بەڵام لە ئێستادا هەردوو گۆڕانکارییەکە بە یەکەوەن، بۆیە ئەو جەنگەی لە ناوەوەی ئەمریکا هەیە وەک جەنگی کەلتوریی ناو دەبرێت.
بەم پێیە ئەمریکا بە ساتەوەختی خۆ نوێکردنەوەدا دەچێت، نەک قەیران. 
لە ڕوی ئابورییەوە ئەمریکا دەیەوێت پێشەنگی ئابوری داهاتوو بێت لە ڕێگای ژیری دەستکرد و ناوەندەکانی داتاوە. ئەمەش پێویستی بە وزەی زۆر و هەرزان و ئاو و  داهاتی زۆرە. هەتا ئێستا کەس ناتوانێت ڕکەبەر بێت.
لە ڕوی جیوپۆەلتیکیەوە، ئەمریکا لە کاتێکا لە ناوەوە بە قەیراندا تێدەپەڕێت، بەڵام نەیارەکانی لە فەنزوێلا و کوبا و ئێران و ڕوسیا لاواز کردوە. ترسی گەورەی ئەمریکا هەمیشە گەلەکۆمەی ئەم نەیارانەبوە کە وەهای لێبکەن نەتوانێت شەڕی هەمویان بکات لە هەمانکاتدا. لە جەنگی جیهانی دووەمدا ژاپۆن بە هەڵە ئەمریکای خوێندەوە، چونکە بڕوای وەهابوو کە ئەمریکا بە هۆی قەیرانی ناوەوە ناتوانێت هێرش بکاتە سەری بۆ گەر ژاپۆن هێرش بکاتە سەری ئەوا ناچار دەبێت بە دانوستان، بە تایبەتی کاتێک لە گەڵ ئەڵمانیادا ڕێکەوتبون کە ئەگەر ژاپۆن هێرش بکات ئەوا ئەڵمانیاش هێرش دەکات، بەو جۆرە ئەمریکا ناتوانێت شەڕی دوو بەرە بکات.
بەڵام هەموو ئەو گرەوانەی لە سەر قەیرانی ناوخۆ هەڵەبوو، ئەمریکا لە جیاتی تەسلیمبون لە ناوەوە یەکی گرت و هەردوو دوژمنەکەی تێکشکاند.

لە ئێستادا هەندێکی تر ئەرگومێنتی ئەوەیان هەیە کە ئێستا جیاوازە. ئەمریکا تەنها بە قەیرانی خۆ نوێکردنەوەدا ناڕوات بەڵکو لە ڕوی بونیادییەوە گۆرانکاری بەسەر دێت، بەوە کۆمەڵگاکەی بەتەواوی پەرت دەبێت. خەڵکی سپی پێست ژمارەیان کەمدەکات و بڕوایان بە دیموکراسیی نامێنێت بەڵکو جەخت لە سەر کۆمار و تایبەتمەندی کۆماری ئەمریکی دەکەنەوە. کەسێکی سادەی یەرڤینگ کە تەنها بلگنوسێکە داوای جۆرێک لە پادشایی یان کەسی بەهێز دەکات بۆ حوکمی ئەمریکا، ئەمڕۆ وەک بیرمەند مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. 

لە هەمانکاتدا ئەمریکا هەموو بنەماکانی ڕابوردوی لە دەست دەدات بەوە وڵاتی دەرفەت بێت، خەڵکی زۆر هەکار و خەڵکی زۆر دەوڵەمەند کۆمەڵگاکەی پێکدەهێنن، ئەمەش مایەی بەهێزبونی فاشیزم و توندوتیژییە. شارەزایەکی وەک باربەرا واڵتە لە کتێبە نایابەکەیدا باس لە شەڕی ناوخۆ ئەمریکا دەکات.
لە هەمانکاتدا پیاو لە ئەمریکا تەنها ئاماژەنیە بۆ نێر، بەڵکو وەک یەکەیەکی ئایدەلۆژی هەوڵی گەڕانەوە دەدات کە دەخوازێت ئافرەت کۆیلەبکات و ڕەشپێست لە مرۆڤبخات. ئەمە بە زەقی لە ئەندرۆ تیت و پیت هیگسیس و قەشەکەی پیت و زۆری تردا دەیبینیت. 
ئایا ئەمریکا خۆی نوێدەکاتەوە یان دەگۆڕێت، هەرچۆنێک بێت کاریگەری هەیە لە سەر دونیا. کاریگەری یان گۆڕانکاری هەرە دیار، لاوازبونی ئیسرائیلە لە ئەمریکا. دیارە ئەفسانەیەک هەیە کە لۆبیی ئیسرائیلی ئەمریکا بەڕێوە دەبات، ئەمە هەڵەیە. لە ئەمریکا تەنها کاتێک لۆبی کاریگەری هەیە کە بەرژەوەندی دەوڵەت لە گەڵ لۆبیکەردا تەبابێت. ئەگەر دەوڵەتی ئەمریکی لە بەرژەوەندی نەبوو هەزار لۆبیی هیچی بۆ ناکات. 
دەکرێت ئەمریکا خۆ نوێبکاتەو و بەڵام لە هەمانکاتدا بشگۆڕێت.
شەو شاد

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP