چەند پێشنیارێك بۆ حکومەت و پارتەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ناوەندە فیکری و جەماوەرییەکان وهەرکەسێك جێگەی بایەخییەتی
پێش هەموو شتێك جێگەی داخە لەکاتێکدا گەورە جەللادێکی وەکو عەجاج و تاوانبارێکی پرۆسەی جینۆسایدکردنی گەلەکەمان دادگایی دەکرێت، دۆخی کوردستانی باشور و پەیوەندی نێوان هێزەکانی و واقیعی حوکمڕانییەکەی بەو جۆرەیە کە دەیبینین. ئەوە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو ڕابردووە کارەساتبارەی نەتەوەکەمان، بە ئاستی جیاواز، بەو ئەندازە یاداوەری نوخبەی بریاربەدەستی حیزبیی پێکناهێنێت، بەشی زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکان، بیناکردنەوەی پەیوەندییەکان، سەرخستنی پرۆسەی نیشتیمانسازی و هەرێمێکی تۆکمە و یەکگرتوو چاوبڕینە سەربەخۆیی بکات، کە جگە لەو، هیچ شتێك لە ئاستە نەتەوەییەکەدا بارتەقای جینۆسایدکردنی گەلێك و هەوڵی تەفرووتووناکردنی نیە. هەرچۆنێك بێت بەم بۆنەوە جەخت لەسەر ئەم پێشنیار و خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
١- دیاریکردنی ڕۆژێك بۆیادکردنەوەی ساڵانەی جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە عێراق و کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەکرێت یەکێ لە بژاردەکان ڕۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی ئەنفالەکان بێت. لەم ڕۆژەدا هاوشێوەی هەندێ میللەتی تر، لە سەرتاسەری دنیادا، پارچەکانی کوردستان و دیاسپۆرا، هەموو ساڵێك خۆپیشاندانی ملێۆنیی ڕێکبخرێت، هەندێ ڕەمزی ڕژێمی بەعسی تێدا بسووتێنرێت و کاری پێویستیتر ئەنجام بدرێت. ئەم چالاکییە جگە لە دەربرینی نەفرەت لەو تاوانە و جەختکردنەوە لەسەر زیندوێتی و مانەوەی کورد، دەبێتە کەرەسەیەکی گرنگی ناسنامەسازی نەتەوەیی و هاوچارەنووسیی ڕۆڵەکانی، وەبیر جیهانیش دەهێنرێتەوە، نەتەوەیەکی گەورەی جیهان کە جینۆسایدکراوە هێشتا وەك پێویست شوێنی خۆی لەسەر شانۆی جیهاندا نەگرتووەو بێ دەوڵەتە.
٢ - ساڵانە هەفتەی زیندوو کردنەوەیەکی تایبەتی ئەم یادە و کۆی یادە جەرگبرەکان هەبێت، تیایدا پێشبڕکێی ئەدەبی و هوونەری و فیکریی ئەنجام بدرێت، خەڵاتی باشترین ڕۆمان، فلیمی سینەمایی، کتێب و دەقی شیعریی و چیرۆك بکرێت، گرنگیشە دەستەیەکی چەسپاو سەرپەرشتی ئەمە بکات، بۆ کاری ستراتیژی هاوشێوەی بەرهەمهێنانی چەند فلیمێك لەسەر ئاستی جیهانی و کۆنگرەی نێودەوڵەتی لە پایتەختە گەورەکان و هەوڵی داننان بەجینۆسایدکردنی کورد لەلایەن پەڕلەمانی وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکانەوە، نەخشەی (٣-٥) ساڵی هەبێت حکومەتیش دەستکراوانە بودجەی بۆ دیاری بکات.
٣- سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەموو ئەو بابەتانەی دەربارەی ئەنفال و کارەسات و بۆنە نەتەوە گەورەییەکانی تر لەپرۆگرامەکانی خوێندندا دیاریکراون، لە ڕوانگەی پێویستییەکانی نیشتیمان و گەلسازی و قووڵکردنەوەی گیانی نیشتیمانپەروەرێتی کوردستانیی و تێپەڕاندنی دابەشبوونە خوارنەتەوەییەکان.