دواین هەواڵ

تەڵەی ترەمپ و گەمەی "فریودانی ستراتیژی"

‌زریان رۆژهەڵاتی

18 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندێکجار لە زانستی شەڕدا "تەمومژ" چەکە و "فریودان"یش ستراتیژێکی کاریگەر. لێدوانەکەی ترەمپ لەبارەی ناردنی چەک بۆ ناو ئێران لەڕێگەی کوردەوە، مانۆڕێکی لێزانانە بوو بۆ خەڵەتاندنی تاران؛ گەمەیەک کە بەشێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ، ئێستا بە کەڵکی ئێرانیش دێت بۆ پاساودانی هەندێک فشار.
بۆچی ئەم گێڕانەوەیەی ترەمپ جێگەی گومانە؟
 یەکەم؛ پرسی نوێنەرایەتی: با وای دابنێین قسەکەی ترەمپ ڕاستە، بەڵام کێ نوێنەری وەرگرتنی چەک بوو لە دەستی کورد؟ دەبوو کورد ئەو چەکە رادەستی کام سەرکردەی ئەو خۆپێشاندانانە بکات کە لە بنەڕەتدا "بێسەرکردە" و خۆڕسک بوون؟ چەک بۆ "نادیار" نانێردرێت.

 دووەم؛ زۆربەی خۆپێشاندانەکانی ئەم خولە لە تاران و قووڵایی ئێران بوون، ناوچە کوردییەکان کەمترین جووڵەیان تێدابوو. هەرکەس کەمێک شارەزای جوگرافیا بێت، دەزانێت گەیاندنی چەک لە کوردستانەوە بۆ شەقامەکانی تاران بۆ "کەسە نادیارەکان"، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوا لەوپەری زەحمەتیدایە.
 سێیەم؛ خۆپێشاندانەکان ١٤ی مانگی یەک کۆتاییان هات، کەچی ترەمپ ١٣ی مانگ گوتبووی "هاوکاری بەڕێوەیە"! پرسیارەکە ئەمەیە: بۆچی دوای دوو مانگ بێدەنگی و رێک لە گەرمەی شەڕ و گرژییەکاندا، باسی "نەگەیشتنی" چەکەکەی کرد؟
 چوارەم؛ ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی مەبەستی بەشداری کورد لە شەڕ بوایە، راستەوخۆ چەکی دەدا بە حیزبەکانی رۆژهەڵات یان نەتەوەکانی دیکە و دەیبردنەوە سەر سنوور؛ کەسیش نەیدەتوانی رێگریی لێبکات، وەک چۆن ٢٠٠ سەربازی لە ناو خاکی ئێران دابەزاند بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانەکە. خۆ هەندێک لەو حیزبانە لەو "ئەحمەد چەلەبی"یەی کاتی خۆی ئەمریکا لە عێراق پشتی دەگرت، بەهێزتر و رێکخراوترن.
بۆیە، گوێ مەدەنە قەڵەم و دەمەکانی ناوخۆ کە سەرقاڵی ململانێی بچووکن؛ ئەم ماستە موویەکی گەورەی تێدایە!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP