دواین هەواڵ

عێراق دوای هاتنەكەی بایدن و نوێژەكەی سەدر!

‌زریان رۆژهەڵاتی

19/07/2022

نوێژەكەی سەدر و سەردانەكەی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوو رووداوی گرنگی رۆژانی رابردوون كە دەشێ ئاراستە بە شێوازی پێكەوەنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بدەن. هەڵبەت گەلێك فاكتەری جیاجیای دیكەش هەن، بەڵام ئەمانە هەنووكەیین. 

نوێژەكەی سەدر نەخشەڕێی هەنگاوەكانی داهاتووی ئەوی دەرخست، ئەوەش نەك تەنیا حكومەت، بەڵكو كاریگەریی لەسەر كۆی پڕۆسە سیاسییەكە دادەنێت. سەردانەكەی بایدن و دەرەنجامەكانیشی كاریگەریی لەسەر هەڵوێستی ئێران لە عێراق و ناوچەكە دادەنێت، وەك نزیكترین لایەنی دەرەكی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە ئێستا بە تەمایە حكومەت پێكەوە بنێت.

سەردانەكەی بایدن و پێكهێنانی حكومەتی عێراق

لە سەردانەكەی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەنگی وەرچەرخانێک دێ. نزیكەی مانگێك بەر لە ئێستا هەوڵمدابوو تیشك بخەمە سەر كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق و كوردستان. پێدەچێ ئیدارەی بایدن بە تەمای دروستكردنی هاوسەنگییەكی هێزداری بێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێرانیش چاوەڕێیە بزانێ ئەمە بە كردەنی چی لێدەكەوێتەوە. راستییەكەی، ئەوان هیوایەكی زۆریان بە بایدن هەبوو تاوەکو كاتێ هاتەسەركار، بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامەی ئەتۆمی، بەڵام بایدن ئەوانی تووشی سەرسووڕمان كرد. چونكە نەك هەر تاوەکو ئێستا ئەوەی نەكردووە، بگرە خەریكە ترەمپ ئاسا دەجوڵێتەوە، هەرچەند هێشتا خواستی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیشی لەسەردایە. سەردانەكەی بۆ ئەم ناوچەیە زیاتر بۆ دروستكردنی هاوسەنگییەك لە نێوان هێزە ناوچەییەكان بوو كە بەهۆی توانای مووشەكی، درۆن و هێزە پرۆكسییەكان و بەرنامەی ئەتۆمییەوە، زیاتر بەلای ئێران داشكا بوو. 

دەبێ چاوەڕێ بین بزانین كە جووڵەی داهاتووی رووسیا، چین و هەڵوێستەكانی داهاتووی ئێران وەك لایەنێكی دیكەی ئەم بابەتە چۆن دەبن تاوەکو بزانین ئەو هاوسەنگییە دروست دەبێت یان نا؟ بەڵام رەنگە ئەوە دیاربێت كە ئێران چی بە تەمای گرژكردنی بارودۆخە بێت لە ناوچەكە، یان دواجار مل بدات بۆ راهاتن لەگەڵ ئەو هاوسەنگییە نوێیەی كە ئەمریكا بە تەمایە دروستی بکات، سیاسەتەكەی لە عێراق پاراستنی ئەو دۆخەیە كە لە ئارادایە. واتا رەنگە نەیەوێ دۆخەكە لەوەی كە هەیە ئاڵۆزتر بێت، بەڵام بۆچی؟

هاوكات لەگەڵ ئەگەری زیادبوونی گرژییەكان لە سوریا و لوبنان، رەنگە ئەوە بژارەیەكی گونجاو نەبێت بۆ ئێرانییەكان كە دۆخی عێراق لەوەی كە هەیە ئاڵۆزتربێت. لە سووریا ئیسرائیل هێرشی بەردەوامی هەیە و لەوانەیە توركیاش بێ مەیل نەبێت ئۆپەراسیۆنێكی دیكە بكات، كە چەندەی دژی ئیدارەی رۆژئاوا بێت، ئەوەندەش لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئێرانیش دەبێت، لەوانەیە رێ لەو هەلی فراوانبوونی نفوز و هەڵشكانەی ئێران لە سووریا بگرێت كە دوای كشانەوەی رووسیا لە هەندێك شوێن بۆی رەخساوە. 

هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرژییەی كە ئێستا لە لوبنان هەیە، گرژكردنی زیاتری دۆخی عێراقیش شتێك نابێت كە لە قازانجی تاران بێت. ئەمە بێجگە لەوەی كە ئاراستەیەكی بەهێز لە عێراق دروستبووە كە دژی هەژموونی ئێرانە و تارانیش ناتوانێ چاوی لێ بنوقێنێت. ئەو بەودواییانە باڵیۆزێكی تازەی لە عێراق دانا كە بە ئەسڵ عێراقی و خەڵكی نەجەفە و ئەمەش چەندەی پرۆسەیەكی سیاسی و ئیداری پەیوەست بە ئێران خۆی بێت، ئەوەندەش بۆ هێوركردنەوەی ئەو رەوتەی شەقامی شیعەیە كە پێیوایە ئێران جیایە و دەستوەردان لە كاروباریان دەكات. رەوتی خۆپێشاندەرانی ناڕازی و سەدرییەكان خوازیاری هەژموونی ئێرانی نین لە عێراق و پێدەچێت مەرجەعییەتی باڵای شیعەش بە لەونێك بەو ئاراستەیەدا هەنگاوی نابێت. بۆیە ئەگەر ئیتار بە تەمابێت حكومەتێك بە دڵی خۆی و بێ گوێدانە رای سەدر و لایەنەكانی دیكە دروست بكات، ئەوسا ئەگەر هەیە دۆخەكە وەك 2018ـی لێ بێتەوە، وەك چۆن دوای ماوەیەك لە پێكهێنانی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی خۆپێشاندان و ناڕەزایی سەریهەڵدا.

نوێژەكەی سەدر و پێكەوەنانی حكومەت 

لە راستیدا هەر لە رۆژی پێش نوێژەكەوە، ئەو ساتەی كە تویتی رابەری رەوتی سەدر بڵاوكرایەوە، نیشانەكانی ئەوەی كە سەدر بە تەمانییە جارێ پەنا بۆ خۆپێشاندان بەریت دیاربوو. راستییەكەی دۆخی ئێستا بۆ سەدر وەك دوو شەشی یاری تاوڵە وایە. لە حكومەت نییە و حكومەتیش دەكات. لە ئۆپۆزیسیۆنە، جارێ تاكە سواری شەقامیشە بەڵام ئاراستە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش دەدات! ترسی سەرەكی ئیتارییەكان ئەوە بوو كە سەدر گەمەكەیان لێ تێكبدات، رەنگە هەر ئەمەش هۆكاری سەرەكی خاوەخاوكردنی ئەوان بووبێت لە پێكەوەنانی حكومەتێكی بێ سەدر، ئەویش سەرەڕای ئەوەی كە پێشتر موقتەدا سەدر، دەرفەتێكی 40 رۆژەی پێدابوون تاوەکو حكومەت دروستبكەن و نەیانتوانی. 

لە نوێژەكەی هەینی رابردووشدا سەدر دووەمین دەرفەتی بە ئیتار دایەوە تاوەکو حكومەت دروستبكات. ئەو توانای خۆی بۆ راكێشانی خەڵك بۆ سەر شەقام پیشاندا، بەڵام دووەمین دەرفەتیشی دایەوە بە ئیتارییەكان بۆ ئەوەی حكومەت دروستبكەن، هەرچەند هێڵی سووری بەسەر ناوی مالكی و هەندێك كاندیدی گریمانەیی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران هێنا و هەندێك مەرجیشی دانا. 

سەرۆكوەزیرانی داهاتوو كێ دەبێت؟

وەك ساڵی 2010، ئەمجارەش لە ماراسۆنە زیاتر لە نۆ مانگییەكەی پێكهێنانی حكومەت دا، نوری مالكی ئەكتەرێكی سەرەكییە، وەك ساڵی 2018ش تۆپەكە لە مەیدانی گرووپەكانی نزیك لە ئێرانە. یەكێك لەو بەربەستانەی كە نەیهێشتوە لەدوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان حكومەت پێك بێت، ناكۆكییە نێوخۆییەكانی چوارچیوەی هاوئاهەنگییە. ئەمەش لەوانەیە نیشانەیەك بێت بۆ ئەوەی كە ئەمجارە ئێران كەمتر دەیەوێ قسەی تێدا بكات. بۆیە ئەگەر هیچ نەگۆڕێت، رەنگە زیاتر هاوسەنگییە نێوخۆییەكانی عێراق و ئیتار ئەوە دیاری بكەن كە كێ دەبێتە سەرۆكوەزیرانی داهاتوو. 

لەوانەیە دانانی كەسێكی لە سەركردە پلە یەكەمەكانی ئیتار (وەك مالیكی یان عامری) واتای ئاڵنگاریی سەدر بێت، مالیكی بێت ئەوە هەر ئاڵنگارییەکی راستەوخۆیە و عامریش بێت ئاڵنگارییەکی ناڕاستەوخۆ دەبێت، چونكە ئەمە واتای ئەوەیە كە حكومەتەكەی بەهێز دەبێت و بە هەبوونی گرووپێكی بەهێزی وەك سەدریش لە دەرەوەی پەرلەمان، لەوانەیە واتای گرژی زیاتر بدات كە پێدەچێت ئیتار و ئێرانیش لانیكەم لە ماوەی كورتخایەندا خوازیاری نەبن. ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەگەر مالیكی  ببێتە سەرۆكوەزیران یان هادی عامری، دەتوانێت لەسەر هاوسەنگییە نێوخۆییەكانی ئیتاریش كاریگەری دابنێت. بۆیە عامری كشایەوە و پێدەچێت ناوی مالیكیش زیاتروەك تەكتیك لەناواندا بێ، ئەگینا بە هەبوونی ڤیتۆی ناڕاستەوخۆی مەرجەعییەت، هەبوونی سەدر و شەقامی ناڕازی شیعە و تۆمارە دەنگییەكانی ئەم دواییە، چانسی ئەو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كەمتر بووەتەوە. خۆ ئەگەر شتیكی وەهاش رووبدات، ئەوا وەك ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێت و دەبێ عێراق خۆی بۆ قۆناخێكی نوێ ئامادە بكات.

بژارەیەكی دیكەش مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی ئێستایە كە دوای نوێژەكەی سەدر و هاتنی بایدن و تۆمارە دەنگییەكانی مالیكی چانسەكەی زیاتر بووەتەوە. لەسەردەمی ئەودا گرفتی قەرزەكانی ئێران لای عێراق بە لەونێك چارەسەركرا. ناوبژیوانی ئێران و سعودیەی كرا كە كارنامەیەكی جێی پەسندی لایەنە دەرەكییەكانە. ئەو مانۆڕیكی زیرەكانەیشی كرد كاتێك كە ماوەیێك بەر لە ئێستا سەردانی تارانی كرد. بەر لەوەی بچێتە جەددەش چووە لای ئیتاری تەنیسیقی لەكاتێكدا كە ئەمەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی عێراق نەكرد و دەیەوێت پێیان بڵی، "من دەتوانم هاوسەنگی رابگرم." كۆبوونەوەكەیشی لەگەڵ بایدن و محەممەد بن سەلمان وەك سەرۆكوەزیرانێكی كاربەڕێكەر، دەتوانێ وەك پاڵپشتییەكی ئەمریكا و سعودی بۆ مانەوەی ئەو تەرجەمە بكرێتەوە. پێدەچێ مانەوەی مستەفا كازمی هەتا هەڵبژاردنێكی دیكە بژارەیەكی سەدریش بێت. كازمی لە دەرەوەی عێراق و لە دەرەوەی ئیتار بەدوای پاڵپشتیی بۆ مانەوەی خۆی دەگەڕێت، بەڵام گرفتەكەی ئەوەیە كە جارێ ئیتار پێی رازی نین. بە ئەگەری زۆر دواجار بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو فاكتەرانە، دواجار ئەگەری رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر ناوی سیاسییەكی پلە دووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كارێكی دوور لە چاوەڕوانی نییە، هەرچەند كازمیش هێشتا هەر چانسێكی ماوە.

كورد و سەرۆكایەتی كۆمار

دوو روانگە لە نێو ئیتارەوە سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی كۆمار دەردەكەون، یەكیان داوا لە كورد دەكات كە رێككەون و یەكی دیكەش جاربەجار باس لەوە دەكات كە ئەوان دەنگ بە كاندیدی یەكێتی دەدەن. راستییەكەی ئەوەیە كە كشانەوەی سەدر دۆخەكەی بۆ ئیتار گۆڕیوە. وادیارە ئەوان ئەمجارە كەمتر دەیانەوێ دەست لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار وەربدەن چونكە چەندەی پێویستیان بە یەكێتی هەیە، ئەوەندەش پێویستیان بە پارتی هەیە لە قۆناخی داهاتوودا. ئا لێرەوەیە كە بژارەی هەرە گونجاو بۆ ئەوان رێككەوتنی پارتی و یەكێتییە. 

دیارە چانسی د. بەرهەم ساڵح بۆ بوونەوە بە سەرۆككۆمار زیاترە ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر كەسێكی دیكە رێكنەكەون. چونكە گەڕانەوەی ئەو لە بەغداوە بۆ سلێمانی، دەتوانێت كاریگەری لەسەر هاوسەنگییە نێوخۆییەكانی حیزبەكەی دابنێت، رەنگە هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكیش نەیەوێت كارێك بكرێت كە سەركردەكانی ئێستای یەكێتی تووشی گرفتی زیاتر بن. بە ئەگەری زۆر تاوەکو خولەكی كۆتایی هەوڵی سازانی هەردوولا دەدرێت بەڵام ئەگەر نەكرا، رەنگە دواجار دەنگ بە كاندیدەكەی یەكێتی بدرێت، بەڵام لە بەرامبەردا ئیمیتیازێكی واش بە پارتی بدرێت كە پێی رازی بێت. بەوجۆرەش دەرچەیەك بۆ یارییەكی براوە – براوە بۆ هەردوو لایەنی كوردی بڕەخسێت.

كۆتایی

گوتارەكەی سەدر لە نوێژی هەینی دووەمین دەرفەتی ئەو بوو بۆ ئیتار بۆ ئەوەی حكومەت پێكەوە بنێ. دوای هاتنی بایدن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دۆخی عێراق بۆ ئێران زیاتر لە جاران گرنگ دەبێت، بۆیە بە ئەگەری زۆر، تاران وەک لایەنی دەرەكیی نزیک لەو گرووپەی كە ئێستا جڵەوی پێكهێنانی حكومەتی بە دەستەوەیە، لە عێراق بە دوای هاوسەنگییەكدا دەگەڕێت. ئەمەش دەتوانێت بە دۆخێك تەرجەمە بێت كە حكومەت ئیتاری بێت، بەڵام بە شەراكەتێكی ناڕاستەوخۆی سەدر (وەك هێشتنەوەی پۆستەكانی لە نێو حكومەت) یان لانیكەم بە رەزامەندییەكی رێژەیی سەدر و پارتی و سوننەكانیش بێت. هاوشێوەی ئەو باڵانسەی هێزدارییەی كە بایدن دەیەوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست بێت، رەنگە دۆخێكی عێراقیش تەنانەت ئەگەر بەشێوەی كاتیش بێ بەرەو راگرتنی هاوسەنگییەك بڕوات ئەگەر دۆخەكە وەك ئێستا بمێنێتەوە.  

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP