دواین هەواڵ

لەنێوان چەک و سیاسەتدا ، تڕەمپ چی لەکورد دەوێت ؟!

‌عەتا شەمێرانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

هەر کاتێک" دۆناڵد تڕەمپ " سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان باسی "چەکدارکردنی کورد" دەکات، هەمان ئەو پرسیارە کۆنانە سەرهەڵدەدەنەوە: بۆچی ترەمپ بەردەوام ئەم پرسە تایبەتە دەخاتە ڕوو؟! بۆچی هەندێک جار کورد بە شەڕی داعشەوە دەبەستێتەوە؟! ئایا ئەم قسانە نوێنەرایەتی پشتیوانی ڕاستەقینە بۆ کورد دەکەن، یان تەنها فێڵێکی سیاسی و میدیاییە کە واشنتۆن لە کاتی پێویستدا بەکاری دەهێنێت؟!!

ڕاستییەکە ئەوەیە کە “کارتی کورد” یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی لە یەک کاتدا لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەکەدا دەبەسترێتەوە. کورد لە عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران ئامادەیە ، هەر لێدوانێکی واشنتۆن سەبارەت بە چەکدارکردن یان پشتیوانیکردنیان، ڕاستەوخۆ نیگەرانی لەلای ئێران و تورکیا دروست دەکات! 

لە ماوەی شەڕی داعشدا، هێزە کوردییەکان ڕێکخراوترین هێزی چەکداربوون،  ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعشدا ، هێزە کوردییەکان توانای هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هەبوو. بۆیە واشنتۆن پاڵپشتی سەربازی و مەشق و چەک و چەکی بۆ هێزە کوردییەکان دابین کرد، نەک تەنها لەبەر سۆز و خۆشەویستی بۆ کورد، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوبەشێکی کاریگەر بوون لە ناوچەکەدا 

دۆناڵد ترەمپ کە بە شێوازی میدیایی کۆمیدی ناسراوە، بەڵام لەسەر ئەو پرسە، بە زمانێکی ئارام و دیپلۆماسی قسە  ناکات. بەردەوام پدەستەواژەی ئیستفزازی وەک "کوردمان چەکدار کرد"، "چەکمان پێدان"، یان "چەکەکانمان دیار نەماون" بەکاردەهێنێت، ئەم زمانە بە تەواوی خۆڕسک نییە؛بەڵکو هەڵگری چەندین پەیامی سیاسییە!

یەکەم لەو پەیامانە٫ ئاڕاستەیە بۆ خەڵکی ئەمریکا. ترەمپ هەمیشە دەیەوێت وێنەی سەرکردەیەکی بەهێز نیشان بدات کە لە نهێنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەگات و توانای بڕیاردانی یەکلاکەرەوەی هەیە. بۆیە هەندێکجار پرسی کورد بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیدارەکانی پێشوو یان دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەمریکا، وەک ئەوەی بڵێت واشنتۆن پارەیەکی زۆری خەرجکردووە و ژمارەیەکی زۆر لە کوتلەی چەکداری کردووە بەبێ ئەوەی چاودێرییەکی تەواویان بکا!.

پەیامی دووەم؛ ئاڕاستەی ئێرانە. تەنیا بیرخستنەوەی تاران کە ئەمریکا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کورد هەیە، جۆرێک لە فشاری دەروونی و سیاسی دروست دەکات، چونکە ئێران لە مێژوودا بەترسەوە سەیری هەر پشتیوانییەکی دەرەکی بۆ هێزە کوردییەکانی ناوچەکە کردووە. بەم شێوەیە هەر لێدوانێکی ئەمریکی سەبارەت بە "چەکدارکردنی کورد" لە تاران وەک پەیامی کاریگەری لێکدەدرێتەوە نەک تەنها بەیاننامەیەکی میدیایی!!

بە پێچەوانەوە سەرکردەکان لەوە تێدەگەن کە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن زۆر گرنگە، بەڵام پەیوەندییەکی خاڵی نییە لە حیسابات. ئەمەریکا لە قۆناغە جیاجیاکاندا پاڵپشتی کوردی کردووە، بەڵام هەندێکجار پێی باشتر بووە لەگەڵ بەغدا یان ئەنکەرە بگەنە لێکتێگەیشتن، یان تەنانەت لە هەندێک ناوچەی هەستیاریشدا بکشێتەوە!!

بۆیە زۆرجار کورد بە وریاییەوە لە لێدوانەکانی ئەمریکا نزیک دەبێتەوە. لەلایەک ئەم لێدوانانە بایەخی سیاسی و میدیایی بە ناوچەکە دەبەخشن، ئەوەش پشتڕاستی دەکەنەوە کە کورد وەک یاریزانێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی هەرێمدا دەمێنێتەوە. لە لایەکی تریشەوە دەتوانن هەستیاری ناوخۆیی و ناوچەیی ورووژێنن، بەتایبەتی کاتێک بەشێک لە هێزە عێراقییەکان ئەم لێدوانانە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی کورد بەوە تۆمەتبار بکەن کە قەرزاری پڕۆژەی ئەمریکییە!

جگە لەوەش، کورد لە نزیکەوە چاودێری هەر قسەیەکی ئەمریکییەکان دەکات سەبارەت بە چەکدارکردنیان، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانیانەوە کە پەیوەندییان بەو پرسە هەیە، ئەمەش هێندەی تر بابەتەکە ئاڵۆزتر و تێکەڵاوتر دەکات!

لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە پڕچەککردنی کورد تەنیا "هەڵەی میدیایی" نییە، بەڵکو بەشێکە لە گوتارێکی سیاسی کە لە پرسە هەستیارەکان بۆ ناردنی پەیام بە چەند ئاراستەیەک کەڵک وەردەگرێت. سەبارەت بە کوردیش، ئەو لێدوانانە قورسایی سیاسی و میدیایی پێدەبەخشن، بەڵام لە هەمانکاتدا هەمیشە دەیخەنە ناوەڕاستی ململانێی هاوسەنگییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە!!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP