دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی لە هاوکێشە جیهانییەکاندا

‌فرسەت سەید شوكر

10 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ساتەوەختەدا بە قۆناغێکی مێژوویی سەختتدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا نەخشەی هێز و بەرژەوەندییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی دادەڕێژرێنەوە. 
لە ناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییە چڕانەدا، هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی خاوەن جیۆپۆلەتیکێکی کاریگەر و سەنگین دەرکەوتووە. 
ئێستا، هەرێمی کوردستان چەقێکی ستراتیژییە کە هاوسەنگییەکانی ناوچەکە بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەکەی، بە تەواوی جێگیر نابن.

لە فەلسەفەی سیاسی و تیۆرەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەت لە چەمکی "ڕیالیزمی ژیرانە"دا، بۆ قەوارەیەکی نادەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان، "خۆپاراستن و مانەوە" هونەرێکی باڵای سیاسییە. 
کاتێک دەوڵەتە گەورەکان لە جەنگێکی سارد یان گەرمدا بن، هێزی هەرێمیەکان لەوەدا نییە ببنە سووتەمەنی ئاگرەکە، بەڵکو لەوەدایە چۆن بتوانن قەوارەکەیان لە هەڵچوونی زریانەکان بپارێزن. 

"کەنێس واڵتز" جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دۆخی ناسەقامگیریدا، دەبێت کارەکتەرە سیاسییەکان بە دوای "ئاسایش"دا بگەڕێن نەک "زیادکردنی هێزی هێرشبەری". 

ئەمە دەقاودەق ئەو ستراتیژییەیە کە هەرێم پەیڕەوی دەکات؛ هەوڵدان بۆ پاراستنی ماڵە ناوخۆییەکە و گۆڕینی بۆ ناوچەیەکی دابڕاو لە کێشەکان.
یەکێک لە زانا ناودارەکانی بواری سیاسەت ئاماژە بەوە دەدات کە "لە کاتی جەنگدا، سەرکەوتووترین ئەکتەر ئەو لایەنەیە کە هەوڵ دەدات هیچ پریشکێکی ئاگر بەر جەستەی نەکەوێت، نەک ئەوەی ببێتە بەشێک لە گەورەکردنی مەودای سووتانەکە". 

هەرێمی کوردستان بەم دیدگایەوە مامەڵەی لەگەڵ ئاڵۆزییەکان کردووە. 
هەرچەندە بە مووشەک و درۆنی لایەنە نەیارەکان کراوەتە ئامانج، بەڵام ئەم هێرشانە نیشانەی لاوازی نین، بەڵکو نیشانەی ئەوەن کە کوردستان خاوەن ژێرخانێکی ئابوری و سەقامگیرییەکی وەهایە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزە و ئاسایشی ناوچەیی هەیە.
 نەیاران دەیانەوێت بەو هێرشانە لەو مۆدێلە سەرکەوتووەی پێکەوەژیان و گەشە بدەن کە لە هەولێر و دەوروبەری هەیە.

لە لایەکی ترەوە، جیهان لەبەردەم سێگۆشەیەکی ململانێی نوێدایە (ئەمریکا، چین، ڕووسیا). لەم کێبڕکێیەدا کە ئیسرائیلیش بە توندی خەریکی خۆپارێزی و بەرگرییە، لێکەوتەکان زۆر جار لەسەر لایەنە هەرێمییەکان دەردەکەون. 
لێرەدا دیپلۆماسییەتی "نەرم و کاریگەر"ی هەرێم دەردەکەوێت. بۆ نموونە، ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامی دان، بوونە مایەی ئەوەی پریشکی ئاگرە گەورەکەی سوریا و ڕۆژئاوا دووربخرێتەوە و ناوچەکە لە کارەساتێکی گشتگیر بپارێزرێت.

لە ناوەندی ئەم هەموو ئاڵۆزییانەدا، ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی و سیاسی، سەنگێکی یەکلاکەرەوەی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە.
 وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پرەنسیپی "دەستوەرنەدان" لە کاروباری پارچەکانی تری کوردستان، بەڵام هەمیشە وەک چەترێکی پارێزەر بۆ هەموو کوردان ماوەتەوە. چ لە باکور و چ لە پارچەکانی تر، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی هەمیشە بۆ ئەوە بووە کە کورد لە ناو جەنگەکاندا نەبێتە قوربانی و پرۆسەی ئاشتی جێگەی دەنگی چەک بگرێتەوە. 

سەرۆک بارزانی بەئارامییەکی سیاسییەوە دەیەوێت گرفتەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. ئەم دیدگایە بۆتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک تەنیا قەوارەی فەرمیی کوردی، ببێتە مایەی سەقامگیری بۆ هەموو ناوچەکە. 
کوردستان تەرەفی هیچ لایەک نییە لە جەنگەکاندا، بەڵکو لایەنی "چارەسەر" و "ئاشتییە". 

پاراستنی ئەم پێگەیە ئەرکێکی مێژووییە، چونکە کوردستان تەنیا نیشتمانی کوردان نییە، بەڵکو دوایین پەناگەی ئارامی و پێکەوەژیانە لە ڕۆژهەڵاتێکی پڕ لە ئاگر و زریاندا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP