دواین هەواڵ

کۆڕەو.. وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ساتە سەختەكاندا بۆ دەستکەوت و هەستانەوە

‌ئەسرین عاسی شوانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆڕەو، گەورەترین گرەوی گەلی ستەمدیدەی کورد بوو لە ئاست زوڵم و زۆریی دوژمنی داگیرکەری بەغدا كە خۆی لە حزبی بەعسدا دەدیتەوە و ئەو ڕاستییەی بۆ هەموان سەلماند، دوژمنان بە یەک چاو سەیری کورد دەکەن، تەنانەت ئەگەر لە بەرەی ئەویشدا بیت و دوژمنی خاك و میللەتەكەی خۆشت بیت.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساتی کۆڕەوەکە، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێ کە باش و خراپ، تەنانەت ئەوانەشی کە تا دوێنێ هاوشانی دوژمنان لە دژی گەلەکەی خۆیان وەستابوون، ئەوانیش بەناچاری و لە ترسی جینۆسایدكردنیان بە دەستی رژێمی بەعس لەگەڵ تەواوی خەڵكی كوردستان ڕەویان كرد و تا ئەودیو سنوور نەوەستان، چونكە ئەوان باشتر لە خەڵكی دیكە دەیانزانی بەعس چەندە دڕندەیە و وای لێکردبوون لە كۆڕەوەكەدا پێش خەڵكەكە بكەون. 

یەكێك لە خاڵە دیارەكانی كۆڕەو ئەوە بوو كە خەڵكی كوردستان بەتێكڕای رەنگ و پێكهاتە و بیروڕا جیاجیاكان، چارەنووسی نادیاریان لە كۆڕەوی ملیۆنیدا هەڵبژارد، نەك مانەوە لەژێر نیری زۆرداری و داگیركاری، هەر ئەم هاودەنگی و یەكبڕیارییەش بوو کە جیهانی هێنایە سەر ئەو ڕاستییەی، ڕووبەڕووی زوڵم و زۆریی دیكتاتۆرییەت ببنەوە و سەرەنجام کێشەی کورد لەناوخۆییەوە ببێتە بابەتێكی جیهانی و سنوورێک بۆ داگیرکەرانی کوردستان لە باشووری کوردستان دابنرێ، كە سەرەنجام ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ناوچەی دژەفڕینی بە قازانجی پاراستنی خەڵكی كوردستان دەركرد. 

خاڵێكی دیكە ئەوە بوو كە کۆڕەو بەرلەوەی ڕای جیهانیی یەک بخات، کوردی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان یەک خست، تا لەو دەرچەیەوە ڕێگای هات و نەهات بگرنە بەر. لەلایەکی دیكەیشەوە ئەوە بۆ دۆست و دوژمنان بسەلمێنن کە یەکبوون و یەکدەستیی کورد ئەگەر لە کاتی نسكۆ و نوشستیشدا بێت، وا دەکات ئەوەی بە بیریشماندا نەهاتووە ببێتە ئەمری واقیع. ئەگەر بیرمان بێت، بەر لەو ڕووداوانەی کۆڕەو، ئەگەر رادیۆ یان رۆژنامەنووسێکی بیانی بە وشەیەک باسی دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی بکردایە، دەبوو بە گەورەترین مزگێنی و دەماودەم باس دەکرا، بەڵام هاودەنگی و هاوهەڵوێستیی كورد لە كۆڕەودا وای کرد جیهان بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە گەلی کورد پێویستیان بە پاراستن هەیە.

یەكێكی دیكە لە خاڵە گرنگەكانی كۆڕەو ئەوەیە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوكەمی ئاسایش ئەگەر بەرژەوەندییەكانیان وەلا بنێن و ئەركی مرۆییانە سەبارەت بە گەلانی ستەملێكراو و داگیركراو و دابەشكراو پەیڕەو بكەن، ئەوا دەتوانن سنوورێك بۆ زۆردار و دیكتاتۆر و مرۆڤكوژان دابنێن و ئاشتی و ئاوەدانییش بگێڕنەوە بۆ ئەو شوێن و نێو گەلانەی پەراوێز خراون و بەبەرچاویانەوە جینۆساید دەكرێن.

دواجار دەبێ هەمیشە ئەوە وەبیر خۆمانی بهێنینەوە كە ئەو دەسکەوتانەی ئەمڕۆ، بەرهەمی شۆڕش و ڕاپەڕینەكان و کۆڕەو و ئیرادەی گەلەكەمانە بەتایبەت كاتێ یەكدەنگ و یەكگرتوو و یەكڕیزە، ئەوا نائومێدی ئەگۆڕێ بۆ ئومێد و لە شكستدا هەستانەوە و دەسكەوت و سەركەوتن دێتە دی.
 

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP