دواین هەواڵ

دوورنیە ئێران بە شێوەی سۆڤیەت بڕووخێنن !

‌چاپوك سەید عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زۆرینەی خەڵک وا لێکدەداتەوە ئەگەر ئێران بڕوخێ، ئەوە بەشێوەی ڕژێمی سوریا و عیراق لیبیا دەڕوخێ .

جارێ ئێمە دەبێ سێ شت لێک جودابکەینەوە، ڕووخان و بەزین و دۆڕان لە شەڕ .

یەکەم ڕووخان؛
 هەردوو ئیمپڕاتۆڕیەتی ڕوسی و ئەڵمانی لە ئەنجامی جەنگی یەکەمی جیهان ڕووخان . لەو حالەتەدا ڕژێمێکی دی لەجێگای ئەو ڕژێمە دێتە کایەوە .

دووەم بەزین؛
ئەوە لەکاتێکدا ڕوودەدا کە حوکمەتێک لەشەڕدا دەبەزی، لەوحالەتەدا؛ حوکمەتەک لەسەردەستی سوپای داگیرکەردا دادەمەزرێ و هەموو مەرجێکی بەسەردا دەسەپێندرێ و دووریشنیە سەرۆکی حوکمەتەکە و سەرکردەکانی لەسێدارەبدات، بۆ نموونە؛ دیارترین ئەو دەوڵەتانەی کە بەزیون لەشەڕ لە مێژووی نوێدا، ئەلمانیای نازی و ژاپۆن و عیراقە .

سێیەم دۆڕان؛ 
دۆڕان لە شەڕدا هەردوو دەوڵەتەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام یەکیان دەبێتە خاوەنی ئەو ناوچەیەی کە ململانێی لەسەر بووە، بۆ نموونە؛ شەڕی نێوان بەریتانیا و ئەرجەنتین لەسەر دوورگەی فۆکلاند و شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر گۆڕنی کەرەباخ، بێگومان نموونەی دیش زۆرن .

نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە ململانێ دەرچووە، یا دەبێ ئیسرائیل نەمێنێ و دەوڵەتەکانی کەنداویش ببنە بەشە خۆراکی ئێران، یاخود دەبێ لەژێر هەژموونی ئەمریکادا بمێننەوە . هیچ چارەیەکی دی نیە، ئەگەر چارەسەریش لەوە زیاتر ببیننەوە، ئەوە تەنها گیراوەیەکی ئارام بەخشە و چارەسەرەکە بۆ کاتێکی دی دواخراوە .

ڕووخانی ئێران ئەگەر بە چەند ڕۆژێکبێت یا چەند مانگێکبێت یان چەند ساڵێک بێت، وەک ڕووخانی سوریا و عیراق و لیبیا نابێت . بەلکو وەک ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت دەبێ؛ خۆم شاهیدی ئەوسەردەمیم لەوێ دەژیام، لەمێژبوو کاری بۆ دەکرا، بەڵام لەماوەی چەند مانگێک، بەتایبەت لەمانگی ئابی ساڵی ١٩٩١ تا کانوونی دووەم بەتەواوی ڕووخا .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP