من وتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیم، ڕاوێژکاری ئەویش نیم، بەڵام وەک چاودێرو نووسەرێک کە دەبینم و دەبیستم و دەتوانم جیاوازی بکەم لە نێوان ئەوانەی ڕاستییەکان دەڵێن و ئەوانەی لە پشت ژاوەژاوەکەوە خۆیان دەشارنەوە!!
کاتێک ئەندام پەرلەمانێک بەو زمانە دەدوێت و تۆمەتی ڕاستەوخۆ دەداتە پاڵ سەرۆکی هەرێم و وەک "دزی سەدە" پێناسەی دەکات، خەڵک مافی خۆیەتی لێت بپرسێت: کوا بەڵگەکانت؟ کوا لێپرسینەوەکانت؟! تۆ ئەندامی پەرلەمانیت و پارێزبەندیت هەیە. ئەم پارێزبەندییەت پێنەدراوە بۆ ئەوەی قەڵغانێک بیت کە بەئارەزووی خۆت تۆمەتی جددی لە پشتیەوە فڕێ بدەیت، بەڵکو بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەک کە بتوانیت ڕاستییەکان بڵێیت!!
ئەگەر تۆ خاوەنی بەڵگەی ڕاستەقینەیت، شوێنی گونجاو لە دادگا و لەبەردەم خەڵکدایە، نەک تۆڕی کۆمەڵایەتی و سەکۆی تیکتۆک و ئینستاگرام٫ سەبارەت بە فڕێدانی زاراوەی فراوانی وەک "دزی سەدە" بەبێ بەڵگە، ئەمە ئازایەتی نییە، بەڵکو ئەوە بۆشایییەکی سیاسی ڕوون ئاشکرا دەکات!!
خەڵکی دەزانن کە ساڵانێک لەمەوبەر، تۆ خاوەنی هیچ شتێک نەبوویت.چاوت لەدەستی وەزیر یان کەربەدەستێک بوو کە سپۆنسەری تۆمارکردنی کلیپێکت بۆ لە ئەستۆ بگرێت، ئەوکات تۆ نەتڕۆمبێلی گرانبەها ، نەهۆتێل و نەبسنزو نەڤێلا ،هیچیانت نەبوو ، لە ژێر پەردەی گۆرانی و هونەردا، ئیمتیازاتی بێ سنور هەڵڕژایە بەردەمت، تۆ ئیمتیازاتت لەو حکومەتە وەرگرت کە ئەمڕۆ سەرۆکەکەی تۆمەتباردەکەیت، سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان!!
ئەگەر کەسێک دوێنێ لەسەیەی حکومەتێکدا بەو جۆرەی تۆ سوودمەند بووبێت، چۆن ئەمڕۆ دەبێتە دادوەر، چۆن ئەمڕۆ تۆمەت دابەش دەکات وەک ئەوەی بە تەواوی لە واقیع دابڕابێت؟!!
ئەگەر ناڕەزایەتییەکی ڕاستەقینەت هەیە، ڕوون و ڕاستگۆبە. تۆمەتی ناڕوون بەکارمەهێنە بۆ دروستکردنی سەرنجی میدیاکان!!
خەڵک چیتر بەم تاکتیکانە فریو نادرێن و لە جیاوازی نێوان ڕەخنەی بەرپرسیارانە و وەستانی هەرزان، بەسادەیی تێدەگەن!!
کەس لە سەرووی لێپرسینەوە نییە و ئەم پرەنسیپەش دەبێ بۆ هەمووان بگونجێت. بەڵام لێپرسینەوە لە بەڵگەوە دەست پێدەکات نەک هاوارکردن و خۆگیڤکردنەوەی بەردەم میدیاکان!
لەبیرت بێت تۆ ئەمڕۆ لە کافێیەکدا قسە ناکەیت، بەڵکو لە ژێر قوبەی پەرلەمانێکدایت کە بڕیارە نوێنەرایەتی کەرامەتی خەڵک بکات. لێدوانەکانت وەک قسەی خەڵکی بێ بایەخ نین؛ قسەی تۆو قسەی کەسێکی ئاسایی ،جیاوازی هەیە، لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکرێت لەسەر هەر وشەیەک کە دەیڵێیت و دەینووسیت!!