دواین هەواڵ

ئەمریکا و ئیسرائیل چ ئێرانێکیان دەوێت؟

‌ هێرش عەبدولڕەحمان

14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەو دیمەنە ئاڵۆزەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیبینین، تەنها جەنگێکی سادەی سەربازی یان پێکدادانێکی کاتی نییە؛ بەڵکو پڕۆسەیەکی ورد و پلانداڕێژراوە بۆ داماڵینی هێز لە دەوڵەتێک کە چەندین دەیەیە وەک جەمسەرێکی سەرەکیی ململانێ و هەناردەکاری شۆڕش ناسراوە. زنجیرەی تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکانی سوپا و لێدانی بنکە ستراتیژییەکان، پەیامێکی ڕوونی لەپشتە: سەردەمی ئێران وەک هێزێکی هەرێمیی هێرشبەر بەرەو کۆتایی دەچێت.

ئەو ئێرانەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل نەخشەی بۆ دەکێشن، دەوڵەتێکە کە تەنها ناوی دەوڵەت بێت نەک سەرچاوەی هەڕەشە؛ ستراتیژیی ئەوان لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی ڕاوەستاوە:

ئامانجی یەکەم ئەوەیە کە چیتر تاران نەتوانێت لەودیو سنوورەکانەوە سەرکێشی بکات. دەیانەوێت ئێرانێک ببینن کە خاوەنی هیچ موشەکێکی دوورهاوێژ نەبێت، تا ئاسمانی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە هەر هەڕەشەیەکی کتوپڕ پارێزراو بن. ئەمە واتە کۆتاییهێنان بەو هێزە بازووەی کە تاران هەمیشە وەک کارتی فشار بەکاری هێناوە.

ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەویت سوپای ئێران تەنها خەریکی پاراستنی ناوخۆ و سنوورەکان بێت، نەک دروستکردنی هیلالی شیعی یان پاڵپشتیی گروپە چەکدارەکان لە لوبنان، سوریا، یەمەن و عێراق. ئەوان ئێرانێکی بێ‌ددانیان دەوێت کە هیچ کارتی فشارێکی لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل نەمێنێت.
هەموو فشارەکان لە یەک وێستگەدا یەکدەگرنەوە. بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێرانێکی بێ‌ئەتۆم واتە ئێرانێکی تەسلیمبوو. ئەوان دەزانن ئەگەر تاران بگاتە چەکی ناوەکی، ئیتر ناتوانن بەم شێوەیەی ئێستا هێرش بکەنە سەر سەرکردەکانی و بنکە ئەمنییەکانی. بۆیە بێبەشکردنی لەم تەکنەلۆژیایە، گەورەترین زامنی لاوازکردنیەتی.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، جۆرێکە لە نەشتەرگەرییەکی سیاسیی بێبەزەییانە. دەیانەوێت ئێرانێک دروست بکەن کە:
 نە هێزی ئاسمانی هەبێت بۆ مانۆڕ و پاراستنی ئاسمانی خۆی.نە هێزی بالیستی هەبێت بۆ هەڕەشەی دوورمەودا. نە هێزی ئەتۆمی هەبێت بۆ پاراستنی سیستمەکەی لە هێرشی دەرەکی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت ئێران بگەڕێننەوە بۆ قۆناغی پێش ساڵی ١٩٧٩، بەڵام بە جۆرێک کە تەنها دەوڵەتێکی ناوخۆیی بێت و خەریکی کاروباری ئیداریی خۆی بێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاوکێشە جیهانییەکان نەمێنێت.

ئەوەی ڕوونە، ئێرانە کۆنەکە لەبەردەم هەڕەشەی گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵدایە دوا ساتەکانی خۆی بەڕی دەکات و ئێرانە نوێیەکەش بەپێی ویستی تەلئەبیب و واشنتۆن، دەبێت دەوڵەتێکی بێ‌هێز و پاشکۆ گوێگر بێت. دواجار تاران لەبەردەم دوو بژاردەدایە کە هەردووکیان هەر یەک ئەنجامیان هەیە؛ ئەگەر دەستبەردار بێت کۆتایییەتی، ئەگەر سووریش بێت لەسەر مانەوەی، هەر کۆتایییەتی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP