کۆچی مەزنەکان لە ئاوابوونی خۆر دەچێت؛ ئەگەرچی بۆ ساتێک جیهان لە تاریکیدا جێدەهێڵن، بەڵام تیشکی کار و خەباتیان تا ئەبەد لە ئاسۆی مێژوودا دەدرەوشێتەوە و دەبێتە ڕێنشاندەری نەوەکانی داهاتوو.
یەکی ئازاری ١٩٧٩، ڕۆژی ماڵئاوایی نەتەوەیەک بوو لەو ڕابەرەی کە شکۆ و ناسنامەی بۆ کورد گەڕاندەوە و بووە سیمبولی نەتەوەیی.
مستەفا بارزانی، "ژەنەڕاڵی چیاکان" و کارێزمایەکی بێوێنە بوو کە توانی ڕۆحی بەرگری لە ناخی تاکی کورددا ببووژێنێتەوە، لە ساتەوەختی نائومێدیدا.
مێژووی خەباتی بارزانیی نەمر، وێستگەیەکی پڕ لە تێکۆشانە لە پێناو ئازادی کوردستاندادا. ئەو دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆی لە نێوان ئەشکەوت و چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا بەسەر برد، تەنها بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ژێر چەپۆکی ستەم و داگیرکاری ڕزگاری بێت.
ژیانی شاخ و ئازایەتییەکەی، لەگەڵ ئەو دادپەروەرییەی کە لە نێوان پێشمەرگە و خەڵکدا پەیڕەوی دەکرد، ڕاستییەکی مێژوویین کە دۆست و دوژمن شایەتی بۆ دەدەن. بۆ نموونە سەڕەرای ئەوەی سەرکردەی شۆڕشێک بوو، کەچی وەک سادەترین پێشمەرگە دەژیا و هەمان ئەو نان و ئاوەی دەخوارد کە پێشمەرگەکان دەیانخوارد، هەر ئەمەش بوو وایکرد ببێتە سیمبولی ڕاستەقینەی متمانەی گەلی کوردستان.
بارزانیی نەمر باوەڕی بەو سنوورە دەستکردانە نەبوو کە نەتەوەیەکیان پارچەپارچە کردبوو. ئەو کاتێک هەستی کرد کۆماری کوردستان لە مەهاباد پێویستی بە پارێزەرە، سنوورەکانی بڕی و بەرەو ڕۆژهەڵات کەوتە ڕێ، چونکە لای ئەو "کوردستان" یەک نیشتمان و یەک خەم بوو. ئەو خاوەنی گەورەترین و ڕێکخراوترین شۆڕشی چەکداری بوو لە مێژووی هاوچەرخی کوردا (شۆڕشی ئەیلوول)، کە تێیدا هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی لەژێر یەک ئاڵادا کۆکردەوە.
فەلسەفەی بارزانی لەسەر بنەمای "نەچەمانەوە" داڕشتبوو.
ئەو هەرگیز باوەڕی بە تەسلیمبوون نەبوو، لای ئەو گیانفیدایی و قوربانیدان تاکە کلیل بوون بۆ سەرکەوتن. کاتێک ڕێگەی ئاشتی داخرابێت، ئەو بژاردەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردووە، نەک لەبەر ئەوەی شەڕخواز بێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی دژی ستەم و ژێردەستەیی بوو.
بارزانی هەمیشە دەستی ئاشتی بۆ لایەنەکان درێژ دەکرد و دەیگوت "ئێمە دژی هیچ نەتەوە و گەلێک نین، بەڵکو دژی ئەو سیستمەین کە مافەکانمان زەوت دەکات". ئەم لۆژیکە وایکرد کە پێگەیەکی جەماوەریی جیهانی و نەتەوەیی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
ئەمڕۆ کە یادی کۆچی ئەم مەزنە دەکەینەوە،
دەبینین قوتابخانەیەکە بۆ کوردایەتی.
ئەو ڕێبازەی ئەو دایڕشت، ئێستاش کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی کیانی سیاسی و نەتەوەیی کوردە.
مستەفا بارزانی سەلماندی کە دەکرێت مرۆڤێک ببێتە میللەتێک، و دەکرێت شکۆمەندی لە ناو دڵی مەینەتییەکاندا لەدایک بێت.
ناوی ئەو بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە، چونکە ئەو بۆ خۆی نەژیا، بەڵکو بۆ نەتەوەیەک ژیا کە ئێستا بە شانازییەوە ناوی دەهێنن.