دواین هەواڵ

بەرپرسانی ئێران بەجدی تاوتوێی داخستنی گەروی هورمزمان کردوە

‌هونه‌ر ئه‌حمه‌د

پێش 3 هەفتە

بەرپرسانی ئێران بەجدی تاوتوێی داخستنی گەروی هورمزمان کردوە

گەروی هورمز بەگرنگترین رێگای گواستنەوەی دەریایی نەوت لەجیهاندا دادەنرێت، بۆ ئێران شاڕێگای هەناردەکردنی نەوتەکەیەتی و خاڵی کۆنترۆڵکردنی رێگایەکی ستراتیژی گرنگە، بۆ ئەمریکاش خاڵی پاراستنی بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی رۆهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوایە، لەبەرەئەوە کارتێکە هەمیشە لەقوڵایی ململانێ ئابوری و سیاسییەکاندا بەکاردەهێنرێت.

گەروی هورمز چییە و دەکەوێتە کوێ؟

گەروی هورمز دەکەوێتە نێوان سنوری هەردو وڵاتی عومان و ئێران، بەشی باکوری رۆژهەڵاتی کەنداوی فارس دەبەستێتەوە بە کەنداوی عومان لەبەشی باشور و دەڕژێتە سەر دەریای عەرەبی.

لەئێستادا گەروی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، بەڵام لەڕێگای یاسای نێودەوڵەتی و بونی هێزی دەریایی بریتانی و ئەمریکی کە بنکە سەرەکییەکەی لە مانامای پایتەختی بەحرەینە، پاراستنی ئاسایشی کەشتییە جیهانییەکان کۆنترۆڵکراوە. 

لەڕوی گواستنەوەی دەریاییەوە، گەروی هورمز تەنها رێگای گواستنەوەی کەلوپەل و خەڵکە لەکەنداوەوە بۆ جیهانی دەرەوە، لەبەر ئەم هۆکارەشە هەریەک لە ئیمارت و سعودیە پێشنیاری دامەزراندنی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی نوێیان کردوە بۆ دورکەوتنەوە لەم رێگا پڕکێشەیە.

گرنگی ستراتیژی و ئابوری گەروی هورمز

گەروی هورمز، یەکێکە لەگرنگترین رێگا ئاوییەکانی گواستنەوەی نەوت کە هێڵی نێوان کەنداوی عەرەبی ( کەنداوی فارس) و کەندای عومان پێکەوەدەبەستێت.  پانییەکەی 39 کیلۆمەترە کەکورتترین رێگای گواستنەوەی ئاوییە و هێڵی تەنها رێگەی تێپەڕینی دو کەشتی هەیە لەیەک کاتدا کە هەر رێگەیەکیان پانییەکەی 2 میلە.

ئەم گەروە کراوەیە بەسەر دەریایەکدا کە لەڕێگەیەوە نزیکەی لەسەدا 20ی نەوتی بازرگانی هەمو جیهان و نزیکەی سێیەکی گازی سروشتی هەمو جیهان رەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت.

گەروی هورمز دو دورگەی تێدایە ( دورگەی قیشم و دورگەی هەنجام) کەزۆربەی بەندەرەکانی تێدا کۆبوەتەوە، بنکەی سەرەکی هێزەکانی سوپای پاسداران و هێزی چاودێری دەریایی ئێرانیش لەگەروی قیشمدایە.

گرنگی ستراتیژی ئەم گەروە ئەوەیە کەتەواوی وڵاتانی نەوتفرۆشی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبەستێتەوە بەبازاڕەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئەمریکای باکور و هێڵە نەوتییەکانی ئەولاتریش، ئەوەش وایکردوە ببێتە چەقی ململانێکانی نێوان رۆژئاوا و ئێران.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا، لەساڵی 2016دا رۆژانە 18.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەروەدا تێپەڕیوە، کەنزیکەی لەسەدا 30ی نەوتی گواستراوەی دەریایی بوە لەو ساڵەدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP