دواین هەواڵ

هێرشە موشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ؛ هۆکار و لێکەوتەکانی

‌بەهرۆز جەعفەر

15/04/2021

ساڵی (٢٠١٧) کاتێک حەشدی شەعبی هێرشی کردە سەر خاکی کوردستان و نیوەی داگیرکردو پەلاماری نیوەکەی تریشی دا، گوتیان ئەوە کورد بێ ئەمری ئەمریکای کردوەو، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی هەڵکردوە.

خۆ ئێستا دو بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە کوردستان بێ ئەمری ئەمریکایان نەکردوە بۆچی ئەوە سێ جارە هێرشی مووشەکی ئەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان؟ ئەمجارەیان ترسناکە، چونکە باس لە بەکارهێنانی درۆن و تەکنیکی پێشکەوتو ئەکرێت لە هێرشەکەدا، ئەوەش هاوشێوەی ئەو هێرشانەیە کە حوسییەکان ساڵانێکە سعودییەیان پێ هەراسان کردوە.

بە برِوای من ئەمە سێ هۆکاری هەیە:
یەکەم/ هەڵەی کورد خۆیەتی، چونکە لە ساڵی ٢٠١٦ کورد لە بەرانبەر پێدانی بودجە لە بەغدا دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبیدا، ئەمجارەش لە ٢٠٢١ لە بەرانبەر بودجە دەنگیان بە یاسای دادگای فیدراڵی دا. کورد ئەبو هێزەکانی خۆی یەکبخاتەوەو سوپای نیشتیمانی دروست بکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات لە مەترسی دوری بخەنەوە.

دوەم/ ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، کە سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا میدیا بیانییەکان (بە پیلان بێت یان مەبەستیان دەرخستنی ڕاستیی) بڵاویانکردەوە کە بنکەی زانیاریی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەیەو، ئێران پەلاماری  داون. ئەوە جگە لەوەی هەر لەم سێ ڕۆژەدا ئیسرائیل هێرشی کردۆتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کە تاکە کارتی ئێرانە بۆ ئەوەی خۆرئاوا سزاکانی لەسەر لابدەن..

سێهەم/ جار نا جارێک چەند ساڵێکە کەناڵی جەزیرەی قەتەری هاوپەیمانی  تورکیاو ئەردۆگان بڵاوی ئەکاتەوە کە  هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە ئیسرائیل ئەفرۆشێت.!.

ئەم هێرشانەی میلیشیا شیعییەکان بەردەوام ئەبن تا دوای هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئێرانیش ئەمجارە پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی نوێنەرەکانی لە ناو ئەم میلیشیایانە کۆنترۆڵ ئەکات و زۆرترین نوێنەر ئەباتە پەرلەمان.

یەکێک لە چارەسەرییەکان ئەوەیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە جەمسەرگیریی هەرێمایەتی دا، ڕۆڵەکان دابەشبکرێت،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ئێران بکات، سەرۆکی حکومەت و وەفدێکی ڕەنگاڵەی لایەنە کوردییەکان موخاتەبەی ئەمریکاو فەڕەنسا بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP