دواین هەواڵ

بۆ ئەوەی وەڵامی ئەمریکا بدەنەوە پەلاماری کوردستان دەدەن

‌بەهرۆز جەعفەر

23/11/2023

لە دوای ٧ ی ئۆکتۆبەرەوە، لەلایەن گرووپە چەکدارە- شیعەکانی نیزیک لە ئێرانەوە (٦١) جار هێرش کراوەتە سەر بنەو بارگەکانی ئەمریکا لە سوریاو عێراق. ئەگەرچی ناو بەناو ڕاگەیاندنەکان باس لە هێرشی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەکەنە هەواڵ، بەڵام بە پێی زانیارییەکان هەموو ڕۆژێک و هەموو شەوێک ئەو هێرشە هەبوە و باس ناکرێ، زۆربەی جارەکان درۆنەکان پێکراون و تێکشکێنراون پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن.

ئێران، لە ئازاری ٢٠٢٢ دا (١٢) مووشەکی گرتە هەولێر، سەدان جار هێرشی کرۆتە سەر هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی جیا-جیا، بەڵام لەوەتەی کۆماری ئیسلامیی هەیە، لەوەتەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران هەیە، یەک گوللە چییە لە پێناو قودس دا نەیتەقاندوە! یەک فیشەکی نە ناوەتە کەنارێکی ئیسرائیل یان ئەمریکاوە. بەڵکو کاری پلەیەکی ئەوان بێزارکردن، سڕینەوە و پاکتاوکردنی کورد و سووننەیە لە عێراق و سوریادا، لە چەندین ‌هێڵی جوگرافییدا کوردو سووننەو کاکەیی و پێکهاتەکانی دیکەیان هەڵکەندوە، لە جیاتی ئەوە شیعەیان لە شوێن داناون، ئەمەش هەر ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیکات؛ بە زۆر خەڵکی فەلەستین لە سەر خاکی خۆیان و لە "زیفەی غەربی" دەردەکات و جوولەکە لە شوێنیان نیشتەجێ دەکات! ئەم گۆڕانە ئیتنۆ-گرافییە ی ئێران کردوویەتی و دەیکات، بەتەواوەتی گەڕ پێدا کردنە بۆ ئامانجی دوورخایەنتر و ویستێکی جیۆپۆڵەتیکیی.

ئەگەر سەیری مێژووییەکی کەمێک نیزیک بکرێ، هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵوەشآنەوەو لەناوچوونی "ویستی بەردەوامی فراوانخوازیی" بوو، ویستی چەپاندن و کۆنترۆڵکردنی کوردو عەلەویی و ئازەری و ئەرمەنی و جوولەکەو مەسیحی و ئاشوری بوو لە یەککاتدا: هەموو کاتێک دەستدرێژیی و فراوانخوازیی دەوڵەتان کاریگەر ناکات.

تورکیا هەرجارەی چەکێکی نوێ درووست دەکا، سەرەتا بەسەر کوردو کوردستاندا تاقی دەکاتەوە: بۆئەوەی نیشانی بدا چەکی وردو کاریگەریی هەیەو بازاڕی بۆ پەیدا بکات، ئێران بۆ ئەوەی مەرگ نیشانی ئیسرائیل و ئەمریکا بدات، پەلاماری کوردو کوردستان دەدات. ئەگەر ڕاست نییە، با ئێران لە بن دەستیدا بکارێ ڕێگە لە هێڵی بۆڕی وزە ئازەربایجان بگرێ بەرەو خۆرئاوا؟ دەیان ساڵە لە ئازەربایجان و تورکیاوە نەک نەوت بەڵکو ئاسن و پۆڵا بۆ ئیسرائیل هەناردە دەکرێ. ئیتر ئەمریکا دەیەوێ چاوترسێنی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی بکات لە ناوچەکە، ئەوانیش بە پەلاماردانی کوردو کوردستان وەڵامی چاوترسێنییەکان دەدەنەوە.

پرسەکە پرسی "شوێن" ە، لەوەتەی مێژوو هەیە شەڕ لەسەر "شوێن" درووست بوە. ئەوانەی "نا- شوێن" بوون، بوونیان سڕاوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP