ئەحمەد ئاڵتان، نووسەری دیاری توركیا و دۆستی كورد، لە تازەترین هەڵوێستیدا لەبارەی ئەو رەوشەی لە توركیا دروست بووە، پێیوایە هەركەسێك بەهۆی ترسەوە قسە نەكات، كەواتە خۆی زیندانی كردووە و دەبێت بشزانێت كەس لەو زیندانە رزگاری ناكات.
ئاڵتان، كە دەیان وتاری لەبارەی كوردەوە هەیە و نووسەرێكە بەهۆی پشتگیری كردن لە مافی كورد باجی قورسی داوە، دەڵێت نا عەدالەتی وەكوو رتوبەت وایە، سەرەتا لە گۆشەیەكی ژوورەكە سەر هەڵدەدات، تۆ ئەگەر خۆت بەوە هەڵخەڵەتێنیت كە رتوبەتەكە لەتۆوە دوورە، دەبێت بزانێت گەر زوو چارەی نەكەیت هەموو ژوورەكە دەگرێتەوە.
ئاڵتان، قسەی بۆ تەلەڤزیۆنی (فەڕەنسا تی ڤی) كردووە و دەڵێت: ”توركیا شونێكە پڕ بووە لە مەترسیی، وەكوو كێڵگەیەكی مین وایە، كاتێك بەسەریدا تێپەڕ دەبیت نازانیت پێ بەكوێدا دەنێیت و مینەكە لە كوێیە. من نامەوێت ژیانم هەموو بە ترس و مەترسیی بەڕێبكەم، بەڵام ئەگەر لەبەر ترس بێدەنگ بیت و قسە نەكەیت، كەواتە خۆت زیندانی كردووە و لەو زیندانەش كەس رزگارت ناكات.“
ئاڵتان، ماوەی چوار ساڵ و حەوت مانگ، لە گرتوخانەی (سلیڤری) دەستگیر كراوە، كە ئێستا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵی تێدا زیندانی كراوە. تان لە ٢٠٢١ ئازاد كرا، بەڵام قەدەغەی گەشتكردنی لەسەر جێبەجێ كرا، بۆیە تەلەڤزیۆنی ناوبراو هاتووەتە توركیا و چاوپێكەوتنی لەگەڵدا ئەنجام داوە.
ئەو نووسەرە، ئەگەرچی ناعەدالەتی وەكوو رتوبەت ناو دەبات و دەڵێت گەر چارە نەكرێت هەموو ژوورەكە دەگرێتەوە، بەڵام دڵخۆشە، كە هاووڵاتیان دژی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو رژاونەتە سەر شەقام.
لەوڕووەوە دەڵێت: ”بۆ یەكەمجارە توێژێك رووبەڕووی ناعەدالەتی دەبێتەوە و دژیییەتی و وەڵامی بۆی هەیە. ئێمە نازانین توركیا بەرەو كوێ دەڕوات، بەڵام بە ملیۆنان گەنج رژاونەتە سەر شەقام و داوای عەدالەت دەكەن، ئەمە بۆ توركیا بەروپێشچوونێكی گرنگە.�بەلای تانەوە، لە توركیا هیچ كاتێك دیموكراتی و یاسا بوونی نەبووە و دەڵێت: “٥٠ ساڵ بەر لە ئێستا باوكم دەستگیر كرا، پاشان خۆم و براكەمیان خستە زیندانەوە، لە توركیا نووسەران هەمیشە لە مەترسیدابوونە. كاتێك دەستم بە نووسین كرد، مەترسی نووسینم لە توركیا لە باوكم گوێ لێ بوو، چونكە كە منداڵ بووم، باوكم هەموو بەیانییەك دەچووە رێی دادگا و داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەكرا، بۆیە وام دەزانی هەموو كەسێك باوكی دەبێت رۆژانە بچێتە دادگا. ئەو نا عەدالەتییەی دەكرێت، ئامانج لێی كورد و چەپەكان و كەمینەكانن“
ئاڵتان پێیوایە، نووسین ئەوی لە زیندان رزگار كردووە، چونكە لە گرتووخانە لەناو ژوورێكی بچووكدا پێت دەڵێن تۆ لە كوێ دەوەستیت، بەڵام تۆ چۆن لەو ژوورە دەوەستیت خۆت بڕیاری لێ دەدەیت، بۆیە لەناو چوار دیواردا نووسین لە گرتوخانە رزگاری كردم.
تان وەكوو ئەوەی باسی دەكات، نووسین بۆ ئەو وەكوو دیارییەك وا بووە لە زیندان، بۆیە نووسین بە موعجیزە ناو دەبات.
ئاڵتان دەڵێت: ”هەموو شتێك دەڕوات و نامێنێت، بەڵام ئەدەبیات دەمێنێت، لە سەردەمی هۆمێرۆسەوە ئێرە چۆن گۆڕاوە، بەڵام هۆمێرۆس نەگۆڕاوە. بەدڵنیاییەوە دەتەوێت بە زمانی دایك بنووسیت و بخوێنتەوە، بەڵام لەبارەی ئەدەبیاتەوە سنوورەكان ناناسم، فەڕەنسا بۆ من وڵاتێكی بێگانە نییە، تۆڵستۆی بۆ من نووسەرێكی رووسی نییە، بەڵكوو نووسەرێكە و هەموومان دەیخوێنینەوە. ئەمە شتێك نییە مرۆڤە باشەكان دروستی بكەن، نووسەرەكان هەموو مرۆڤی باش نەبوونە، تا ئێمە بەیەكەوە پێبكەنین و هاوكاری یەكتری بكەین، بەڵكوو نووسەری كارێكە دەبێت خۆت بەتەنیا ئەنجامی بدەیت، لە ژوورێكدا بە مانگ و ساڵ دەتوانیت دانیشیت، ئەمە یەكەم مەرجی نووسەرە. لە نووسەریدا شێتییەك بوونی هەیە، خراپەیەك و باشەیەك، بەڵام هەموو ئەمانە لەناو تەنیاییەكدا بەرهەم دێت.“
ئاڵتان لە كۆتایی دیمانەكەیدا ئاماژەی داوە، لەناو ئەو كارەساتەی بوونی هەیە، بتوانیت بنووسیت ئەمە وەكوو دیارییەك وایە لە هەموو شتێك دەیپارێزێت، تەنانەت لە زیندان و ژیان و مردنیش، بۆیە ئەوەی دڵخۆشی دەكات تەنیا نووسینە.