توركیا بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش دوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ. جەهەپە، كە سەنگەری لە خودی ئەردۆغان و ئاكەپە گرتووە، رۆژانە میتینگ و كۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجام دەدات و داوا دەكات ئیمامئۆغڵو ئازاد بكرێت، هەروەها هەوڵ دەدەن، كوردیش بجولێنن تا پاڵپشتی لە جەهەپە بكات و دژی ئەردۆغان بوەستنەوە و لە باكووری كوردستان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا دەم پارتی، لە ئیدانەكردن زیاتر، هیچ هەڵوێستێكی تری نەبووە.
چوونی شاندی ئیمیڕالی بۆ لای ئەردۆغان، لەم كاتەدا بۆ خودی ئەردۆغان گرنگە، چونكە نزیكبوونەوە لە دەم پارتی بەو واتایە دێت، كە باكوور لەم كاتەدا هیچ هەڵوێستێكی بەرامبەر دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو نەبێت، هەروەها فشارەكانی جەهەپە بەرتەسك بكەنەوە.
ئەردۆغان، بۆ ئەوەی بتوانێت كورد لە جەهەپە دوور بخاتەوە لەم كاتە هەستیارەدا، دەبێت پرۆسەی چارەسەری برەو پێبدات و نەفەسێكی درێژی هەبێت بەرامبەر بە پەكەكە، كە جارێ بڕیاری نەداوە چەك دابنێت، چونكە ئەگەر توند بێت بەرامبەر بە دەم پارتی، هەروەها پڕۆسەی چارەسەری كورد پەك بخات، دەم پارتی روو لە جەهەپە دەكات و دوور نییە، پاڵپشتیان لە ئیمامئۆغڵو بگاتە ئاستی جولاندنی شەقامی باكووری كوردستان.
ئەگەر پرۆسەی چارەسەری ئەنجامی باشی هەبێت و پڕۆسەكە بەتەندروستیی بەڕێوە بچێت، كاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی توركیاش دەبێت، چونكە دەم پارتی، بەئەگەرێكی زۆرەوە دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن و دووریش نییە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بچنە ناو هاوپەیمانیی كۆماریی، بۆیە ئەردۆغان دەزانێت لە چی كاتێك دەست دەخاتە ناو دەستی دەم پارتی و لە چی كاتێكیش وەكوو تیرۆرست ناویان دەهێنێت، دەبێت كوردیش زیرەكانە لەم كاتە هەستیارەدا مافی كورد لە دەستووردا جێگیر بكەن.
بەرپرسێكی دەم پارتی، كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەم كۆبوونەوەیەی شاندی ئیمیڕالی و ئەردۆغان گرنگییەكەی لەوەیە، ئیدی ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەك بەڕێوە دەچێت، كە دەوڵەتیش هاتووەتە ناو پرۆسەكە و ئیدی ئەوانیش رۆڵی كاریگەر دەگێڕن.
دەم پارتی، لە دوو هەڵبژاردنی شارەوانیی و سەرۆكایەتیدا، دەنگی بە بەربژێرانی جەهەپەدا، بەڵام جەهەپە، بەكردار هیچ هەڵوێستێكی باشی بەرامبەر بە دەم پارتی نەبوو، بەتایبەت ئەوكاتەی دەیان شارەوانیی دەم پارتی قەیوم كرا و هەروەها دەستگیركردنی دەمیرتاش و چەندین پەرلەمانتاری تری هەدەپە، هیچ گرنگ نەبوو بەلای جەهەپەوە، بۆیە رەنگە ئیدی دەم پارتی، روو لە ئەردۆغان بكات و بیەوێت لەرێگەی ئەوەوە مافی كورد وەربگرێت.
a