دواین هەواڵ

ئازادبوونی ئیمامئۆغڵو و رۆڵی کورد لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا؟

‌كارزان گلی

پێش 4 هەفتە

لە 2002 بوونی قەیرانی دارایی و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد ئاکەپەی هێنایە دەسەڵات، هەر ئەو دوو هۆکارەش لە دەسەڵات دەیهێنێتە خوارەوە

فشارەكانی جەهەپە، بۆ سەر دەسەڵات رۆژ بە رۆژ زیاد دەبێت و توندتر دەبێت، دەیەوێت لەرێگەی ئەو خۆپیشاندانە جاماوەرییانە دەسەڵاتی ئاكەپە و مەهەپە بخاتە گۆشەیەكەوە و وەكوو دوو هێزی دیكتاتۆر نیشانیان بدات و خۆیشی وەكوو پارتێكی مەزڵووم بۆ رای گشتی توركیا دەربخات. ئایە دەتوانێت ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەو فشارانە لەزیندان بهێنێتە دەرەوە؟

جەهەپە، بڕیاریداوە هەموو چوارشەممەیەك میتینگی جەماوەری ئەنجام بدات، لەو میتینگانەشدا بە توندی قسە بكەن و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا وەكوو سەرۆكێكی دكتاتۆر نیشانی توركیا و دەرەوەی توركیا بدات، ئەگەرچی زیاتر لە ١٥ رۆژە شەقامی جولاندووە، بەڵام هیچ دەستكەوتێكی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە.

چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی پێیانوایە، ئەردۆغان لەو سەرۆكانە نییە، بە فشاری جەهەپە و جولاندنی شەقام، بترسێت و ئیمامئۆغڵو ئازاد بكات، نەخێر ئەو دوورتر دەڕوانێت و دەیەوێت لە زیندان بیهێڵێتەوە، تا لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیادا، رەقیبەكەی ئیمامئۆغڵو نەبێت، بەڵكوو ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی ئێستای جەهەپە بێت، تا بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و بەسەركەوتوویی لێی بێتە دەرەوە، بەڵام روون نییە، ئایە جەهەپە، دژایەتی و ناڕەزایەتییەكان هەر لە چوارچێوەی میتینگدا دەهێڵێتەوە، یان سیناریۆی توندتری هەیە؟

جەهەپە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

جەهەپە، ئیمزا كۆدەكاتەوە تا توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەم هەنگاوەشی بۆیە هاوێشتووە، چونكە لە هەڵبژاردنی ناوەخۆیی ئەو پارتە بۆ دەستنیشانكردنی بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، سوپڕایزی زۆر گەورە لەسەر سندوق روویدا.

جەهەپە، ژمارەی ئەندامەكانی نزیك دەبێتەوە لە دوو ملیۆن، لە هەڵبژاردنی ناوەخۆیی ئەو پارتەدا بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆكایەتیی، جەهەپە سندوقی لە ٨١ شاری توركیا دانا و گوتی، ئەوانەی ئەندامیش نەبن بۆیان هەیە دەنگ بدەن.

لەو دەنگدانەدا، زیاتر لە ١٥ ملیۆن هاووڵاتی دەنگیدا، ئەمەش بەرچاوڕوونی دایە جەهەپە كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، خاوەن جەماوەرێكی بەرچاوە و ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت دەیبنەوە، چونكە ئەگەر لە هەڵبژاردنێكی ناوەخۆیی ئەو هەموو دەنگە بەدەست بهێنن، كەواتە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، ئیمامئۆغڵو بەرێژەیەكی زۆر بەپێش ئەردۆغان دەكەوێت.

ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، رەتیان كردەوە توركیا ببەنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و گوتیان ئەوەی جەهەپە داوای دەكات خەونە و نایەتە دی.

ئەردۆغان، باش دەزانێت بەو حاڵە خراپەی لەڕووی ئابوورییەوە وڵاتەكەی دووچاری بووە، نەك ئیمامئۆغڵو، جەهەپە هەر بەربژێرێكی تری هەبێت، ئەردۆغان نایباتەوە، بۆیە دەیەوێت تا ٢٠٢٧، رەوشی ئابووریی باش بكات، ئەوكات بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، چونكە لە ٢٠٠٢، قەیرانی ئابووریی توركیا وای كرد، ئاكەپە ببێتە پارتی زۆرینە، بۆیە دەزانێت هەر قەیرانی ئابووریی و دەنگی كوردە دەبێتە هۆی شكستی ئەو لە هەڵبژاردندا.

كورد رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێت

رۆڵی كورد لەم هاوكێشەیەدا زۆر گرنگە، چونكە بەلای هەر پارتێكی سیاسیدا بشكێتەوە، ئەو پارتە دەتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەركەوتوو بێت.

راستە ئیمامئۆغڵو، خاوەن جەماوەرێكی بەرچاوە و دووجار توانی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین، ئەگەر لەو شارە كورد پشتگیری نەكردایە، بردنەوەی ئەستەم دەبوو.

دەم پارتی، خاوەنی ١١٪ی دەنگی ئیستانبۆڵە، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩، دەم پارتی دەنگی بە ئیمامئۆغڵودا و لە ٢٠٢٤یش بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و بە بەربژێركردنی كەسێكی پڕۆفایل لاواز بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، رێگەی خۆش كرد ئیمامئۆغڵو ببێتە سەرۆكی شارەوانیی، بۆیە رۆڵی كورد یەكجار گرنگە بۆ ئاكەپە و جەهەپە.

ئەگەر بێت و پرسی چارەسەری لە توركیا ئەنجامی هەبێت، دەم پارتی ئەگەر راستەوخۆش نەبێت، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆماریی، چونكە ناكرێت دانوستاندن لەبارەی پرسی كورد لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپە بكەیت، بەڵام لە هەڵبژاردندا دژی بوەستیتەوە و دروشمی لە دژ بەرز بكەیتەوە.

ئەگەر پرسی چارەسەری ئەنجامی نەبێت، كە تونجەر بەكرخان، هاوسەرۆكی دەم پارتی، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی، حكوومەت هەنگاوی جیدی نەناوە و پڕۆسەی ئاشتی نابێت دوا بخرێت، لێرەدا دەم پارتی، ئەگەر زۆرە بۆ شكستپێهێنانی ئەردۆغان، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن، یان هەر بەربژێرێك كە جەهەپە دیاری بكات.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن، ئیمامئۆغڵو ئازادبوونی ئەستەمە، تەنیا ئەوكاتە ئازاد دەبێت، كە بچێتە ژێرباری ئەوەی قبوڵی بێت ئەردۆغان بۆ خولی سێیەم ببێتەوە بە سەرۆك و ئەویش وەكوو سەرۆكی شارەوانیی بەردەوامی بەكاری خۆی بدات.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP