دواین هەواڵ

بۆچێ کۆماری ئیسلامی ناتوانی لە روسیا داببرێ؟

‌فەرەیدوون پەروازە

10/03/2025

پێوەندی دوو سەد ساڵەی ئێران و روسیا و هەروەها چالاکی دەزگای سیخۆری و ئاسایشی دەرەوەی روسیا لە ماوەی رابردوودا زۆرترین کاریگەری لە سەر هەموو جمگە و بەدەنەی حکوومەت و بەرێوەبەرایەتییەکاندا بووە و هەیە. دەزگای سیخۆری روسیا یەکێ لە سیستماتیکترین و  ترسناکترین  رێخستنە ئەمنیەتییەکانی جیهانە کە لە شەری دوهەمی جیهانییدا  رۆڵی گرنگی لە شکستی ئەڵمانیادا هەبووە. 

پێوەندی ئێران و روسیا گەرچی بە رواڵەت پێوەندییەکی ستراتیژییکە بەڵام لە راستییدا هیچ هاوکێشی و باڵانسێکی هاوکاری لە نێوان دوو وڵاتدا بوونی نیە و روسیا لە ژیئۆپۆلیتیکی ئێران وەک سایتێکی رووبەرووبوونەوەی دنیای رۆژئاوا کەڵک وەردەگرێ کە لە ئەدەبی سیاسیدا ‌پێی دەگوترێ کارتی گوشار.

پێوەندی روسیا لە گەل کۆماری ئیسلامی تەنیا بە ئێرانەوە کۆتایی پێنایەت بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت وڵاتانی خاوەن کەمینەی شێعە بە هۆی کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو رۆژهەڵات خوازی(روسیا و چین) راکێشراون.

نموونەی بەڵگە بۆ راستگۆ نەبوونی روسیا سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی، بە دەستەوەدانی سوریا بوو کە سەرئەنجامەکەی بوو بە هۆی نەمانی هەیمەنەی ئێران لە تەواوی ناوچەکەدا. 

گەرچی ئێران دەیهەویست وەکوو روسیا و چین سەبارەت بە رۆژئاوا مانۆری هێز بدات و لە ململانییەکاندا بە هێزەوە دەربکەوێ بەڵام وادیارە پۆتین بە رێکەوتن لە گەل ترەمپ  سەبارەت بە پێدانی ئیمتیاز لە سەر حەسابی ئەو وڵاتە هەم کۆتایی بە شەری دوو وڵات دێنن وهەم کۆماری ئیسلامی کە رۆڵی گرنگی لەو شەرەدا هەبوو بێ دەسکەوت دەگەرێتە دواوە. 

پرسێکی دیکە کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە روسیا دوور کەوێتەوە، پرسی  باشووری قەفقازە کە وەک داوێک پێی کۆماری ئیسلامی لێ گیرە. تورکیا و ئازەربایجان بەرنامەی گۆرانکاری لە سنووری ئێران و ئەرمەنستاندا بە دەستەوەیە کە بێجگە لە سرینەوەی سنووری چل و دوو کیلۆمیتری ئێران و ئەرمەنستان پرسی ورووژاندنی تورکەکانی ئێرانیش لە لایەن ئازەربایجان و تورکیاوە کۆماری ئیسلامی تووشی سەر ئێشە کردووە. هەر کات دەسەڵاتی ئێران بیهەوێ نەرم و نیانییەک سەبارەت بە دانوستانی ئێران و ئەمریکا نیشان بدات ئەوا روسیا ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە یەکدی گرژ ئەکاتەوە و تەنانەت شەرێکی بەرتەسک درووست ئەکات کە لە ئاکامدا کۆماری ئیسلامی مەجبوورە دژی واشینتۆن هەڵوێست بگرێ و دانوسان نەکات.

سەرئەنجامی باس ئەوەیە کە ئەو بارودۆخەی ئیستا لە دوای راوەستانی شەری ئۆکراین و ورووژاندنی پرسی ئەتۆمی بە شێوەی رابردوو نامێنێ و لە راستییدا هەموو باس و گوشارەکان چڕ دەبێتەوە سەر کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی بێجگە لە بەرەی تورکیا و ئازەربایجان لە بەرەی ئیسرایل و غەزەوە بەرپرسیاری یەکەمە و هەڵگیرسانەوەی سەر لە نوێ ئەو شەرە رووبەرووی ئێران دەبێتەوە.

بە کورتی کۆماری ئیسلامی بە پاوانخواز و چاکسازیخوازەوە لانیکەم لەم بارودۆخەدا حەز بە ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان لە گەل رۆژئاوا دەکەن بەڵام بە رێکەوتنی ئێران و رۆژئاوا باڵی بەهێزی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئاوە گەرمەکانی کەنداو ئەچرێت و پێگەی سیاسی ئەو وڵاتە قەتیس ئەبێتەوە بە سیبریا و باکووری ئاسیاوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP