هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەری 2024 دووبارە ژمارەیەک حەقیقەتی مێژوویی پێ ئاشنا کردینەوە کە بەردەوام نەیارانی پارتی بە جۆرێکی تر خوێندنەوەیان بۆ دەکرد، پێش هەڵبژاردن، کوتانی دەهۆڵی شکانی پارتی بەرز و گەرم بوو، زۆرێک خەونیان لێدان بوو لە پێگەی پارتی و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێیان وابوو ئەوکاتەی پارتی شکست دەهێنێت، ئیدی کوردستان بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر ڕەحمی تەسلیم و تەسلیمکاریان.
بەڵام ئەنجامەکان وەها دەرنەچوون، هەموو ئەو تۆمەت و پیلانانەی دژبە بە پارتی هەبوون، لەسەر سندووقەکانی دەنگدان پووچەڵ کرانەوە، چونکە پارتی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی دەنگەکانی، (233,551) هەزار دەنگ زیادی کرد و گەیشتە (812,794) هەزار دەنگ, ئەم ئەنجامە بۆ پارتییەکان پێشبینکراو بۆ دژبەرەکانی شۆکهێنەر بوون.
جیاوازی گووتاری پارتی
ئەوەی دیسانەوە لای بەرانبەرەکانی پارتی مایەی سەرسوڕمان بوو، ڕوئیا و تێگەیشتنی پارتییە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بەشێوەیەک هەر زوو پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر فەرمان و زاری سەرۆک بارزانییەوە ئەوەی خستە ڕوو کە پارتی (ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێک نییە)، لەگەڵ ئەوەشدا لە
ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن چەندین شێوازی نەشیاو و دوور لە ئاداب و نەریتەکانی کۆمەڵگەی کوردی بەرانبەر پارتی تاقیکرانەوە، جیا لە هەموو ئەو فشارە سیاسیانەی دەکرانە سەر دەنگدەران، بەڵام پارتی بەوپەڕی کراوەیی تێگەیشتنەوە داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە لە دەتوانن بەشداری حکوومەت بکەن، ئەم سیاسەتەی پارتی دەرخەری ئەوەیە پارتی لەسەر بنەمای نیشتیمانی بوون و نەتەوەیبوون دامەزراوە و باوەڕی بە پێکەوە کارکردن هەیە و دەرگای گفتوگۆ لەسەر هیچ لایەک داناخات بەڵکو بە دڵێکی فراوان و هەستکردن بە مەسئولیەتێکی گەورە کاردەکات، بەم پێیەش ئەو ڕاستییە بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە کە پەرۆشی و دڵسۆزی پارتی بۆ پێکەوەیی و یەکدەستی ستراتیکی نەگۆڕی پارتییە.
ستراتیژە سەرەکییەکانی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بریتییە لە (یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هێزی پێشمەرگە) ئەم دیدە لە ڕوانگەی سەرۆک بارزانییەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەمیشە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوە دەبینێت، واتا شەرعیەتی یاسایی و دیموکراسی و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتوون دیدگای چەسپاوی پارتییە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.
ئامانجەکانی پارتی بۆ داهاتووی هەرێم
پرۆژەکانی پارتی بۆ پاراستن و پێشخستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پرۆژە و ئامانجی نیشتمانین، کە بریتین لە بنیادنانی ژێرخانی بەهێز و گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و پەروەردە و ڕەخساندنی دەرفەتی کارکردن بۆ گەنجام و ئافرەتان، لەگەڵ ئەوەشدا قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و تەبایی و پێکەوەیی هەموو نەتەوە و ئاینەکان.