دواین هەواڵ

جیاوازی گوتاری پارتی و ئەوانی تر

‌فرسەت سەید شوكر

11/10/2024

پارتی یەکەم پارتی سیاسی کوردستان بوو داوای هەڵبژاردنی کرد، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕۆژی 22ی ئاداری 1991 لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە شاری کۆیە گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، قۆناغی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی کۆتایی هات و پێویستە بەرەو شەرعیەتی یاسایی هەنگاو بنێین، پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و جەماوەری کوردستان و گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

گەرچی لە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ی کوردستان، گوتاری پارتی هەمیشە ئارام و هێمن و لۆژیکیانە بووە، ڕەنگدانەوەی واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستانی و بارودۆخەکە بووە بە گشتیی، بەڵام گە ر بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە نموونە وەربگرین؛ چاک لە جیاوازی گوتاری بەرپرسیارانەی پارتی و نابەرپرسیارانەی ئەوانی تر تێدەگەین، ئەو دروشمانەی پارتی هەڵیگرتوون لەگەڵ سیاسەتی کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵی ئەو حیزبە یەکدەگرێتەوە؛ واتە گەر پارتی باسی ئارامی بکات، ئارامییەکەی کوردستان دەکاتە نموونە کە لە نێو وڵاتانی ناوچەکەدا نموونەیە.

پارتی گەر باسی ئاوەدانی بکات، ئاوەدانی و بوژانەوە و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و کرانەوەی بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانیدا و پەرەسەندنی بوارە بازرگانییەکانباشترین دەلیلن کە پارتی سەرقافڵەی پێشكەوتنی کوردستان بووە لە هەموو سێکتەرەکاندا.

پارتی بە سەربەرزییەوە دەتوانێت باسی خۆڕاگری بکات، چونکە قارەمانێتی و هێزی پۆڵاینی پێشمەرگە ئیرادە بە‌هێزی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو تیرۆریستانی داعشی بە چۆک دا هێنا، ئەوە سەرۆک بارزانی بوو سەرکردایەتی شەڕی دژبە تیرۆرسیتانی کرد و بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، بێ شک شەهیدان و قوربانیانی ئەو دەمە دەرخەری خەبات و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە و پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ناکرێت باز بەسەر چەمکی خۆراگریدا بدەین و داستانە مەزنەکانی پردێ و مەحموودییە و سحێلا لە یاد بکەین، ئەو داستانەی قەوارەی هەرێمی کوردستانی پاراست و شکۆی کوردستانیانی پاراست، داستانێک بۆ یار و نەیاری سەلماند هیچ هێزێکی پڕ چەککراو تەنانەت تانک و زرێپۆش و فڕۆکەش ناتوانن ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەلی کوردستان بشکێنن.

پارتی و ڕەوتی نەتەوەیی

نیشتمانی بوون و نەتەوەییبوون یەکێکە لە ستراتیژە چەسپاوەکانی پارتی، ئەم دوو ستراتیژە بەشێوەیەک ڕەگیان داکوتاوە، کە لە هزر و فکری هەموو تاکێکی کوردستاندا پتەو و چەسپاوە تاکە حزبی سیاسی کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەر ئەو هۆکارەیە پارتی حزبی قبوڵکراو و خۆشەویستی خەڵک و دەنگی زۆرینەی گەلی کوردستانە, ئەم راستییە لای هەموون ئاشكرایە پارتی لە پێناو ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردستان دامەزراوە، هەر پارتیشە نوێنەرایەتی راستەقینەی دۆزی ڕەوای گەل دەکات.

کۆبەند

پارتی حزبێکی خاوەن ڕێباز و بیر و باوەڕ و ستراتیژە، ستراتیژێک کە سەرچاوەی لە رێبازی بارزانییەوە گرتووە و هەمیشە لە گەشەکردندایە، پارتی لە ئارامیدا گەشە دەکات و هەوڵی بەهێزتر کردنی کوردستان دەدات، پارتی حزبی کەمترین بەڵێن و زۆرترین کردارە، هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکیی پێشکەوتنەکانی حکومڕانین لە هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی پارتی و بەهێزی پارتی واتە زامنی سەقامگیری و پاراستنی قەوارەی هەرێم و خۆڕاگری لەبەرانبەر ئاڵنگارییەکان، بەهێزی پارتی واتە دەستی پێکەوەیی و یەک حکوومەتی و یەک پەرلەمانی واتە پووچەڵکردنەوەی هەرچی پیلانی نەزۆکە بۆ لاوازکردنی پێگەی کوردستان، لە لوتکە بوونی پارتی واتا زۆر هەڵدەگرێت کە سەرەکیترینیان بریتین لە:
• شکۆی نەتەوەی کورد.
• پارێزگاری خاکی کوردستان.
• پێشكەوتن و ئاوەدانی.
• نوێنەرایەتیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP