دواین هەواڵ

خۆنەچەماندن لە ڕێبازدا

‌بووبێ ئەسەر

10/04/2024

ڕێباز ئەوە نییە کە تەنها بە قسە بیڵێیت، بەڵکوو مرۆڤ دەبێ خاڵەکانی ڕێباز لە ژیانی خۆیدا ڕەچاو بکات.

فەلسەفە یان ڕێبازەکە ئەوەیە کە بەهۆی دۆزی ڕەوای گەلەکەی، مرۆڤ نابێت کڕنۆش بۆ دوژمن و دژبەرانی خۆی ببات، نابێت بە چاوێکی سووک و نزم سەیری خۆی بکات، واتە نابێ خۆی بچەمێنێت و نابێت سەری نەوی بکات. ئەمەش زۆر بە ڕوونی و بە ئاشکرا لە ڕێبازی پیرۆزدا دەستنیشان کراوە.

ئەم تایبەتمەندیانە لە ژیان و کرداری ئەو کەس و کەسایەتیانەدا دەبینین کە باوەڕیان بە ڕێبازی پیرۆز هەیە. چونکە ڕێبازی نەتەوەیەک، گەلێک، حزبێک و بزوتنەوەکان، دیاری دەکات کە مرۆڤ چۆن دەبێت بەرامبەر دوژمنەکەی بجووڵێتەوە و مامەڵە بکات. ڕێبازی پیرۆزیش ئەم ڕێگایە پیشانی کوردان دەدات.

مرۆڤ لە ڕێبازەکەدا دەبینێت کە هەموو سەرکردە و دامەزرێنەرانی ئەم ڕێبازە پیرۆزە خۆیان و گەلەکەیان فێر دەکەن کە لە بەرامبەر دوژمنەکەیاندا خۆنەچەمێنن واتە سەر نەوی نەکەن و خۆ بەکەم نەزانن. چونکە خۆچەماندن و سەردانەواندن خاڵێکی ڕەشە و مایەی سەرشۆڕیە بۆ ڕێبەر و سەرکردەکان.

بۆیە سەردانەواندن بەو مانایەیە کە چیتر ناتوانیت بە ئاسانی و بوێری لەپێناو ئازادیی گەلەکەتدا بجووڵیتەوە. هەر بۆیە ئەم خاڵەش لە ڕێبازە دەستنیشان کراوە تا نەتەوەی کورد و سەرۆک و سەرکردەکانی کورد فێربن.
تا سەرکردە و تێکۆشەرانی گەلەکەمان بە باشی فێری ئەم خاڵە پیرۆزە نەبن، ناتوانن خەباتی گەلەکەمان لەسەر بنەمای ڕاستی و دیموکراسی بەرەوپێش ببەن. هەر بۆیە نابێت ملکەچبوون و سەردانەواندن لەلای ڕێبەر و سەرکردەکانی گەل هیچ جێگایەکی هەبێت.

ئەگەر بە کراوەتر باسی بکەین و لێی بڕوانین، دەبینین کاتێک کە بارزانیەکان دەستیان بە خەبات بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەیان لە ژێر چنگی داگیرکاریدا کرد، بەر لە هەرشت خۆیان فێری ئەم تایبەتمەندیە کرد و کردیان بە خاڵێکی بنەڕەتیی ڕێبازی پیرۆزیش.

چونکە خۆنەچەماندن و سەرنەوی نەکردن، بەو مانایەیە کە دەبێت چاونەترسانە و ئازایانە  بەرامبەر بە داگیرکەران و دوژمنان و نەیارانی نەتەوەکەت، خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی  گەل و نیشتمانەکەت بکەیت، هەربۆیە بارزانیەکان لە سەرجەم قۆناخەکانی خەباتی خۆیاندا ئەم خاڵەیان ڕەچاو کردووە و ئێستاش هەر لێی بەردەوامن.

کاتێک شێخ محمد باوکی بارزانیی نەمر، ویستی سیستمی ئاغاوەتی لە کوردستان لابدات، هەموو ئاغاکان یەکیان گرت و لەدژی ئەو هەڵوێستیان گرت. تەنانەت بەوەشەوە نەوەستان، هەموو ڕۆژێک درۆ و بوختانیان بۆ شێخ محەممەد هەڵدەبەست و لە دەسەڵاتدارانی عوسمانی دەپاڕانەوە کە بیگرن و لەناوی ببەن.

بەڵام شێخ محمد متمانەی بە بڕیارەکەی هەبوو. هەر بۆیە لەبەرانبەر هەموو ئەو ئاغایانەی کە دوژمنایەتیان لەگەڵدا دەکرد، خۆی نەچەماند. لە بەرانبەر دەوڵەتی عوسمانیدا سەری نەوی نەکرد و ئەم بڕیار و کردارە ئازایانە بە بێ خوێنڕێژی، سیستەمی ئاغاوەتیی لە باشووری کوردستان وەلا برد. بێگومان ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ئازایەتیەکەی بەهۆی ئەو خاڵەی ڕێبازی پیرۆزەوە بەدیهات.

کاتێک سەیری مێژووی بارزانیەکان دەکەین، هیچکات لەهەمبەر داگیرکەرەکاندا خۆیان نەچەماندووە و هەمیشە لەپێناو ئازادی و سەربەستیی  گەلەکەیاندا خەباتیان کردووە و تێکۆشاون. نە زیندانەکانی داگیرکەران و نە ئاغاکان و سیخوڕەکان، نەیانتوانی سەریان پێ نەوی بکەن.

کاتێک دەسەڵاتدارانی عوسمانی، شێخ محەممەدیان گرت و خستیانە زیندانەوە، داوایان لێکرد ئەگەر داوای لێبوردن لە عوسمانییەکان بکات ئازادی دەکەن. بەڵام شێخ محەممەد بە هیچ شێوەیەک ئەمەی قبوڵ نەکرد، لەهەمەبەر عومسانیەکاندا خۆی نەچەماند و لە داخوازەکەی خۆشیدا سەرکەوتوو بوو.

کاتێک حکومەتی عێراق شێخ ئەحمەدی دەستبەسەر کرد و خستیە زیندانەوە، پێیان گوت ئەگەر داوای لێبوردن بکات، ئازادی دەکەن، بەڵام شێخ ئەحمەدیش هاوشێوەی مەرحوومی بابی، ئامادە نەبوو لەهەمبەر ئەواندا سەر نەوی بکات و بەرەنگاریان بوویەوە و لە دەستەبەرکردنی ویستەکەیدا سەرکەوتوو بوو.

داگیرکەرانی عێراق زۆریان حەز دەکرد کە بارزانیی گەورە لەسەر ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە، داوای لێبوردنیان لێبکات، بەڵام نەک هەر بە هیچ شێوەیەک ئەو کارەی نەکرد، بەڵکوو بەتەواوی تواناوە لە خەباتی گەلەکەی دژ بە زوڵم و ستەم و چەوساندنە بەردەوام بوو.

کاتێک بەدواداچوون بۆ مێژووی بارزانیەکان هەر لە عەبدولسەلامی یەکەمەوە تا ئێستا بکەین و لێی فێر بین، دەبینین کە هەرگیز لە هەمبەر داگیرکەران و دوژمنانی گەلەکەیاندا خۆیان نەچەماندووە و سەریان نەوی نەکردووە. بۆیە ئەمە بووە بە خاڵێک لە خاڵەکانی ڕێباز پیرۆز کە ئەوانەی باوەڕیان بەم ڕێبازە هەیە، پێویستە بەم شێوەیە پەروەردە بکرێن. سەیری لە مێژووی بارزانییەکان و بڕوادارانی ئەم ڕێبازە بکەن، دەبینن کە خۆچەماندن و سەردانەواندن و خۆ بەکەمزانین لە ژیانی هەموو بارزانیەکاندا نەبووە و نیە.

دەمەوێت ئەم بابەتە بە نموونەیەک کۆتایی پێبهێنم تاوەکوو بزانین لە ناو بارزانیەکاندا خۆنەچەماندن واتە سەر نەوی نەکردن لە هەمبەر دوژمندا، چۆن شکڵی گرتووە و ڕەچاو دەکرێت.

لە رێکەوتی 8/4/1963دا، شەڕێکی گەورە لە نێوان پێشمەرگە قارەمانەکان و جەیشی عێراق سەریهەڵدا. ئەو شەڕە دەبێتە شەڕی مان و نەمان. بۆیە پێشمەرگە قارەمانەکان بە چەک و چۆڵە کەم و نامۆدێرنەکانیانەوە، شەڕێکی گەورە لە هەمبەر جەیشی وڵاتێکی وەکوو عێراق دەستپێدەکەن کە ئینگلیزەکانیشی لە پشت بوو.

بۆ ئەوەی کە هەموو پێشمەرگەکان و بارزانیی نەمری ڕێبەریان لەناو نەچن و بە شێواز و ڕێبازێک و بە کەمترین خەسار، خۆیان ڕزگار بکەن، پۆلێک لە پێشمەرگەکانی بارزانیی نەمر بە ناوەکانی حوسێن محەممەد مێرگەسۆری، شیتی سەرکاری، سەید تاجەدین سەرکاری و ئەحمەد شێخزادە زێوکی لە سەنگەرێکدا خۆیان پێکەوە گرێ دەدەن و دژی جەیشی عێراق شەڕی مان و نەمان دەکەن. بەو شەڕە دەیانەوێت سەرجەم پێشمەرگەکانی دیکە خۆیان بگەیەننە ناوچە شاخاویە ئاستەمەکان و بۆ ئەوەی هەموویان لە مردن ڕزگاریان ببێت. هەر ئەوەش ڕوو دەدات.

ئەو گیانفیدایانەی کوردستان، شەڕێکی گەورە دەکەن و لە سایەی ئەو شەڕەدا ئەو پێشمەرگە قارەمانانە لە مردن ڕزگاریان دەبێت. بەڵام هەر چوار پاڵەوانەکە گیانیان فیدا دەکەن و شەهید دەبن. ئەمە شێواز و جێبەجێکردنی ڕێبازی پیرۆزە. لەڕاستیدا، ڕێبازەکە ئیمان بە خەڵک دەبەخشێت. ئەو باوەڕە بوو کە لە ئەنجامی شەڕێکی سەد ساڵەدا ئێمەی کوردی کرد بە خاوەن پارچەیەکی ئازاد لە خاکی نیشتمانەکەمان.

ڕێباز ئەوە نییە کە تەنها بە قسە بیڵێیت، بەڵکوو مرۆڤ دەبێ خاڵەکانی ڕێباز لە ژیانی خۆیدا ڕەچاو بکات، هەروەک چۆن لە ژیانی هەموو ڕێبەر و سەرکردەی بارزانیەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانیان ڕەچاو کرا. هەر بۆیە سەر نەوی نەکردن و خۆنەچەماندن، بووەتە یەکێک لە خاڵەکانی ئەم ڕێبازەپیرۆز و بەنرخ و شەرەفمەندە و ئەمەش وایکردووە کە ئەو کەسانەی باوەڕیان بەم ڕێبازە هەبێت، شەرەفمەند و بەنرخن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP