دواین هەواڵ

ئەگەر دەمیرتاش ئازاد نەكرێت سزای توركیا چی دەبێت؟

‌كارزان گلی

17/03/2024

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چۆن سزای توركیا دەدات؟

دووجار دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاریدا سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئازاد بكرێت، بەڵام توركیا بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە، لە كاتێكدا ئەندامی ئەو دادگایەیە و ناچارە بڕیارەكانی دادگا بەبێ مەرج جێبەجێ بكات. ئەگەر توركیا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ نەكات، چۆن سزا دەدرێت؟
توركیا لە ساڵی 1954، بووە ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە مادەی 46 و بڕگەی 4ی ئەو دادگایەدا هاتووە، هەموو ئەو وڵاتانەی ئەندامن، پێویستە ملكەچی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بن، بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن.

توركیا ئەو مادەیەی خستە ناو دەستووری وڵاتەكەی و لە مادەی 90دا جێگری كرد، لەوێدا بەئاشكرا روون كراوەتەوە، كە ئەگەر بڕیارێكی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا ناكۆك بوو لەگەڵ بڕیارێكی دادگای توركیا، پێویستە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا كاری پێبكرێت.

لە مانگی 11ی 2018، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاریدا دەمیرتاش و چالاكوانی سیاسی عوسمان كاڤالا ئازاد بكرێن، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، گوتی ئەو دادگایە ناناسین و بڕیارەكە جێبەجێ ناكەین.

بەگوێرەی شارەزانیان بواری یاسا، ئەوە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و كۆمیتە وەزیرەكانی ئەورووپایە بڕیار دەدەن، كە دەمیرتاش ئازاد بكرێت یان نا، توركیا نییە، چونكە توركیا بۆ خۆی و بەئارەزووی خۆی چووەتە ناو دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و بووتە ئەندام، بۆیە دەبێت چاوەڕێی بڕیاری ئەو دادگایە بكات.

توركیا بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە، بۆیە دۆسیەی دەمیرتاش و كاڤالا، چووە كۆمیتەی وەزیركانی ئەورووپا، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دانیشتنێكی چەند سەعاتییان ئەنجامدا، دووبارە توركیایان ئاگادار كردووە كە دەبێت دەمیرتاش و كاڤالا ئازاد بكرێن. هەروەها لیژنەیەك لەو كۆمیتەیە سەردانی توركیا دەكات و داوا دەكەن، روونكردنەوەیان بدەنێ بۆچی تاوەكوو ئێستا بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ نەكراوە؟

ئەگەر توركیا هەر داكۆكی بكات لەوەی ناچێتە ژێر باری بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەوكات سزاكانی سەر توركیا دەچنە وای جێبەجێ كردنەوە.

هیچ وڵاتێكی تر سزا دراوە؟

نموونە وڵاتی ئازەربێجان لەبەردەستە، كاتێك دژی بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا وەستایەوە، بەهۆی ئەوەی دادگا بڕیاریدا مامادۆڤ، كە كەسایەتییەكی سیاسی بوو ئازاد بكرێت و ئازەربێجان بڕیارەكەی جێبەجێ نەكرد، ئازەربێجان دووچاری سزا بووەوە.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاریدا ئازەربێجان لە ئەندامییەتی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بێبەش بكات، هەروەها لە كۆمیتەی وەزیرەكانی ئەورووپاش دەربكرێت و پاشان چەند سزایەكی تری سیاسیسی بەدوادا دەهات.
بەڵام ئازەربێجان هەستی بەوە كرد، سزایەكان دەبنە پڕاكتیك، بۆیە زوو مامادۆڤی ئازاد كرد، بەمەش سزاكانی لەسەر هەڵگیرا، بەڵام ناچار كرا بەوەی قەرەبووی مادی و مەعنەوی مامادۆڤ بكاتەوە. بۆیە هەمان سیناریۆ چاوەڕێی توركیا دەكات.

ئەردۆغان بۆ خۆی سەردانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا كردووە

لە 2002، ئاكەپە بەگڕوتینەوە چووە ناو هەڵبژاردن و ئەردۆغان داوای لە گەلی توركیا كرد دەنگی پێبدەن تا بەتەنیا بتوانن حكوومەت پێكبهێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سیرت شیعرێكی خوێندبووەوە، دادگای دەستووری توركیا، رێگەی لە ئەردۆغان گرت ببێتە پەرلەمانتار، هەروەها قەدەغەی سیاسەتیشی لەسەر دانا و ویستیان كۆتایی بەژیانی سیاسی بهێنن، تۆمەتی ئەوەی درایە پاڵ، لەو شیعرەدا ویستویەتی دووبەرەكی لەناو توركیا بەرپا بكات.
بەڵام ئەردۆغان، تاكە رێگە و تاكە دەرگا كە لێیدا دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بوو و داوای كرد ئەو دادگایە بڕیار لەبارەی دۆسییەكەی بدات.
ئاكەپە لە هەلبژاردنی 2002 توانی ببێتە پارتی یەكەم و 34%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، دەبوایە 58ەمین حكوومەت پێكبهێنێت و ئەردۆغان ببێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام چونكە قەدەغەی سیاسەتی لەسەر بوو، بۆیە لەشوێنی خۆی عەبدوڵا گویلی كردە سەرۆك وەزیران.

دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاریدا ئەردۆغان قەدەغەی سیاسەتی لەسەر هەڵبگیرێت و توركیا ناچار كرا بڕیارەكە جێبەجێ بكات، بۆیە ئەردۆغان ئامەنەتەكەی لە گویل وەرگرتەوە و لە 2003 بووە سەرۆك وەزیرانی توركیا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP