دواین هەواڵ

مامەڵەکردن لەگەڵ یەدەگی نەوت و گاز

‌به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

15/03/2024

کەمبونەوەی یەدەگی کێڵگە نەوتییەکان، بە تایبەتی تەق تەق و تاوکێ پەیوەندیی بە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە خراپ مامەڵەکردنی کۆمپانیا فرەرەگەزەکان لەگەڵ بیرەکان و نەبوونی چاودێرییەوە هەیە، کە ئەمەش پێویستە لە "گڕیبەستەکان" دا جێگیر بکرێ.

سپرینگەر -Springer وەک کۆمەڵگەیەکی کاریگەری جیهانی بۆ بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان بڵاوکردنەوەی کتێبێکی پەسەند کردوە سەبارەت بە ئەدای سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوەیەکی ئێمە بە قەبارەی (٣٠) لاپەڕە چاپتەرێکی کتێبەکە پێک دەهێنێ بەناونیشانی "هێڵکاری ڕێڕەو: داینامیکی جیۆپۆلەتیکی و واقیعەکانی بازاڕ لە کەرتی وزەی کوردستانی عێراق." لێرەدا ڕووپێوێکی گشتی بۆ بلۆکە نەوتییەکان هەیە بۆ ئەوەی لەواقیعییەتی بازاڕ تێبگەین.

لێرەدا، لێک جیاکردنەوەیەک پێویستە؛ جیاکردنەوەی (سەرچاوە- Resource) لە (یەدەگ – Reserve)، مەبەست لە "سەرچاوە" كانی نەوت و غاز یان خەڵوز بریتی یە لە هەموو ئەو ماددە سەرەتایی و كانزایانەی كە دۆزراونەتەوەو نەدۆزراونەتەوە (سەرچاوەی سەرەتایی زانراو و نەزانراوە لە ژێر زەوی) كە ئەشێت لە ڕووی ئابوریی (بازرگانی-Comercial) ەوە بەكاربخرێت یان نا، بە پێچەوانەوە "یەدەگ" سەرچاوەی زانراوی وزەیە لە هەر كێڵگەیەكدا دوای ئەوەی بە فلتەری ڕێككارە ئەندازەیی و جیۆلۆجیەكاندا تێپەڕیوە. جا بۆ ئەوەی "سەرچاوە" ببێتە "یەدەگ" چوار فاكتەری سەرەكی هەمیشە ئەو ڕۆڵە دیاری دەكات، ئەوانیش لایەنی تەكنیكی، جیۆلۆجی، ئەمنی، وە هەڵگەڕانەوەی نرخ (تقلب الاسعار- Price Volatility) ە.

تێبینیەکی سەیرە، لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانییەوە، بەشێکی سەرەکی ئەو کۆمپانیا گەورەو بە ئەزموونە فرەڕەگەزانەی بواری نەوت لە بنەڕەتدا سەر بە وڵاتانێکن کە خۆیان هیچ یەدەگێکی نەوتی وەهایان نییە و لە دەرەوە کاریان کردوە، خاوەنی تەکنەلۆژیای ئاست بەرز و لێکۆڵینەوەو داهێنانی کاریگەرن؛ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکاوە تا جەمسەری باکور کاردەکەن. بەمدواییە بەشێک لەو وڵاتانە (کە خاوەنی یەدەگی فۆسیلی نیین) توانای تەکنیکی تازەیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی ئەو بڕەی پێی دەوترێ سەرچاوە لە ژێر زەویدا زۆرترینی لێ بکەن بە یەدەگ، ئەمە لە چیک، لە پۆڵەندا و فەڕەنسا کاری لەسەرکراوە تا هەوڵ بەن لە دەرەوەی خۆیان ئەم بیرۆکەیە بە بازرگانیی بکەن. بە پێچەوانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان نموونە زۆرن کە ماوەی دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک کۆمپانیا فشاری زۆر مەترسیداریان لەسەر بیرە نەوتەکان درووستکردوە و بەرەو وێران بوونیان بردوە. یەکێ لەهۆکارەکانی تووڕەیی بەغدا و وەزارەتی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە لە ئابی ٢٠١٤ ەوە بۆ ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کارگرووپ و کۆمپانیاکانی دی (کە هەرێم لێی بەرپرس بوە) زۆر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ پێنج کێڵگەی سەرەکیی نەوتی کەرکوک کردوە.

ئەوەی حکومەتی عێراق جیادەکاتەوە لە هەرێمی کوردستان (لەم پرسەدا) ئەوەیە؛ لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا عێراق هەوڵی داوە یەدەگی سرووشتی زیادتر بکات، بەتایبەت لە گازی سرووشتی دا، هەروەها دوای مۆڵەت پێدان و گەڕانەکان دۆزینەوەی زیاتر ڕابگەیەنێت لە بواری نەوتدا. لەمیانەی ڕاپرسییەکدا، کە ئایا حکومەتی عێراق لە ساڵەکانی ئایندەدا دەتوانێ ئەو تێچوە زۆرە بۆ مووچەو کەرتی گشتی دابین بکات، چوونکە هیچ کاتێک عێراق ئەو قوورساییە زۆرەی لە سەر نەبوە، زۆرینەی فەرمانبەرەکانی سەر بە وەزارەتی نەوت لایانوایە، بەڵێ، چوونکە هیچ کاتێکیش عێراق ئەوەندە نەوتی بەرهەم نەهێناوەو ئەوەندە بوودجە و یەدەگی لە بانکی ناوەندیدا نەبوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP