دواین هەواڵ

خەونی ڕووخانی خود

‌زكری موسا

12/03/2024

زەنگی داڕووخانی هەرێم لێدرا...گورزێكی تر بە هەرێم كەوت.. ئابووریی سەربەخۆ كۆتایی هات... هەرێمی كوردستان لە لێواری كەوتن دایە.. هەرێم هەڵدەوەشێتەوە.. هەرێم نامێنێ.. ئەم مانشێتانە بەشێكن لەو شەڕە ڕاگەیاندن و دەروونیانەی بە لێشاو و بە شێوەیەكی مونەزەم، ڕۆژانە لەدژی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بەڕێوە دەچێت. ڕۆژانە زەین و هۆشی خەڵك بە هەواڵی ساختە و گرژ و بێمانا بۆردومان دەكرێن و یاری بە باری دەروونیی كۆمەڵگە دەکرێت. جێگەی هەڵوەستەكردنیشە ئەم شەڕ و ئەم دەنگە شوومانە لە لایەن دوژمن و داگیركارانەوە نایەت بەڵكو لە گەرووی دامودەزگەی ئیعلامی و سۆشیاڵمیدیای ئەو لایەن و حزبە كوردیانەوە دێت كە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانن و ملیۆنان دۆلاری لێ سەرفكراوە و هەزاران كادیری بۆ تەیار كراوە.

ڕاستیتان دەوێ هیچ یەك لە نەیارە دەرەكییەكانی هەرێم ئەو جورئەتەیان نەبووە ڕێگە بە خۆیان بدەن، باس لە نەهێشتن و لەناوبردن و ڕووخانی هەرێم بكەن. كەچی ئەوانە بە هەناسەیەكی سارد و بە دڵخۆشییەوە ڕۆژانە مەستی خەونی ڕووخانی هەرێمەکەیانن و وەك موژدەیەك دەیڵێنەوە و دەیڵێنەوە. ئەو تەماح و دڵخۆشییە بۆ (ڕووخاندنی خود)ـە، چاوگەكەی تەنیا ڕقلێبوونەوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد یان پارتی نییە، كردەوەیەكی تەندروستی سیاسی و ڕۆژنامەوانیش نییە و لە زانایی و مەعریفە و ڕۆشنگەرییشەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكوو جۆرێکە لە پەرێشانی و دیاردەیەكی سەدلەسەد دژەكولتوورییە كە دەبێ دیراسە بكرێت و هۆكارەكانی بدۆزرێنەوە و چارەسەر بكرێن.

ئایا تینوویەتی بۆ گرتنەدەستی دەستەڵات ئەوە دەهێنێت كە تۆ ئامادە بیت یاری بە هەبوو و نەبوو و خاك و سەرزەمین و مێژوو و ئێستا و ئاییندەی وڵاتت بكەی و چەپڵە بۆ داڕووخان لێ بدەی؟ سرووشتیە خەڵك هەبێت حەزی لە دەستەڵات بێت و هەوڵی بۆ بدات و ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنبوونیش ئسووڵی خۆی هەیە. تەنانەت ڕقڵێبوونەوە و دوژمنبوونیش فۆڕمۆڵ و پڕەنسیپ و ڕێوشوێنی خۆی هەیە. لە هیچ كامێك لەم شێوازانەدا شەیدایی بۆ ڕووخان و هەڵوەشانەوە و كەوتنی وڵات بوونی نییە.

،ئەگەر بەڕاستی خەمخۆری وڵاتن دەبێ باوەڕی پتەویان بە خاك و خەڵك و سەروەریی و هەبوو و نەبووی وڵاتەكەیان هەبێت و هەرگیز ئارەزووی ڕووخان و هەڵوەشانەوە و نەمانی نەکەن..

هەرێمی كوردستان موڵكی تاك تاكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە و دەبێ بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەك بپارێزرێت و بەهێز بكرێت و كەموكوڕییەكانی چارەسەر بكرێن. ئەمە نەخشەڕێگەی دروستی كاركردنە بۆ بەرژەوەندیی وڵات و نەوەكانی داهاتوو. بەڵام دڵخۆشی و شەیدایی بۆ ڕووخان و هەڵوەشانەوە، نە بوێرییە نە زانایی و نە شانازی، بەڵكو سەرلێشێوانێكی موتڵەقە و جێگەی بەزەییە.

سەیری مێژوو بکەن، لە شەرقەوە بگرە هەتا غەربی گۆی زەوی تێکڕای میللەتان لە پڕۆسەی گەیشتن بە ئارامی و ئاشتی و بەرپاکردنی دامەزراوەکان و بەرقەراریی یەکسانی ئاستەنگیان هەبووە. نەیاری سەرسەخت و داگیرکار و دوژمنیان هەبووه، لەگەڵ برسیەتی و جەنگ و پەتا و نەخۆشیدا دەستوپەنجەیان نەرم کردووە. بەڵام خاوەنی ئیرادە و مقاوەمە بوونە و تێکۆشاون و خۆیان بەدەست نەداوە، توانیویانە لەنێو دۆزەخدا بگەن بە ئارامی و پێشکەوتن و سەروەری.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP