دواین هەواڵ

ئەمەوێ لەسەر هەندێ خەڵفە ئۆپۆزسیۆنی، تازە پیاکەوتووی قسەزل، بڕێک دەردەدڵ و شت بنوسم !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

02/03/2024

ئەها ئەوانەی هەریەکەو بەرپرسێکی حیزبی دەسەڵاتدار پشتیوانیان لێدەکات و ناوەندی فیکری و کەلتوریان هەیەو دەکەس کۆئەکەنەوەو نەزەریات ڕیزئەکەن و ناڕەزایەتیەکان هەڵدەمژن و مەترسیەکان لە دەسەڵات دوور دەخەنەوە.
ئەها ئەوانەی کۆنە موحاسیب و مونتەسیب و کۆنە مەجلیس موحافەزەو موبتەلای دەردو مونقیزی حیزب و موفتی دین و موشتەری کورسی و تاهۆی جامڕەش و موجاهیدی سەرقەنەفە بوون.

ئەوانەی هەریەکەو لە حیزبێکەوە هاتوون و ئێستا بانگەشەی گۆڕانکاری جەوهەری دەکەن بە خەباتی تیک تۆک و نزیکترین کەسیشن، لە سەرکردەکانی نەوت و دەسەڵات.

ئەوانەی پێش ئەوەی بچنە دەسەڵات خۆیان گەندەڵترین چینی کۆمەڵگاکەن و مورتاح پاڵیان داوەتەوە بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکەوە.

ئەوانەی لە سێبەری مامۆستایانی ناڕازیدا بەنیازی ئەوەن مووچەی باڵاو ئیمتیازاتی پەڕلەمان دەست بخەن.

ئەوانەی هادی عامیری و خەزعەلی و ڕەیان کەلدانی و ڕەمزە عەسکەریەکانی حەشد پارەیان بۆدەنێرن و خەونی ڕەنگاڵەیان بۆ دروست کردوون.

ئەوانەی بەتەمای ئەوەن جێگرەوەی یەکێتی و پارتی بن و بەس خۆیان بوون بەدەیان باڵ و بەرەی جیاوازو ئاردی بن دڕک.

ئەوانەی کۆن مەندوبی شکستخواردووی عێراق بوون و هیچیان پێنەکراو ئێستا کای کۆن بەبادەکەن و ئەڵێن بۆ مێژوو من وام ووت و #توطين_الرواتب، فکرەی من بوو.

ئەها ئەوانەی لەیەک کاتدا، پارێزەرن و بۆ أتعاب المحاماة ڕائەکەن، مامۆستان و بۆ لای ئاغایان غارئەدەن، ڕۆژنامەنووسن بەس بەشەو، کادری حیزبن بە ئەرزەو ڤێللا، خانەنشینی مەندووبخانەی بەغدادن، بریکارن، هێشتا بەتەمای موچەی بەرزن و داوای چاکسازیش دەکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP