دواین هەواڵ

غاباتەکەی عێراق !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

26/02/2024

غاباتەکەی عێراق، پڕە لە بوونەوەی دروستکراوی نوێ کە داوای ماف و یاساو دادپەروەری دەکەن و لورەو قیڕەیان تەنها بۆ شاخەکانە، لەو غاباتە، دەنگ و تۆن و شێوەی قەپگرتن و پەلاماردان و تەنانەت جیناتی بونەوەرەکانیش گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە مرۆڤی غاباتی و ڕەیعی و لەوەڕگاو مەرعانشین، گۆڕاوە بۆ نەوەیەک لە مرۆڤی شکڵگۆڕاوی گۆشکراو بە بەرخۆری مەترسیدار کە وادەزانن خواردنی گوڵی ژاڵەو سنەوبەر، ڕێگا راستەکەیە.

خۆی لە یاسای غابەو دارستانی حەقیقیدا شێرەکان حوکم دەکەن و هەڵۆکان ئاسایی دەفڕن و مەیمونەکانیش مۆزی خۆیان دەخۆن و هاتوچۆدەکەن، لەوەی عێراق جیناتەکە واگۆڕاوە بەجۆرێک بزنەمژە شێرە، داڵ و قەلەڕەش هەڵۆیە، کەمتیار پڵنگە، مەیموون سەییدە، ڕێوی خەریکی یاساکانی دادگەرییە، دادگای فیدڕاڵی چونکە جیناتەکەی گۆڕاوەو ئیشی خۆی ناکات واهەست دەکات دەربڕینەکانی بێخەوشن وەک ئافرەتە ڕووتە چاوبەستراوە هەڵواسراوەکەی ڕۆمانیە کۆنەکان کەچی وت ئیتر ئەوە ڕاستەکەیە، وادەزانێ غاباتەکە ئارامترین بەهەشتی دونیایەو دادوەری دارستان هەیەو هەنگ شیلەی گوڵەکان دەخواو کاریلە شیری بزنەکان و باڵندەکان بەئاوازی خۆش دەخوێنن، خۆیان لێ بۆتە شێرو پڵنگ و هەڵۆی بەرزەفڕو خەڵکی کوردستانیش مارو کەمتیارو ڕێوی و کوندەپەپوو.

ئەو دادگایە هەرگیز لە سایکس پیکۆو لۆزان و بڕیارەکانی مەحکەمەی سەورەو دیدی فاشیستانەی بەعسیزم بەهێزتر نەبوەو نیە، خۆئەگەر دەست ببات بۆ کەیسە مەترسیدارەکانی ناو غاباتەکەی خۆی بەیەکسانی و وەزیفەی بونەوەرەکان وەک خۆی دیاری بکات ئەوە جێگای دەست خۆشیەو دەزانین کەمتیارو ڕێوی و داڵە کەرخۆرە بۆچی شوێنی شێرو هەڵۆکانیان گرتوە.

ترساندنی هەرێم بەبڕیارەکانی ئەو دادگایە کە تەفسیری قانوونی وردی هەیەو چەسپاندنی مەحاڵە، بۆئەوەیە عێراق یەکڕەنگ بکەنەوەو هەمووی بکەنە ڕەنگ و دەنگی غابەو دارستان و بەیاسای کەمتیارو داڵ و تیمساح حوکم بکەن، ئا ڕێک بەو شێوە ئینتیقائیە، ئەوەی دەیبیستین هەمووی شیعاراتی سیاسی و هەناسەی ئایدۆلۆژین و ماکینەیەکن بۆ هاڕینی ئیرادەی تاکی کوردو دەنگدانەوەی دارستانەکەیە، کە سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەیەوێت جیناتی کوڕەکەی، محەممەد عومێری، پێ بگۆڕێت بۆ شێوەیەک لە شێر کە بگونجێ بۆ پارێزگاری دیالە لەگەڵ ئەوەی تەمەنی ئەم چۆلەکە پاساریە گونجاو نیە وەک هەڵۆ بفڕێ بەڵام ئەوەیە کەمتیارەکە حەزئەکات لە غاباتەکە بێ و بچێ،

بەوەدا دەزانین درۆیان فەرموو کاتێ وتیان شێر پاشای دارستانە، لێرەو لەم غاباتەی عێراق خشۆک و مێروەکان و گەنەو کەمتیارو داڵەکان خۆیان حاکم و پاشان و چەپڵەلێدەریشیان تابێ زۆرتر دەبێ.

مێروەکان دەزانن جوڵاندنی هەندێک پرس و سکاڵا دژی شاخەکان نەیاساییەو نە ئیلتیزاماتی دارایی و سەپاندنی یاساییشی بۆدروست دەبێ بەپێی ڕێکاری ناو دارستانەکە، بەڵام دەرەوەی دارستانەکە شتێکی ترە.

بۆیە خودی حوکمەکان لێدانە لە چەمکی سایکۆلۆژیای کوردبوون و ئیرادە کە نایانەوێ لە غاباتەکە بژین، کوردی ڕاستەقینەی داگیرساو قبوڵی ناکات، کوردی سوتماک و کوژاوەی دەستی نەیارانیش حەزیان بەو غاباتەیە، ترسیان لەو دۆخە سایکۆلۆژیە مەزهەبیە نیە کە بۆیان دروستکراوە، ئێستا ئیتر تەعریب ناکرێن بەڵکو خراپتر لە تەعریب جیناتیشیان دەگۆڕن لە نەهەنگەوە بۆ سۆنەو لە شێرەوە بۆ ڕێوی و لە هەڵۆوە بۆ داڵ، کوردی ڕەسەن خاوەن ڕۆحێکی بەهێزی بەرەنگارییە، بۆ ئەم قۆناغە، بەڵام کوردی بارگاویکراوی سازشکەرو ڕەگەز گۆڕاو کە بەرەنگاریی و شوناسی لەدەستداوە دەبێ بزانێت کەوتۆتە ناو غاباتەکەوە بەتەواویی.

ئەگینا یەک گەڕەکی غاباتەکە، بەقەد هەموو کوردستان یاساشکێنی و گەندەڵی و فەسادی تێدایە، بۆیە بڕیاری دادوەرەکان بڕیاری شێرەکان نین هی مێروەکانن و زیاتر بۆ ترساندنە نەک گرتنەبەری ڕێکاری قانونی و پرسی مووچەدان و گەڕانەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و نەوت کۆنتڕۆڵکردنەوەی فڕۆکەخانەو میناکان و دەریچە بازرگانیەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP