دواین هەواڵ

کەدەوڵەت پیر دەبێت!!

‌غازی حەسەن

02/02/2024

دەوڵەتیش یەکێکە لەپێکهاتەو بوون و ئامرازە کۆمەڵایەتییەکان. لەدایک دەبێت و گەشە دەکات و دووچاری نەخۆشی و قەیران و ڤایرۆسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئەخلاقی دەبێت. دەوڵەت پیر دەبێت و نەخۆش دەکەوێت و ئیفلیج دەبێت، کە دووچاری شێرپەنجەی (دەسەڵات و تاکڕەویی و خۆسەپێنی و دابڕان و لەدەستدانی عەقڵانیەت و مەزهەبگەرایی و ئایدیۆلۆژیای رەتکردنەوەی ئەوانی دیکە لەژێر کاریگەریی وەهمی دوژمن و رکابەرایەتی) دێت، نەخۆشییەکانی لێ پیس دەبێت و چاوەڕوانی شتی باشی لێ ناکرێت.

دەوڵەتیش هەیە لەڕێگەی (بیرکردنەوەی کراوە، هاوبەشیی لەدەسەڵات و بیرکردنەوە لەدەوڵەتی خزمەتگوزار نەک بەکارهێنانی دامەزراوەکانی بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حزبی و ئایدیۆلۆژیی) لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئاشتەوایانەی دەسەڵات و حوکمڕانییەکی پێگەیشتوو، هەروەها تێگەیشتووی پسپۆرو تەکنیکار دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، وزە ببەخشێتە جوومگە جیاوازەکانی و دەسەڵاتە جیاوازەکانی نێو دەوڵەت بپارێزێت، لەهەمان گاڤدا خۆپارێزیی لەجەنگ و داگیرکردن، پاراستنی یەکدەنگی نێوەخۆیی لەڕێگەی گفتوگۆو لێکگەیشتن پەرەپێبدات، نەک بەزۆر سەپاندنی بیروڕای کەمینەی خۆسەپێن و دەسەڵاتی توندوتیژی، ئەم دەوڵەتە دەتوانێت بەگەنجی بمێنێتەوە، کەدەزانێت نەخۆشییەکانی حوکمڕانەکانی دەبێتە مایەی نەخۆشییەکی بکوژ لەنێو دەوڵەتدا.

کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو دەوڵەتێکی پیربوو، هەموو ئەو نیشانەو هێمایانەی لێ بەدیارکەوتووە، کەتووشی دەوڵەتی پیربوو دێت. ئێران لەپێناو پارێزگاریی لەباڵادەستی مەزهەبی شیعە جەنگیان گواستۆتەوە بۆ چەند دەوڵەتێک. ئابووریەکی خراپی هەیەو داهاتی هاووڵاتییەکانی لەئاستێکی نزمدایەو خەڵک تووڕەن. ئێران هێرش و پەلاماری سەربازی بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەکاتە سەر ئەو شوێنانەی دوورو بێلایەنن نموونە هەرێمی کوردستان، لەهەمان کاتیشدا خۆ بێدەنگ کردن و خۆدزینەوە لەوەڵامی ڕاستەوخۆی ئەو دەوڵەت و هێزانە پەیڕەودەکات، کەئەندامە باڵاکانی سوپای پاسداران دەکوژن و بەفڕۆکە هێرش دەکەنە نێو خاکی ئێران و زانای ئەتۆمیان لەنێو جەرگەی وڵات لێ دەکوژن و تەقینەوەی کۆمەڵکوژیان لەنێو ئێراندا دژ ئەنجام دەدەن.. تاد. ئەمانە نیشانەی پیربوونە لە(سیاسەت و ئیدارەدانی جەنگ و قەیران و ململانێکان و بەرگری لەوڵات و بوژاندنەوەی ئابووری و گەشەپێدانی توانای هاووڵاتیان لەدابینکردنی پێویستییەکانی ژیان و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی.

من هەمیشە گوێم لێبووە مەلا دەسەڵاتدارەکانی ئێران بەمێشک و عەقڵێکی ژیرانە لەژێر پێچەکانی سەریان سیاسەت دەکەن. دەسەڵاتدارەکانی ئێران پیربوون، دەوڵەت پیربووە، پێگەو هێزی ئێران لەناوچەکەو ململانێ ناوچەکە بەخێرایی بەرەو پیریی دەچێت، وەکو شێرە پیرەکە هێزە پاشکۆکانی خۆی وەکو راوچییەکی کارامە لەناوچە گڕگرتووەکە بەکاردەهێنێت، بەمردنی راوچییەکان سۆزی زیاتر پەیدادەکات و بەبەدەستهێنانی نێچیریش دەستکەوت پەیدادەکات.

(سەدام حوسین) لەدوای داگیرکردنی کوێت وەکو ئەوەی ڤایرۆسی تووشبوون بەشێرپەنجەی هەڵگرتبێت، وەکو تۆقینەرەی وڵاتەکانی کەندوای عەرەبی هەڵسوکەوتی دەکردو دەرکەوت هەر لەو کاتدا بەرەو پیربوونێکی خێرا چوو. لەکاتی نەخۆشیدا هێندە پیربوو، توانای بیستن و گوێگرتنی ئەوانی دیکەشی نەمابوو، بۆیە نەیدەتوانی ئامۆژگاریی هیچ کەسێک تێبگات، چونکە دەیگووت من ئەوەندە ئەزموونم لەتەمەنی خۆم وەرگرتووە، ناشکێم و پێویستم بەئامۆژگاریی و راوێژی کەسیش نییە. ئەمە وایکرد نەک هەر سیستەم و حوکمڕانییەکەی تووشی پیربوون بکات، نەخێر دەوڵەتەکەو سەرتاپای وڵاتیشی پیر کرد. ئێرانییەکانیش پێدەچێت تووشی هەمان ڤایرۆس و دەرد بووبن.. ڤایرۆسەکان جیاوازن، بەڵام نیشانەکانی پیربوون لەوەدەچێت هەمان شت و وەکو یەک بێت. ئەمانە لەکردەوەدا بەشێوەی یەک گروپ و یەک ئایدیۆلۆژیاو یەک بیروباوەڕ بێ بایەخدان بە (گفتوگۆ و رێزگرتنی جیاوازیی) حوکمی وڵات دەکەن، ئەم شێوازە دەوڵەت بەرەو پیریی و داتەپین و ئیفلیج بوون دەبات.
ئێران هێندە پیر بووە، ددانی خواردنی خۆراکی کوڵاوی نەرمی لەنێوەخۆی نەماوە، کەچی دەیەوێت گۆشتی کێشە پیربووەکان و مێژوویی و چیڕبووەکان لەدەرەوەی ئێران لەعێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن و فەلەستین و پاکستان بەیەک پارووی بێ جووین بخوات.

هەموو دەسەڵاتێک پێویستی بەنوێبوونەوە و چارەسەر و چاکسازیی و پێداچوونەوە هەیە. ئێران (بەغدا و سوریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین و هەندێک ناوچەی دیکەی) کردۆتە گۆپاڵ و دەیەوێت بەم گۆپاڵە خواروخێچە بڕوات. واتە ئەم وڵاتانەی وەکو گۆچان دەوێت، نەک وەکو هێز و ڕیزلێگیراو و خاوەن پێگە و سەروەریی خۆیان. ئەو وەکو دەوڵەتێکی پیربوو دەیەوێت چارەسەری نەخۆشییەکانی لەدەرەوەی سنوورو جەستەی خۆی بکات، لەکاتێکدا ئەو دەردە پیرییەی هەیەتی پەیوەندیی بەنێوەخۆی و نێو جەستەی خۆیەوە هەیە.

ئەمەریکا و ئەلمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ژاپۆن و کەنەدا و ئەوانی هاوشێوەن بەهۆی هەمیشە و بەردەوام پێداچوونەوە بە سیستەم و دامەزراوەکانیان و نوێکردنەوەیان و ئاڵگۆڕی ئاشتەوایی دەسەڵات لەنێوان حزبە سیاسیی و بەرنامە سیاسییە جیاوازەکان و پەرەپێدان و بوژانەوەی ئابووری و باشترکردنی داهاتی هاووڵاتی، بایەخدان بە پەردوەردەی زانستی و خوێندنی باڵا و توێژینەوە و دیپلۆماسیەتی بیناکردن و کرانەوە بەواتای گفتوگۆی نێوەخۆیی و ڕیزگرتنی دەرەکی دەتوانن پارێزگاری لە بەگەنج مانەوەی دەوڵەتەکانیان بکەن. دیارە هۆکاری دیکەش زۆرن، بەڵام هەنووکە خێرا و بەزوویی پیربوونی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵات دەبینین، باشتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەو دەوڵەتانە چۆن پارێزگاریی لە تەمەن و هێز و کاریگەریی خۆیان دەکەن و قەیرانەکان مەترسیدارن. نیشانەی نەخۆشیی پیری ئێران دەرکەوتووە و بەئاشکراش دەبینرێت چۆن ڤایرۆسەکانی خەریکە دەپەڕێتەوە نێو جەستەی وڵاتەکانی ناوچەکە، بۆیە ئەم جۆرە پیربوونە کاتەکانی چارەسەری بەسەرچووە، پێویستی بە گۆڕستانێکە بۆ ئەوەی دوای ناشتنی تەرمی دەوڵەتە نەخۆشەکە ڤایرۆسەکانی لەنێو کۆمەڵگەی سیاسی نەمێنێت. ئێمە دەزانین چەندین ساڵ بەر لەئێستا چاکسازیخوازەکانی ناو ئێران کۆشان چارەسەری هۆکارەکانی پیربوونی دەسەڵات و سیستەمی دەوڵەت بکەن، بەڵام بەهێز ڕێگەیان لێگرتن. هیچ کاتێک بۆ چارەسەری نەخۆشی درەنگ نییە، بەڵام پیربوون دەرمانی نییە.ئەەگر سیستەم و حکوومڕان پیر بێت، دەکرێت بە گۆڕانکاریی و چاکسازیی و گۆڕینی هێزە هێزدارەکان چارەسەر بکرێت، بەڵام کە دەوڵەت بیر دەبێت، چارەسەرکەی جیاوازە. بوونی دەوڵەتی پیری بەهێز و گەورە و خاوەن هێز جێگەی پرسیارە!!.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP